حزبوڵڵای عێراق تۆمەتەکانی بەقاچاخبردنی نەوت لە جورفوسەخر رەت دەکاتەوە

"دەستبەرداری چەکەکانمان نابین"

کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراق، سەرۆکی حکوومەتی عێراقی بە پێشێلکردنی بەڵێنەکانی لە بارەی رێککەوتنی سەروەری و دانوستانەکانی رێکخستنی چەک تۆمەتبار کرد و، دووپاتی کردەوە کە بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری چەکەکانیان و دۆسیەی جورفوسەخر نابن.

یەکشەممە، 15ـی تشرینی دووەمی 2026، کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراق، لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند: وێڕای چوونی حزبوڵڵای عێراق بۆ نێو دانوستانەکانی رێکخستنی چەک و واژۆکردنی رێککەوتنی سەروەری لەگەڵ ئەندامانی چوارچێوەی هەماهەنگی و حکوومەتدا، بەڵام سەرۆکی حکوومەت بەڵێنەکەی شکاندووە و نووسینگەکەی لە رێگەی کەناڵە ئیماراتی، سعوودی، هەندێک لە کەناڵە ناوخۆییەکان و ئەو دەنگە بەکرێگیراوانەی بەدوایاندا کەوتوون راپۆرتی هەڵبەستراوی بڵاو کردووەتەوە.

 بە پێی راگەیەنراوەکە، بەو هۆیەوە رووبەڕووی گەورەترین پرۆسەی فشار بوونەتەوە بۆ دەستبەرداربوون لەوەی ئەوان بە چەکی شکۆمەندی ناوی دەبەن.

حزبوڵڵای عێراق جەختی کردووەتەوە، هەردوو دۆسیەی ناحیەی جورفوسەخر و چەکی مقاوەمە دەبێت لە دەرەوەی ململانێی سیاسیدا بن و بە هیچ شێوەیەک لەم پرەنسیپە پاشگەز نابنەوە، هەرچەندە فشارەکانی ئیمارات، سعوودیە و ئەمریکا لە رێگەی حکوومەتەکەی زەیدییەوە زۆر بن، کە بە گوتەی ئەوان "ناشیرینترین شێوازی ستەمکارانە و بیانوو" بەکار دەهێنێت بۆ تاوانبارکردنیان لە دۆسیەی دروستکراودا کە لە بەردەم راستیی سەر زەویدا خۆیان ناگرن.

سەبارەت بە ئەنجامی بەدواداچوونە مەیدانییەکان، کەتیبەکانی حزبوڵڵا ئاماژەی بەوە داوە، ئەو لیژنە هونەرییە پیشەییەی چووەتە ناو ناحیەکە بۆ دڵنیابوونەوە لە راستیی تۆمەتەکان، "هیچ زێدەڕۆییەکی لەسەر ئەو بۆرییانەی نەوت نەدۆزیوەتەوە کە بە ناوچەکەدا تێدەپەڕن" و، بە بڕوای ئەوان ئەوە بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە ناڕاستبوونی بانگەشەکانی بەقاچاخبردن دەسەلمێنێت.

لە راگەیەندراوەکەدا ڕوون کراوەتەوە، هەموو ئەوەی بە وێنە و پشکنینی مەیدانی تۆمار کراوە، بریتییە لە خەزانی سووتەمەنی و کارگەیەکی سادەی باشترکردنی کوالێتی کە بە سەدانی هاوشێوەی لە عێراقدا هەن و، بۆ دابینکردنی سووتەمەنییە بۆ ئۆتۆمبێلە سەربازییەکان، ئامێرە قورسەکان، مۆلیدەکان و ئامێرە جەنگییەکان، بە مەبەستی پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەی لە کاتی قەیرانەکان یان کەمبوونی ئەو سووتەمەنییەدا دروست دەبێت کە لە حەشدی شەعبی وەردەگیرێت بۆ کەرتێکی سەربازیی هەستیار کە لە باکووری بابلەوە تا قائیم لەسەر سنووری عێراق و سووریا درێژ دەبێتەوە.

کەتیبەکانی حزبوڵڵا، رەخنەی لە هەندێک لە میدیاکانیش گرتووە کە بە گوتەی خۆیان وێنەی هەڵبەستراوی حەوزێکی سووتەمەنییان بڵاو کردووەتەوە و بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە لە لایەن لیژنەکەوە دەرچووە؛ دووپاتی کردووەتەوە کە بوونی خەزانەکانی کارگەکە نهێنی نەبووە و لە لیژنەکە نەشاردراوەتەوە، بەڵکو ئاشکرا بوون و نزیک بوون لە رێگەی زیارەتکاران و دەزگا ئەمنییەکانەوە و، زیاتر لە پێنج هەزار مەتر لە هێڵی بۆریی نەوتی ناو شارەکەوە دوورن.

حزبوڵڵای عێراق هیوای خواستووە دەسەڵاتی دادوەریی عێراق دادپەروەری بۆ ئەو کەسانە بگێڕێتەوە کە بەهۆی ئەوەی راپۆرتی لیژنەکە تۆمەتەکانی رەت کردووەتەوە و لەگەڵ مەیلی هەندێک لایەندا نەگونجاوە، سزا دراون؛ هاوکات داواکاریی خۆی نوێ کردووەتەوە بۆ کردنەوەی لێکۆڵینەوەیەکی جیددی لە دۆسیەکانی گەندەڵیی خواردنی سەربازان، ماددەکانی پسوولەی خۆراک و گرێبەستی هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای ئەدنۆک.

رۆژی هەینی 13ـی تشرینی دووەمی 2026، بە گوێرەی نووسراوی فەرمیی ژمارە (2/ 98) کە لە رێکەوتی 12ـی تشرینی دووەمی 2026 بە واژۆی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان دەرچووبوو، بڕیار درا بە پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی باڵا بە سەرۆکایەتیی بەڕێوەبەری گشتیی ئینزیبات و ئاسایشی حەشدی شەعبی، بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە زانیارییەکانی بەقاچاخبردنی بەرهەمە نەوتییەکان لە سنووری ناوچەی "جورفوسەخر".

ئەمەش دوای ئەوە دێت کە راپۆرتێکی هەواڵگریی مەترسیدار لە لایەن "ئاژانسی هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵی" لە 14 لاپەڕەدا ئاراستەی پەرلەمانی عێراق کرا. لە راپۆرتەکەدا ئاشکرا کرابوو کە قاچاخچێتیی نەوت گۆڕاوە بۆ تۆڕێکی رێکخراو و ئاڵۆزی گۆڕینی سەرچاوەی بەرهەمە نەوتییەکان تاوەکو لە دەرەوەی سیستەمی فەرمیی دەوڵەت بەرەو ئێران و لەوێشەوە بۆ ئەفغانستان ساغ بکرێنەوە.