هەرێمی کوردستان؛ گۆڕانکاری لە نرخی کرێی تەکسیدا دەکرێت

لە هەرێمی کوردستان نرخی کرێی تەکسی ناجێگیرە و پێوەرێکی ئەوتۆ بۆ دیاریکردنی لەئارادا نییە، ئەوەش بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی هەر شۆفێری تەکسییەک بە خواستی خۆی نرخ بۆ کرێی گواستنەوە هەژمار بکات، بە پێی بەدوادچوونەکانی کوردستان24 لە داهاتوویەکی نزیکدا سیستەمی تەکسی میتەر جێبەجێ دەکرێت و بەو هۆیەوە گۆڕانکاری لە نرخەکاندا روودەدات.

بەرنامەی "یەکەم نرخ" یەکێکە لە بەرنامە نوێیەکانی کوردستان24 بەڵێن میکە ئامادە و پێشکەشی دەکات، لە بەرنامەکەدا بەدواداچوونی بۆ ئەم پرسە کردووە.

بە پێی داتا نافەرمییەکان لە 15 ساڵی رابردوودا کرێی تاکسی بۆ نزیکەی هێندە و نیوێک بەرزبووەتەوە.

دەگوترێت هەر شۆفێری تاکسییەک بە خواستی خۆی نرخ دیاری دەکات، بەبێ ئەوەی چاودێرییەکی ئەوتۆی لەسەر بێت. زۆر جار هاووڵاتییان گلەیی ئەوە دەکەن لە دیاریکردنی نرخەکاندا رەچاوی دۆخی ئابووریی و تێچووی ژیان و داهاتی هاووڵاتییان نەکراوە.

یەکێک لەو هاووڵاتییانەی لە بەرنامەی یەکەم نرخدا قسەی بۆ بەڵین میکە کردووە، دەڵێت: رۆژانە پێویستم بە تەکسییە، هەر رۆژە و بە نرخێک دەمگەیەنن لە کاتێکدا کە شوێنەکەم هەمان شوێنە.

لە بەرامبەردا شۆفێرانی تاکسیش بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و تێچووی خزمەتگوزارییەکانی ئۆتۆمبێل و چەندین بابەتی دیکە دەستنیشان دەکەن کە بوونەتە هۆکار بۆ زیادبوونی کرێی تاکسی.

بەڵین میکە لە بەرنامەی یەکەم نرخدا، گفتوگۆی لەگەڵ دوو شۆفێری تاکسی کردووە ئەوان ئاماژە بەوە دەکەن کە تێچووی ژیان بە خواردن و پێداویستییە گشتییەکان و تەنانەت پێداویستییەکانی ئۆتۆمبێلیشەوە گران بوون، بۆیە ئەوانیش ناچار بوون نرخەکان بەرز بکەنەوە.

لە بەرنامەکەدا جەمیل کەمال، بەڕێوەبەری گشتیی گواستنەوەی سلێمانی قسەی کردووە و دەڵێت: چەند ساڵێکە کار لەسەر ئەوە دەکەن ئەو کەرتە رێکبخەنەوە ئەوەش لە رێگەی دانانی سیستەمی تەکسی میتەر کە دەبێتە بژمێرێکی دادپەروەرانە بۆ هەژمارکردنی کرێی تەکسی بە شێوازێکی پێشکەوتوو.

بەڵێن میکە پرسیار لە بەڕێوەبەرەکە دەکات کە ئایا جێبەجێکردنی سیستمەکە نرخی کرێی تاکسی هەرزان دەکات یان گران، جەمیل کەمال لە وەڵامدا دەڵێت: دەکرێت هەردوو حاڵەتەکەی تێدا بێت، نرخی هەندێک شوێن گران بکات و هی هەندێک شوێن هەرزان بکات، بەڵام گرنگییەکەی ئەوەیە پێوەرەکە روونە کە لەسەر بنەمای کیلۆمەتر و کاتژمێرە.

لە بەرنامەکەدا بەراورد لە نێوان وڵاتانی پێشکەوتوودا کراوە، ئەمریکا یەکێکە لەو وڵاتانە، لە ئەمریکا دوو پێوەری سەرەکی هەن بۆ دیاریکردنی کرێی تاکسی ئەوانیش کیلۆمەتر و کاتژمێر، واتە هەم مەودای دووری شوێنەکە و هەم ئەو کاتەی بۆ گەیشتن بەو شوێنە پێویستە دەبنە پێوەر.

نرخی سەرەتا لەگەڵ گەیشتنی تاکسییەکە بۆ لای هاووڵاتییەکە دەستپێدەکات و راستەوخۆ پێنج دۆلار هەژمار دەکرێت. پاشان بۆ هەر کیلۆمەترێک نزیکەی دوو دۆلار و نیو هەژمار دەکرێت، خۆ ئەگەر قەرەباڵخیی رێگە دروستبوو و تاسکییەکە کەوتە ترافیکێکی زۆرەوە ئەوا بە پێی قەبارەی قەرەباڵخییەکە پارە هەژمار دەکرێت کە زۆر جار نزیکەی دۆلارێکە بۆ هەر خولەکێک مانەوە لە قەرەباڵخیدا.