باڵیۆزی رووسیا لە ئەمەریکا لەناکاو کۆچی دوایی کرد

ئەلێکساندەر دارچیێڤ، باڵیۆزی کۆچکردووی رووسیا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا
ئەلێکساندەر دارچیێڤ، باڵیۆزی کۆچکردووی رووسیا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا

وەزارەتی دەرەوەی رووسیا بڵاوی کردەوە، ئەلێکساندەر دارچیێڤ، باڵیۆزی ئەو وڵاتە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لە تەمەنی 66 ساڵیدا و پاش تێپەڕبوونی تەنیا ساڵێک و نیو بەسەر وەرگرتنی پۆستەکەیدا، "بە شێوەیەکی کتوپڕ و لەناکاو" کۆچی دواییکرد.

چوارشەممە 11ـی تشرینی دووەمی 2026، وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە راگەیەندراوێکدا، پرسە و سەرەخۆشیی خۆی دەربڕی و دارچیێڤی بە "دیپلۆماتکارێکی هەڵکەوتوو، سەرکردەیەکی بەئەزموون و هاوکارێکی دڵسۆز" وەسف کرد، بەبێ ئەوەی هیچ زانیاری و وردەکارییەک لەبارەی هۆکاری مردنەکەی ئاشکرا بکات.

ئەلێکساندەر دارچیێڤ، کە بە یەکێک لە شارەزاترین دیپلۆماتکارانی رووسیا لە بواری پەیوەندییەکانی نێوان مۆسکۆ و واشنتن دادەنرا، لە مانگی ئاداری ساڵی 2025 و کەمێک دوای دەستبەکاربوونەوەی دۆناڵد تڕەمپ وەک سەرۆکی ئەمەریکا، وەک باڵیۆزی وڵاتەکەی لە واشنتن دەستبەکاربوو، لە کاتێکدا پەیوەندییەکانی نێوان رووسیا و رۆژئاوا بەهۆی جەنگی ئۆکرانیاوە لە قووڵترین ئاستی گرژیدا بوون.

ئەلێکساندەر دارچیێڤ پێش ئەوەی پۆستی باڵیۆزی رووسیا لە ئەمەریکا وەربگرێت، لە ساڵانی 2014 تا 2021 باڵیۆزی رووسیا بووە لە کەنەدا، دواتریش لە نێوان ساڵانی 2021 تا 2024 پۆستی بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئەمریکای باکووری لە وەزارەتی دەرەوەی رووسیا بەڕێوە بردووە.

هەروەها لە ساڵی 2022 و لە گەرمەی دەستپێکردنی هێرشی سەربازیی وڵاتەکەی بۆ سەر ئۆکرانیا، دارچیێڤ لە لێدوانە دیپلۆماسییەکانیدا بەرگریی لە هێرشەکەی مۆسکۆ کردبوو و وەک "هەنگاوێکی پێویست" ناوزەدی کردبوو.