بەڕێوەبەری پۆلیسی پردێ بۆ کوردستان24: دۆخی پردێ ئاسایی بووەتەوە و رێگاکەش کراوەتەوە
بەڕێوەبەری پۆلیسی پردێ بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی راگەیاند، دوای ئەوەی هێزێکی سوپای عێراق بە گومانی هەبوونی جموجۆڵی چەکدارانی داعش هاتنە ناو شارەکە، ئێستا هێزەکە گەڕاوەتەوە و دۆخی پردێ ئاسایی بووەتەوە.
هەینی 13ـی تشرینی دووەمی 2026، عەقید سەمیر شوانی، بەڕێوەبەری بنکەی پۆلیسی شارەدێی پردێ بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی راگەیاند، بە هۆی بوونی گومان لە هەبوونی چەکدارانی داعش و جموجۆڵەکانیان لە ناو شارەدێی پردێ و دەروربەری، هێزێکی سەربازی سوپای عێراق بە سەرپەرشتی راستەوخۆی فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی کەرکووک، هاتوونە ناو شارەکە و بۆ ماوەیەک رێگای سەرەکی نێوان کەرکووک - هەولێریان داخستووە.
لە بارەی دۆخی ئەمنی شارەکە و ئەو هێزە سەربازییەی رەوانەی ناوچەکە کرابوو، بەڕێوەبەری پۆلیسی پردێ رایگەیاند، ئێستا بارودۆخی پردێ ئاسایی بووەتەوە، و هێزەکەش دوای پشکنینی چەند شوێن و ناوچەیەک گومانی هەبوونی چەکدارانی داعشی لێدەکرا گەڕاوەتەوە و لە ناو شارەکەدا نەماون، گوتیشی، بۆ دڵنیایی زیاتر و پاراستنی ئەمنیەتی شار و خەڵکەکەی، لە هەندێک شوێن ئۆتۆمبێلی سەربازیی بە شێوەیەکی کاتی جێگیر کراون تاوەکو بە تەواوی لە ئاسایی بوونەوەی دۆخەکە دڵنیا دەبنەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 13ـی تشرینی دووەم، سۆران کامەران، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، رێگەی هەولێر - کەرکووک داخراوە و هێزێکی سوپای عێراق بە زیاتر لە 10 هەمەری سەربازییەوە بەرەو پردێ بەڕێکەوتووە.
هاوکات رایگەیاند، بەڕێکەوتنی هێزێکی سوپای عێراق بەرەو پردێ بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، گومان لە ئۆتۆمبێلێکی جۆری پیکاپ دەکرێت سێ چەکداری داعشی تێدا بێت و هاووڵاتییانیش بینیویانە و هەواڵیان بە هێزە ئەمنییەکان داوە.
سۆران کامەران زانیاریی زیاتری خستەڕوو و گوتی: فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک خۆی گەیشتووەتە ناو پردێ، ئێستا دەروازەی چوونەژوورەوە بۆ پردێ و دەرچوونیش لە پردێ داخراوە.
رایگەیاند، ئەو سێ چەکدارەی داعش هاووڵاتییان بینیویانە، گومان دەکرێت پشتێنەی بۆمبڕێژکراویان پێ بێت، هەروەها ئێستا هێلیکۆپتەریش بەسەر ناوچەکەدا دەسووڕێتەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، لە ماوەکانی رابردوودا، چەند جارێک لەو سنوورە چەکدارانی داعش چالاکییان ئەنجام داوە و هاووڵاتی کوردیان رفاندووە.