هەولێر.. هەفتەفیلمی هۆڵە کراوەکان بەڕێوەدەچێت

بە مەبەستی پەرەپێدانی کولتووری سینەما و دروستکردنی دەرفەتی زیاتر بۆ بینینی بەرهەمە سینەماییە جۆراوجۆرەکان، هەفتەفیلمی "هۆڵە کراوەکان"، بڕیارە لە رۆژانی 14 و 15 و 16ی تشرینی دووەمی 2026، بە نمایشکردنی فیلمی کوردی و  ئەڵمانی و عەرەبی، لە سینەمای هەولێر بەڕێوەدەچێت.

شەممە، 14ی تشرینی دووەمی 2026، بارزان یونس، ئەکتەر و سینەماکار بە کوردستان24ی راگەیاند، "ئەم چالاکییە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی هۆڵە کراوەکانە بۆ بەردەوامکردنی چالاکییە سینەماییەکان و ناساندنی جۆرە جیاوازەکانی سینەما بە بینەراندا، هەروەها دەرفەتێکە بۆ ئەوەی خۆشەویستانی سینەما لە رێگەی بینینی فیلمە جیاوازەکانەوە، زیاتر لەگەڵ بابەت و شێوازی جیاوازی گێڕانەوەی سینەمایی ئاشنا ببن."

بارزان سەبارەت بە نمایشکردنی فیلمەکان گوتی، "لە بەشی یەکەمی ئەم چالاکییەدا، ئەمڕۆ شەممە، فیلمی ئەڵمانیی "ئەمروم"، پیشان دەدرێت، کە رووداوەکانی لە ساڵی 1945 و لە کۆتایی شەڕی دووەمی جیهاندا روودەدەن. فیلمەکە چیرۆکی کوڕێکی دوازدە ساڵانە بە ناوی نانینگە، لە دوورگەی ئەمرومدا بۆ دابینکردنی خۆراکی خێزانەکەی دەکۆشێت و لەگەڵ دۆخێکی قورس و ئاڵۆزی ژیاندا رووبەڕوو دەبێتەوە. فیلمەکە بە ئەڵمانییە و ژێرنوسی کوردی هەیە."

ئەو سینەماکارە باسی لەوەش کرد، "رۆژی یەکشەممە، فیلمی "ئەنفا 8"، پیشان دەدرێت، کە بە زمانی کوردییە و ژێرنووسی ئینگلیزی هەیە. چیرۆکی فیلمەکە لە ساڵی 2026دا روودەدات، لە شارێک کە دانیشتووانەکەی 33 ساڵە خۆریان نەبینیوە؛ لەو شارەدا راوچییەک بەدوای گرووپێکدا دەگەڕێت هەوڵ دەدەن خۆر بدۆزنەوە."

سەبارەت بە فیلمی سێیەمی چالاکییەکە، بارزان یونس دەڵێت، "هەروەها لە رۆژی دووشەممە، فیلمی عێراقی "کێکی سەرۆک"،  پیشان دەدرێت. فیلمەکە چیرۆکی کچێکی نۆ ساڵانە لە عێراقی سەردەمی سەدام دەگێڕێتەوە، کە ناچار دەکرێت بۆ رۆژی لەدایکبوونی سەرۆک کێکێک ئامادە بکات، لەبەرامبەردا ئەگەر ئەو ئەرکە جێبەجێ نەکات، سزا دەدرێت. کچەکە لەگەڵ هەوڵەکانی بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی کێکەکەدا، بە کۆمەڵێک دۆخی ناخۆش و مەترسیداردا تێدەپەڕێت. فیلمەکە بە عەرەبییە و ژێرنوسی ئینگلیزی هەیە."

بارزان باس لە گرنگیی ئەو جۆرە چالاکییە سینەماییانە دەکات و دەڵێت، "گرنگیی ئەم جۆرە چالاکییە سینەماییانە لەوەدایە کە دەرفەت بۆ بینەران دەڕەخسێنن تا لە رێگەی سینەماوە ئاشنا بە کولتوور و ئەزموونی ژیانی گەلانی جیاواز ببن، هەروەها فیلم  وەک ئامرازێکی هونەری بۆ گێڕانەوەی چیرۆکە مرۆیی، کۆمەڵایەتی و مێژووییەکان بناسن. بەردەوامبوونی ئەم چالاکییانە دەتوانێت یارمەتیی پەرەپێدانی کولتووری سینەما، زیادکردنی سەرنجی کۆمەڵگە بۆ هونەری حەوتەم و دروستکردنی پەیوەندییەکی زیاتر لەنێوان بەرهەمهێنەرانی فیلم و بینەراندا بدات."