نەبیل مەرسوومی بە داتای سەرژمێری رێژەی پشکی هەرێم لە بودجەدا دەخاتەڕوو

"بەپێی سەرژمێری پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا 14.14%ـە نەک 12.7%"

نەبیل مەرسوومی، ئابووریناسی ناسراوی عێراقی
نەبیل مەرسوومی، ئابووریناسی ناسراوی عێراقی

ئابووریناسێکی ناسراوی عێراقی، بە پشتبەستن بە ئەنجامەکانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی ساڵی 2024 دووپاتی کردەوە، کە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا 14.14%ـە نەک 12.7%.

یەکشەممە، 15ـی تشرینی دووەمی 2026، نەبیل مەرسوومی، ئابووریناسی ناسراوی عێراقی، لە بڵاوکراوەیەکدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک، تیشکی خستە سەر پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا و بە پشتبەستن بە داتای سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان دووپاتی کردەوە کە پشکەکە 14.14%ـە نەک 12.7%

مەرسوومی بڵاوکراوەکەی بە پرسیارێک دەست پێکردووە: پشکی هەرێم لە بودجەدا 12.7%ـە یان 14.14%؟، پاشان بە گوێرەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی ساڵی 2024 ئامارەکانی خستووەتە روو و نووسیویەتی: ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان 6.370 ملیۆن کەسە، لە کاتێکدا ژمارەی دانیشتووانی عێراق 46.118 ملیۆن کەسە.

ئەو ئابووریناسە عێراقییە ئاماژەی بەوە کردووە، ئابووری ژمارە و شیکارییە، نەک قسەوباس و چیرۆک.

سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە رۆژانی 20 و 21ـی تشرینی دووەمی 2024 ئەنجام درا، کە بە پێی ئەنجامە کۆتاییەکان کۆی گشتیی دانیشتووانی عێراق گەیشتووەتە 46 ملیۆن و 118 هەزار و 793 کەس.

هەروەها ژمارەی دانیشتووانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 6 ملیۆن و 370 هەزار کەس، کە دەکاتە  14.14%ـی تێکڕای ژمارەی دانیشتووانی عێراق.