ئایزنکۆت بۆ ناتانیاهۆ: کاربەڕێکەریت و سەرکێشی سەربازی مەکە
گادی ئایزنکۆت سەرۆکوەزیرانی راسپێدراوی ئیسرائیل و سەرۆکی پارتی "یاشار"، لە نامەیەکی فەرمی و تونددا بۆ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری ئیسرائیل، هۆشداریی دا لەوەی لەم قۆناخە راگوزەرەدا کە متمانەی پەرلەمانی لەدەستداوە، پەنا بۆ هیچ بڕیارێکی سەربازی و ئەمنیی مەترسیدار نەبات.
چوارشەممە 11ـی تشرینی دووەمی 2026، ئایزنکۆت لە نامەیەکدا بە ناتانیاهۆی ڕاگەیاندووە کە ئێستا وەک سەرۆکی حکوومەتێکی ڕاگوزەر و کاربەڕێکەر کار دەکات کە چیتر متمانەی پەرلەمانی (کنێست)ی لەپشت نەماوە و لە کۆی 120 ئەندام، تەنیا 46 پەرلەمانتار پاڵپشتی لە مانەوەی دەکەن.
سەرۆکوەزیرانی راسپێدراوی ئیسرائیل سەرنجی خستووەتە سەر ئەو زانیارییانەی لە چەند هەفتەی رابردوودا بڵاوکراونەتەوە لەبارەی دزەکردنی مەرام و بەرژەوەندیی تایبەتی بۆ نێو بڕیارە هەستیارەکانی پەیوەست بە ئاسایشی ئیسرائیل.
ئایزنکۆت هۆشداری دەدات و دەڵێت: "لە وەها دۆخێکی سیاسیی ئاڵۆز و هەستیاردا کە لەوانەیە وڵاتەکەمان وێنەی نەدیبێت، ئەرکی سەرشانی تۆیە لە وەرگرتنی هەر بڕیارێکی ئەمنی و نیشتمانیدا لەوپەڕی وریایی و بەرپرسیارێتیدا بیت. جووڵاندنی هێزە ئەمنییەکان بەبێ بوونی هەڕەشەیەکی راستەوخۆ، دەستبەجێ و چارەنووسساز، دەکرێت لێکەوتەی وێرانکەری بۆ سەر دیموکراسیی ئیسرائیل و متمانەی هاووڵاتییان بە دامەزراوەکانی دەسەڵات هەبێت."
لە درێژەی نامەکەیدا، ئایزنکۆت داوا لە ناتانیاهۆ دەکات کە دان بەخۆیدا بگرێت و رێگری بکات لە هەر هەنگاوێکی مەترسیدار، و بوار بدات تاوەکو کابینەی نوێ کە متمانەی کنێستی لەپشت دەبێت سوێندی یاسایی دەخوات و بڕیارەکان وەردەگرێت.
ئایزنکۆت داوا لە سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەر دەکات سەرکردە و فەرماندەکانی دەزگا ئەمنییەکان نەخاتە بەردەم کێشمەکێش و دووڕیانێکی سەختی دەستووری و یاسایی لەسەر ئەوەی ئایا بڕیارەکان دەستوورین یان نا، بەڵکوو بهێڵێت بەبێ هیچ گومانێک ئەرکی پیرۆزی خۆیان لە پاراستنی ئاسایشی وڵاتدا جێبەجێ بکەن.