یەمەن داوا دەکات حووسییەکان بخرێتە لیستی تیرۆرەوە

یەکێتیی ئەورووپا خۆی بۆ دەستپێشخەرییەکی نوێی ئاسایشی دەریایی لە یەمەن ئامادەدەکات، ئامانج لێی پاڵپشتیکردنی پاسەوانی کەناراوەکانی ئەو وڵاتە و پاراستنی ئازادیی هاتوچۆی دەریاییە، هاوکات حکوومەتی یەمەنیش داوا دەکات حووسییەکان لە لیستی تیرۆری نێودەوڵەتی ناویان تۆمار بکرێت.

پێنجشەممە 12ـی تشرینی دووەمی 2026، یەکێتیی ئەورووپا رایگەیاند، ئامادەیە دەستپێشخەرییەکی نوێ بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی دەریایی و خۆڕاگریی ئابووری لە یەمەن و بەرەنگاربوونەوەی قاچاغی چەک لە گەرووی باب لمەندەب دەستپێدەکات. ئەم هەنگاوە هاوکاتە لەگەڵ داواکارییەکی فەرمیی یەمەن لە وڵاتانی ئەندامی یەکێتییەکە بۆ خستنە لیستی تیرۆری گرووپی حووسییەکان.

دۆبرافکا شویتسا، کۆمیساری یەکێتیی ئەورووپا بۆ کاروباری دەریای ناوەڕاست، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی یەمەن، ئەفراح زوبە لە برۆکسل روونیکردەوە، دەستپێشخەرییەکە پشت بە هەوڵەکانی ئێستای یەکێتییەکە دەبەستێت بۆ پاڵپشتیکردنی پاسەوانی کەناراوەکانی یەمەن و پاراستنی ئازادیی هاتوچۆی دەریایی.

لە بەرامبەردا، وەزیری دەرەوەی یەمەن لە دانیشتنێکی کۆمیتەی سیاسی و ئەمنیی ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەورووپا، داوای لە وڵاتانی ئەندام کرد کار بە داواکاریی پەرلەمانی ئەورووپا بکەن بۆ ناساندنی حووسییەکان وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی. ئەم هەوڵە بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ تۆڕەکانی دابینکردنی دارایی و چەک بۆ ئەو گرووپە دەبێت. هاوکات ئەفراح زوبە هۆشداریی دا لە لێکەوتەکانی پاڵپشتیی سەربازیی ئێران بۆ حووسییەکان.

بەگوێرەی وەزارەتی دەرەوەی یەمەن، ئەفراح زوبە لەگەڵ حاجە لەحەبیب، کۆمیساری بەڕێوەبردنی قەیرانەکان کۆبووەتەوە. لەو کۆبوونەوەیەدا ئاشکرابووە، پاڵپشتیی مرۆیی ئەورووپا بۆ یەمەن لەم ساڵدا گەیشتووەتە 128 ملیۆن دۆلار، کە دەکاتە 110 ملیۆن یۆرۆ. هاوکات وەزیری دەرەوەی یەمەن داوای گەیاندنی بێ ئاستەنگی هاوکارییەکانی کردووە، لەکاتێکدا هۆشداریی یەمەنی هەیە لەبارەی راوەستانی نەخۆشخانەکانی تەعیز بەهۆی گەمارۆ و کەمیی سووتەمەنی.

لای خۆیانەوە، باڵیۆزانی یەکێتیی ئەورووپا سەرکۆنەی پەرەسەندنەکانی حووسییەکان و گەمارۆی سەر تەعیز و هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان و دامەزراوە مەدەنییەکانیان کردەوە. ئەوان جەختیان لە پاڵپشتیی خۆیان بۆ هەردوو ئۆپەراسیۆنە دەریاییەکەی یەکێتییەکە بە ناوەکانی ئاسپیدس و ئەتالانتا کردەوە.