سێنتکۆم: هیچ رادارێکمان لە بەحرەین بە ئامانج نەگیراوە
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا (سێنتکۆم) بە فەرمی ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە کە باس لە پێکانی بنکەیەکی راداریی سوپای وڵاتەکەی لە بەحرەین دەکەن، و رایگەیاند کە هێزەکانیان سەرکەوتووانە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەری سوپای پاسدارانی ئێرانیان خستووەتە خوارەوە.
هەینی 13ـی تشرینی دووەمی 2026، سێنتکۆم لە روونکردنەوەیەکی فەرمیدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" ئاشکرای کرد، ئەو بانگەشەیەی سوپای پاسدارانی ئێران لەبارەی بەئامانجگرتنی "راداری ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی ئەمەریکا" لە بەحرەین راست نییە.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا جەختی کردەوە کە سوپای پاسداران دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراوی ئاراستەی بەحرەین کردبوو، بەڵام هەردوو درۆنەکە لەلایەن هێزەکانی ئەمەریکاوە لە ئاسماندا تێکشکێندراون و رووداوەکە هیچ زیانێکی گیانی و ماددیی لێ نەکەوتووەتەوە.
ئەم روونکردنەوەیەی واشنتن دوای ئەوە هات سوپای پاسدارانی ئێران راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا بانگەشەی ئەوەی کرد کە هێزەکانیان سیستەمێکی راداری ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی ئەمەریکایان لە خاکی بەحرەین پێکاوە، لە کاتێکدا بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە ناوچەی کەنداو لەوەتەی هەڵگیرسانی جەنگ لەگەڵ ئێران لە ماوەی هەشت مانگی رابردوودا بەردەوام لەژێر هەڕەشە و هێرشدان.
هەروەها پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران لە راگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەداوە؛ دوای ئەوەی درۆنێکی جۆری ئێم کیو وەنی دوژمنی ئەمریکی لەلایەن سیستەمی نوێی بەرگرییەوە رێگریی لێکرا، لەناوچەی کوهەستەکی کەناراوەکانی شاری سیرک تێکشکێنراو و خرایە خوارەوە.
پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران جەختدەکاتەوە؛ بۆ ساتێکیش چاوپۆشی لە پاراستنی ئاسمان،زەوی و یەکپارچەیی خاک و بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ناکەین.
هەرچەندە ئاستی جموجۆڵ و پێکدادانە سەربازییەکان لە دوای هەوڵەکانی ئاگربەستی مانگی نیسانەوە بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە، بەڵام هێزەکانی ئەمەریکا و ئێران ناوبەناو گورزی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە پێگەکانی یەکتر دەوەشێنن. لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگیشەوە لە مانگی شوباتی رابردوو، تاران کۆنترۆڵی گەرووی هورمزی کردووە و بەردەوام ئەو کەشتییانە دەکاتە ئامانج کە بەپێی رێنماییەکانی ناڕۆن لەو گەرووە ستراتیجییەی کە پێشتر رێڕەوی گواستنەوەی پێنج یەکی نەوت و گازی شلی جیهان بووە.
لە وەڵامی ئەو هەنگاوانەی تاراندا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە مانگی نیسانەوە گەمارۆیەکی توندی دەریایی خستووەتە سەر بەندەرەکانی ئێران و لە رێگەی کەشتییە جەنگییەکانییەوە یاوەریی تانکەرەکانی نەوت دەکات لە کاتی تێپەڕبوونیان بە نێو گەرووی هورمزدا تاوەکو هێڵی دابینکردنی وزەی جیهانی پارێزراو بێت.