بەشێکی زۆری هاوبەشانی بانکە عێراقییەکان ناتوانن پارەکانیان وەربگرنەوە
بەشداربووانی بانکی تەیفی ئیسلامی لە عێراق ناتوانن ئەو پارەیەی لە بانکەکە دایانناوە، بە تەواوی و دەستبەجێ وەریبگرنەوە.
ئێستا بانکەکە لەژێر سەرپەرشتیی بانکی ناوەندیدایە، هاووڵاتییانیش داوای چارەسەرێکی گونجاو دەکەن. کۆی ئەو پارەیەی لەم بانکەدا راگیراوە بە دەیان ملیار دینار دەخەمڵێنرێت.
دایکی ئەحمەد، یەکێک لە خاوەن پارەکان، زیاتر لە مانگێکە لە نێوان پارێزگاکاندا هاتووچۆ دەکات بۆ راکێشانی پارەکەی، بەڵام بێ سوود بووە. ئەو دەڵێت: "123 ملیۆن دینارم لە بانکەکە هەیە و تا ئێستا تەنیا 500 هەزار دینارم لە بەسرە وەرگرتووە؛ دوای رێکخستنی ناوەکانیش بەهۆی نەبوونی نەختینەوە، پێدانەوەی پارە وەستا."
عەلا ئیسماعیل کێشەیەکی دیکەی هەیە و باس لەوە دەکات: "بڕە پارەیەکم وەک حەواڵە بۆ نێردراوە و نەمتوانیوە رایبکێشم. هەر کاتێک دەچمە بانکەکە و داوای دەکەم، دەستی دەستیم پێ دەکەن."
ئەم رووداوەی بانکی تەیف کاریگەریی لەسەر بانکەکانی دیکە و مووچەخۆرانیش دروست کردووە. پێشتر زۆرێک لە فەرمانبەران بەشێک لە مووچەکانیان لە کارتی بانکیدا دەهێشتەوە، بەڵام ئێستا بەهۆی نەمانی متمانەوە هیچ بڕە پارەیەکی تێدا ناهێڵنەوە.
عەلی موحسن، فەرمانبەری پەروەردە و خاوەن هەژمار لە بانکی تەیف، دەڵێت: "پارەمان لەم بانکە دانا، دواتر چووم لە بەسرە وەریبگرمەوە، بەڵام پێیان راگەیاندین قەیران هەیە." ناوبراو مووچەکەی 300 هەزار دینارە و ئاماژە بەوە دەدات: "ئێستا هەر لەگەڵ هاتنی مووچە، کارتەکەم هەڵدەگرم و دەستبەجێ پارەکە رادەکێشم، چونکە متمانەم بە هیچ بانکێک نەماوە."
خاوەن پارەکان لە بەردەم بانکی تەیفدا بەدوای گەرەنتییەکدا دەگەڕێن بۆ وەرگرتنەوەی پارەکانیان. لە لایەکی دیکەوە، شارەزایانی ئابووری هۆشداری دەدەن لەوەی ئەگەری هەیە لە داهاتوودا هەمان کێشە لە بانکەکانی دیکەش رووبداتەوە.