ئەکسیۆس: ناتانیاهۆ بۆ دەستپێکردنەوەی جەنگ فشار لە ترەمپ دەکات
ئەکسیۆس: سەرۆکی مۆساد بۆ تاوتوێکردنی دۆسیەی ئێران گەیشتە واشنتن
سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد)، بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە واشنتنی پایتەختی ئەمەریکا، بە مەبەستی ئەنجامدانی زنجیرەیەک دیداری باڵا لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بە جەنگی ئێران، لە کاتێکدا بنیامین ناتانیاهۆ گوشارەکانی بۆ دەستپێکردنەوەی لێدانی سەربازی بۆ سەر تاران چڕ کردووەتەوە.
هەینی 13ـی تشرینی دووەمی 2026، ئەکسیۆس لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکان ئاشکرای کردووە، رۆمان گۆفمان، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) کە یەکێکە لە کەسایەتییە هەرە نزیک و متمانەپێکراوەکانی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە واشنتن لەگەڵ جۆن راتکلیف، بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی ناوەندیی ئەمەریکا (CIA) کۆدەبێتەوە، هاوکات بڕیارە بەرەو شاری مەیامی گەشت بکات تاوەکو لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی کۆشکی سپی دیدار ئەنجام بدات.
سەردانەکەی سەرۆکی مۆساد لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا تا ئێستا بە هەموو شێوەیەک گوشارەکانی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی بۆ دەستپێکردنەوەی جەنگ رەتکردووەتەوە. ترەمپ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ناتانیاهۆ جەختی کردووەتەوە کە لە بری گورزی سەربازی، لەگەڵ هەڵوێستی وڵاتانی کەنداو، بەتایبەت سعوودیە، قەتەر و ئیمارات هاوڕایە بۆ بەردەوامیدان بە گەمارۆی دەریایی و کەمپەینی گوشاری ئابووری تاوەکو دەرئەنجامی هەوڵە دیپلۆماسییەکان دەردەکەوێت.
سەرۆکی ئەمەریکا لە لێدوانێکدا لەبارەی ئەم پرسەوە رایگەیاندبوو: "دەتوانم دەستبەجێ کۆتایی بە جەنگ بهێنم، بەڵام لەسەر داوای ئەو وڵاتانەی دەیانپارێزین، کارەکان بە شێوازێکی هێمنانەتر و درێژخایەنتر بەڕێوە دەبەین. سعوودیە داوای لێکردووم کەمێک مۆڵەت بدەین بە دۆخەکە، چونکە ئابووریی ئێران لەبەریەکهەڵوەشاوە، هەروەها وڵاتانی قەتەر، کوەیت، ئیمارات و بەحرەین، هەموویان پێیان باشترە چاوەڕێ بکەین."
ئەم هەوڵە دیپلۆماسی و هەواڵگرییانەی بنیامین ناتانیاهۆ کاتێکدایە کە پێگەی سیاسیی ناوبراو لە ناوخۆی ئیسرائیلدا تووشی شڵەژانێکی گەورە بووە، بەتایبەت دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەماندا زۆرینەی لەدەستدا و گادی ئایزنکۆتی رکابەری بە فەرمی راسپێردرا بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت.
سەرکردەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئیسرائیل نیگەرانیی قووڵی خۆیان دەربڕیوە لەوەی ناتانیاهۆ بۆ پەکخستنی هەوڵەکانی ئایزنکۆت و رێگریکردن لە لەدەستدانی دەسەڵاتەکەی، هەوڵی هەڵگیرساندنەوەی جەنگ لەگەڵ تاران بدات یان ئێران هان بدات هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل.
هەرچەندە ناتانیاهۆ رۆژی پێنجشەممە بۆ ماوەی دوو کاتژمێر لەگەڵ ئایزنکۆت کۆبووەوە و زانیاریی لەسەر دۆسیەی ئێران پێدا، بەڵام سەرچاوەکانی نزیک لە ئایزنکۆت جەختیان لەوە کردەوە کە بارودۆخی ئێستا بە هیچ جۆرێک پێویستی بە ئەنجامدانی کردەی بەپەلەی سەربازی لە دژی تاران نییە.