لە دەربەندیخان کچێکی 20 ساڵان 100 دەفتەر دۆلاری خەڵکی بردووە

لە سنووری دەربەندیخان، کەیسێکی گەورەی ساختەکاری و دەستبەسەرداگرتنی پارەی هاووڵاتییان ئاشکرابوو، تێیدا کچێکی گەنج بە بیانووی هاوردەکردنی ئامێری لەیزەر، نزیکەی یەک ملیۆن دۆلاری لە دەیان هاووڵاتی وەرگرتووە و ئێستا لەگەڵ بەشێک لە کەسوکارەکەیدا دەستگیرکراوە.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست پەیامنێری کوردستان24 کەوتوون، تۆمەتبارەکە تەمەنی 20 بۆ 25 ساڵە و دەستپێکی کارەکەی بۆ شەش مانگ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. تۆمەتبار بە بیانووی بازرگانی و هێنانی ئامێری پزیشکیی لەیزەر، بڕە پارەی جیاوازی لە نێوان 5، 10 بۆ 20 دەفتەر دۆلار لە هاووڵاتییان وەرگرتووە، بە جۆرێک کۆی گشتیی پارە کۆکراوەکە گەیشتووەتە نزیکەی 100 دەفتەر دۆلار.

زیانلێکەوتووانی ئەم کەیسە نزیکەی 25 هاووڵاتیی سنووری دەربەندیخان، سلێمانی و خورماڵن. بەشێکیان بەهۆی لەدەستدانی سەرجەم سەرمایەکەیان تووشی مایەپووچبوون و کێشەی قورسی کۆمەڵایەتی بوونەتەوە، هاوکات تا ئێستا 15 کەس لە زیانلێکەوتووان بە فەرمی لە دادگا سکاڵای یاساییان لە دژی تۆمەتبارەکە تۆمار کردووە.

لەسەر فەرمانی دادوەر، تۆمەتبارەکە لەگەڵ 6 بۆ 7 کەس لە ئەندامانی خێزانەکەی، لەوانە دایک، باوک و زاوایان، لەلایەن ئاسایشی گەرمیانەوە دەستگیرکراون.

کەیسەکە تا ئێستا چوار دانیشتنی دادگای بەخۆوە بینیوە. تۆمەتبار لە یەکێک لە دانیشتنەکاندا سەرەتا دانپێدانانی هەبووە، بەڵام دواتر حاشای لە بردن و خواردنی پارەکە کردووە و بانگەشەی ئەوەی کردووە کە هیچ پارەیەکی لەلا نەماوە.

بەگوێرەی بەدواداچوونەکان، چاوەڕوان دەکرێت بەم نزیکانە دۆسیەکە بۆ یەکلاکردنەوە و دەرکردنی بڕیاری کۆتایی لە دەربەندیخانەوە رەوانەی دادگای سلێمانی بکرێت، تا لە رێگەی رێککەوتن و قەرەبووکردنەوە یان سزای یاساییەوە چارەنووسی پارەی هاووڵاتییان و تۆمەتباران دیاری بکرێت.