ترەمپ: ئیتر پێویستیمان بە رێککەوتن لەگەڵ ئێران نییە
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تازەترین پەیامدا جەنگی ئێران و ململانێی لەگەڵ دیموکراتەکان تێکەڵ دەکات و دەڵێت: ئیتر پێویستیان بە رێککەوتن لەگەڵ تاران نییە و ئەمریکا کۆنترۆڵی دارایی ئێران و گەرووی هورمزمان کردووە.
دۆناڵد ترەمپ ئەمڕۆ پێنجشەممە 12ـی تشرینی دووەمی 2026، لە "ترووس سۆشیاڵ" پەیامێکی بڵاوکردەوە، ئاماژەی بە گۆشەگیرکردنی ئێرانداوە لە رووی ئابوورییەوە و نووسیویەتی "ئەو دەرفەتەی هەبوو بەسەر چیتر، ئیتر واشنتن پێویستی بە رێککەوتن لەگەڵ ئێران نییە، چونکە ئیستا هەم گەرووی هورمز و هەم پارە بلۆککراوەکانی ئێرانمان لەبەردەستە، کە سەدان ملیار دۆلار دەبن."
هەروەها لە بارەی دۆخی ناوخۆی ئەمریکاشەوە، ترەمپ رایگەیاندووە، جەی دی ڤانسی جێگریی راسپاردووە، سەرنجی بە تەواوەتی بخاتە سەر ئەو هەڵمەتانەی دیموکراتەکان لە دژی ئیدارەکەی لە سەرتاسەری ئەمریکا بەڕێوەدەبەن و هەڵەمەتی دیموکراتەکانیشی بە تاوان و گەندەڵییەکی بەربڵاو لە ویلایەتەکانی ئەمریکا ناوبردووە.
هەر لە پەیامەکەیدا، ترەمپ ناوی ویلایەتەکانی مینیسۆتا، کالیفۆرنیا و ئیلینۆی هێناوە، کە لە کۆنترۆڵی دیموکراتەکانە و بانگەشەی ئەوەی کردووە کە مانگانە ملیاران دۆلار لەو ولایەتانە دەدزرێت، راشیگەیاندووە، بنەبڕکردنی گەندەڵی لە ویلایەتانە لە هاوسەنگکردنی بودجەی فیدراڵیدا یارمەتیدەر بێت.
پەیامە تازەکەی ترەمپ لە بارەی ئێران و دیموکراتەکان دوای تێپەڕبوونی نزیکەی هەفتەیەک دێت بە سەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی نیوەی خولی کۆنگرێسی ئەمریکا لە ساڵی 2026، کە بە گوێرەی ئەنجامەکان دیموکراتەکان توانیان لە هەردوو ئەنجوومەنی نوێنەران و پیراندا سەرکەوتوو بن و کۆمارییەکان شکست پێبهێنن. هۆکاری شکستی کۆمارییەکانش بۆ هەردوو لایەنی سیاسیی و ئابووری گەڕێندراوەتەوە، لە لایەنە سیاسییەکەی هەڵکوتانە سەر ڤێنێزێوێلا و هەڵگیرسانی جەنگ دژی ئێران؛ هەروەها لایەنە ئابوورییەکەش بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و شتوومەک لە ئەمریکادا و بەرزی رێژەی بێکاری لە وڵاتەکەدا.