ترەمپ مەرجی هێرشنەکردنە سەر ئێران ئاشکرادەکات

ئاژانسی رۆیتەرز، لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە ئاشکرایکرد، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، بڕیاریداوە لە کاتێکدا هێرش بکاتەوە سەر ئێران، ئەگەر هاتوو دەستپێشخەریی تاران بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی واشنتن رووبدات، هاوکات ئەگەر حووسییەکانیش هەمان هەنگاو بنێن، ئەو کات ئەمریکا هێرشەکانی دەستپێدەکاتەوە.

شەممە 14ـی تشرینی دووەمی 2026، ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری سێ سەرچاوەی ئاگادار بەهۆی هەستیاریی بابەتەکەوە نەیانویست ناویان ئاشکرابکرێت بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە چەند رۆژی رابردوودا بە راوێژکارە باڵاکانی خۆی راگەیاندووە، ئەگەر ئەمریکا رووبەڕووی هیچ وروژاندن و پەلامارێکی نوێی تاران یان حووسییە هاوپەیمانەکانیان لە یەمەن نەبێتەوە، رەنگە هێرش نەکاتە سەر ئێران.

بەرپرسانی ئێستا و پێشووی ئەمریکا روونیانکردەوە، وا دیارە ترەمپ تا ئێستا بڕیاری کۆتایی لەبارەی چۆنیەتیی کۆتاییهێنان بەو جەنگە نەداوە، ئەمەش لە کاتێکدایە لە ناوخۆی وڵاتەکەشی رووبەڕووی ئاستەنگی سیاسی بووەتەوە، چونکە ئەو جەنگە درێژخایەنەی لە شوباتی رابردووەوە دەستیپێکردووە، تا ئێستا ئاسۆیەکی روون بۆ کۆتایی هاتنی دیار نییە، جگە لەوەش زیانی ئابووری و سەربازیی بە واشنتن گەیاندووە. 

رۆیتەرز رایگەیاند، ترەمپ لە کۆبوونەوە لەگەڵ راوێژکارانی ئاسایشی نیشتمانی و پاش وەرگرتنی زنجیرەیەک زانیاریی هەواڵگری گوتوویەتی، بیر لەوە دەکاتەوە هێرش نەکات. ئەمەش بەپێی گوتەی ئەو سەرچاوانە زانیارییەکانیان بە ئاژانسەکە راگەیاندووە.

هاوکات بەرپرسێکی کۆشکی سپی رایگەیاندووە: "دۆناڵد ترەمپ وەک فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، تاکە کەسە بڕیار بەدەستە و کۆنترۆڵی هەموو شتێکی بەدەستە و هەمیشە دڵنیایی دەدات لەوەی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا پارێزراو بن."

ئەو بەرپرسە ئەوەشی خستەڕوو، ئەمریکا بەهۆی کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز و داڕمانی ئابووریی ئێران، لە پێگەیەکی زۆر بەهێزدایە. بە گوتەی ئەو بەرپرسە تەنیا ترەمپ دەزانێت چی دەکات و کەی دەیکات.

پێشتر و چەندان جار، ترەمپ هاوسۆزیی خۆی بۆ هاوپەیمانەکانی ناوچەکە دەربڕیوە کە داوایان لێکردووە نەگەڕێتەوە سەر جەنگێکی بەرفراوان.

هەروەها بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی ئاشکرایکردووە، ترەمپ لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی دوو هەفتەی رابردوودا، رای محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیە و رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا وەرگرتووە، ئەوان داوایان لێکردووە هێرشەکانی سەر ئێران دەستپێ نەکاتەوە.

پێنجشەممەی رابردوو ترەمپ گوتی: "دەتوانم دەستبەجێ کۆتایی بەو بابەتە بهێنم، بەڵام بە داواکاریی ئەو وڵاتانەی هەوڵی پاراستنیان دەدەم، ئێمە بە شێوازێکی کەمێک درێژخایەنتر و شارستانییانەتر کارەکە دەکەین."