لوتکەیەکی سێقۆڵی لە ئارادایە؛ واشنتن و بەیژینگ باس لە دابڕاندنی چەکی ناوەکی دەکەن

واشنتن و بەیژینگ گفتوگۆ لەسەر ئەگەری خستنەڕووی دۆسیەی دابڕاندنی چەکی ناوەکی بۆ سەر خشتەی کارەکانی لوتکەیەکی سێقۆڵی دەکەن کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو سەرۆکەکانی ئەمەریکا، چین و رووسیا کۆبکاتەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی دەرەی ئەمەریکا، واشنتن و بەیژینگ لێکۆڵینەوە لە ئەگەری خستنەڕووی دۆسیەی دابڕاندنی چەکی ناوەکی دەکەن لە خشتەی کارەکانی لوتکەیەکی سێقۆڵی کە سەرۆکەکانی ئەمەریکا، چین و رووسیا لە هەفتەی داهاتوودا کۆدەکاتەوە.

مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و وانگ یی، هاوتا چینییەکەی، پێش دەستپێکردنی لوتکەی کۆمەڵەی ئابووریی ئاسیا - زەریای هێمن (ئەپیک) کە بڕیارە لە رۆژانی 18 و 19ی تشرینی دووەم لە شاری شینجنی چین بەڕێوەبچێت، پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجام دا، بەگوێرەی ئەوەی هەردوو وڵات رایانگەیاندووە.

بەرپرسانی ئەمریکی، چینی و رووسی پشتڕاستیان کردەوە کە وڵاتەکانیان گفتوگۆ لەسەر ئەگەری سازکردنی کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی دەکەن کە دۆناڵد ترەمپ، شی جینگ پینگ و ڤلادیمێر پووتین لە پەراوێزی لوتکەکەدا کۆبکاتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رۆژی چوارشەممە لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە رایگەیاند، روبیۆ و وانگ "رێککەوتوون لەسەر گرنگی گفتوگۆی مانادار لە ئاستی سەرکردەکاندا بۆ پێشخستنی ئامانجەکانی وەک ئاشتی و دابڕاندنی چەکی ناوەکی، لەوانەش لە هەر کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی سەرکردەکان لەگەڵ رووسیا"روونیشیکردەوە کە پەیوەندییەکە بە داوای فەرمی لەلایەن بەیژینگەوە ئەنجام درابوو.

پێشتر ترەمپ ئارەزووی خۆی بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دابڕاندنی چەکی ناوەکی لەگەڵ شی و پووتین دەربڕیبوو، بەڵام بەیژینگ هێشتا بە فەرمی خستنەڕووی دۆسیەی سنووردارکردنی چەکی ناوەکی لە خشتەی کارەکانی هیچ کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵیدا پشتڕاست نەکردووەتەوە.

پێشتر واشنتن حەزی خۆی بۆ بەشداریپێکردنی چین لە رێککەوتنێک بۆ سنووردارکردنی چەکی ناوەکی دووپاتکردبووەوە، ئەمەش دوای کۆتاییهاتنی کارکردن بە پەیماننامەیەکی دووقۆڵی لەگەڵ مۆسکۆ لە شوباتی رابردوودا.

لە لایەکی دیکەوە وانگ جەختی لە ئامادەیی بەیژینگ کردەوە بۆ "چارەسەرێکی گونجاوی ناکۆکییەکان و دۆسیە هەستیارەکان"، و ئاماژەی بەوە دا کە "سەقامگیریی" پەیوەندییەکانی چین و ئەمەریکا "دوای هەوڵێکی ماندووکەر بەدەستهاتووە".

هەردوو وڵات لە کاتی لوتکەی ئەپیک کە ساڵی رابردوو لە کۆریای باشوور بەڕێوەچوو، گەیشتنە رێککەوتنێک کە گرژییەکانی نێوانیان هێور کردەوە، ئەمەش دوای شەڕێکی بازرگانی کە تێیدا باج و سەرانەی گومرگیی تۆڵەسەندنەوەیان بەسەر یەکتردا سەپاندبوو.

لەلایەکی دیکەشەوە رۆژی یەکشەممە، ترەمپ رایگەیاند کە ئەگەری هەیە هەفتەی داهاتوو لەگەڵ هاوتا رووسی و چینییەکەی کۆببێتەوە بە مەبەستی تاوتوێکردنی کۆتاییهێنان بە شەڕی ئێران.