بێسێنت: تاوەکو ئاداری 2027 تمەنی ئێرانی بەڕێژەی 25% دادەڕمێت

وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، سەرکردەکانی ئێران خۆیان لە ژێرزەمینەکان شاردووەتەوە و ئاگایان لە داڕمانی ئابووری و دابەزینی 25%ـی بەهای تمەن نییە؛ هاوکات کۆمپانیای ئێنڤیدیای بە پێشێلکردنی سزاکان و بەقاچاخبردنی چیپە پێشکەوتووەکان بۆ چین تۆمەتبار کرد و داوای گۆڕینی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکەی کرد.

یەکشەممە 15ـی تشرینی دووەمی 2026، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە بەرنامەی "سەندەی مۆرنینگ فیوچەرز" کەناڵی فۆکس نیوز رایگەیاند، زۆربەی سەرکردەکانی ئێران خۆیان لە ژیرزەمین و پەناگەکان شاردووەتەوە، ئاگایان لێ نییە لەسەر زەوی دۆخی وڵاتەکە چەند خراپە.

ئاشکرایکرد، لە مانگی ئاداری 2026ەوە تاوەکو ئاداری 2027 تمەنی ئێرانی بەڕێژەی لەسەدا 25 دادەڕمێت، ئەوەش خێراترین داڕمانە لە مێژوودا.

بێسێنت دەڵێت، ئێران بە تەواوی پەراوێزخراوە، هێڵە ئاسمانییەکانیان کەرەنتینە کراون، سەرکردەکانی ئێران ناتوانن بچنە لەندەن بۆ بینینی خێزانەکانیان، ناتوانن بچنە پاریس تاوەکو هاوڕێ کچەکانیان ببینن، تەنانەت بۆ بینینی پارەکانیشیان ناتوانن بچنە جنێڤ.

وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا ئاشکرای کرد، ئامارە داراییەکانی ئێنڤیدیا دەریانخستووە لە کاتێکدا فرۆشی چیپەکانیان لە نێوخۆی چین بەهۆی سزاکانی واشنتنەوە بە توندی دابەزیبوو، بەڵام هاوکات فرۆشی کۆمپانیاکە لە سەنگاپوور بە شێوەیەکی خەیاڵی بەرز ببووەوە. بێسێنت گوتی، بە گوێرەی راپۆرتە هەواڵگری و ئابوورییەکان، تەنیا 1%ی ئەو چیپانەی بە سەنگاپوور فرۆشرابوون لەو وڵاتە مابوونەوە و 99%ی چیپە پێشکەوتووەکانی جۆری (H200) لە رێگەی کۆمپانیا وەهمییەکانەوە (Shell companies) بە قاچاخ گەیەندراونەتە چین.

بێسێنت ئاماژەی بەوە کرد، هەرچەندە جێنسن هوانگ داهێنەرێکی گەورەیە و ئێنڤیدیا کۆمپانیایەکی گرنگە، بەڵام ئەوە نابێتە پاساو بۆ ئەوەی پابەندی یاساکانی کۆنترۆڵکردنی هەناردەی ئەمەریکا نەبن. وەزیری گەنجینە گوتی، پێویستە دەستەی کارگێڕیی ئێنڤیدیا کەسێکی نوێ لە دەرەوەی کۆمپانیاکە وەک بەڕێوەبەری جێبەجێکار هەڵبژێرێت تاوەکو گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە کولتووری سەرپێچیکردنی یاساکاندا بکات، و جەختیشی کردەوە ئەگەر ئێنڤیدیا بانکێک بووایە و ئەم سەرپێچییە گەورانەی بکردایە، دامەزراوە چاودێرییە فیدراڵییەکان دەستبەجێ دەستیان بەسەردا دەگرت و سەرجەم بەرپرسەکانیان لەسەر کار لادەبرد.