ئاگادارییەکی گرنگ بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی هەولێر

دیمەنێکی دوای لافاوەکەی هەولێر (وێنە: کوردستان24)
دیمەنێکی دوای لافاوەکەی هەولێر (وێنە: کوردستان24)

بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەران لە هەولێر، داوای لەو هاووڵاتییانە کرد کە لە لافاوەکەی ئەم دواییەدا زیانیان بەرکەوتووە و تاوەکو ئێستا زیانەکانیان خەمڵێنراوە نییە، لە رێگەی دوو هێڵی گەرمەوە پەیوەندی بکەن بۆ تۆمارکردنی زیانەکانیان.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12ـی تشرینی دووەمی 2026، بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە پارێزگای هەولێر ئاگادارییەکی بۆ ئەو هاووڵاتییانە بڵاوکردەوە کە بەهۆی لافاوەکەی ئەم دواییەوە زیانیان بەرکەوتووە و تاوەکو ئێستا خەمڵاندن بۆ زیانەکانیان نەکراوە.

داوا لەو هاووڵاتییانە کراوە کە دەکەونە ئەم چوارچێوانەی خوارەوە، پەیوەندی بە هێڵە گەرمەکانەوە بکەن:

1. ئەو هاووڵاتییانەی تیمەکانی ناوەندی قەیرانەکان سەردانی ماڵەکانیان نەکردوون و خەمڵاندنیان بۆ نەکراوە.

2. ئەو هاووڵاتییانەی لە کاتی سەردانی تیمەکاندا لە ماڵ نەبوون.

3. ئەو هاووڵاتییانەی ئۆتۆمبێلەکانیان زیانی بەرکەوتووە و تاوەکو ئێستا دۆکیومێنتی پێویستیان پێشکەش نەکردووە.

ژمارەکان بۆ پەیوەندیکردن لە ڕێگەی واتسئاپ:

- بۆ زیانی ماڵ: 07516407861

- بۆ زیانی ئۆتۆمبێل: 07512146500

 

شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین لە رۆژی پێنجشەممە، 5ی تشرینی دووەمی 2026ەوە ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتەوە و شەوی شەممە، 7ی تشرینی دووەم گەیشتە لووتکە. بارینی بڕێکی یەکجار زۆری باران لە ماوەیەکی کورتدا بووە هۆی دروستبوونی لافاو لە چەندین گەڕەک و شەقامی شاری هەولێر و ئاستەنگیی زۆری بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان دروست کرد.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، بەهۆی لافاوەکەوە دوو کەس لە شاری هەولێر گیانیان لەدەستدا، کە یەکێکیان مستەفای تەمەن پێنج ساڵان بوو، ئەوەی دیکەشیان گەنجێکی خۆبەخشی تەمەن 25 ساڵ بوو لە کاتی رزگارکردنی خەڵکدا خنکا.