کرێی خانوو لە باکووری کوردستان و تورکیا گەیشتووەتە بەرزترین ئاست
بەگوێرەی نوێترین داتاکانی بانکی ناوەندیی تورکیا، تێچووی کرێی خانوو لە 10 گەورەترین پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا گەیشتووەتە بەرزترین ئاست و بە شێوەیەکی ساڵانە 26.6% بەرز بووەتەوە.
داتاکانی بانکی ناوەندیی تورکیا بۆ چارەکی سێیەمی 2026 نیشانی دەدەن، تێچووی کرێی خانوو هێشتا بارێکی قورسە بەسەر بودجەی خێزانەکانەوە و لە 10 گەورەترین پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیادا، تەنانەت لە شارە هەرزانەکانیش خێزانێک بۆ ئەوەی کرێ لە 30%ـی داهاتەکەی تێنەپەڕێت، پێویستی بە داهاتێکی زۆری مانگانە هەیە.
لە باکووری کوردستان، شاری روحا کەمترین کرێی تێدایە و بۆ خانوویەکی 100 مەتری نرخی کرێ 15,783 لیرەیە، واتە نزیکەی 313 دۆلار، بەمەش خێزانێک پێویستی بە 52,610 لیرە (1,044 دۆلار) داهاتی مانگانەیە. لە دیلۆکیش کرێ گەیشتووەتە 18,087 لیرە، واتە 359 دۆلار، بۆیە خێزانێک دەبێت مانگانە 60,290 لیرە (1,196 دۆلار) پەیدا بکات.
لە شارە گەورەکانی تورکیا دۆخەکە زۆر گرانترە و ئیستانبوڵ لە پلەی یەکەمدایە. کرێ لەو شارەدا گەیشتووەتە 47,520 لیرە (943 دۆلار)، ئەم نرخەش لە ماوەی دوو ساڵدا زیاتر لە دوو هێندە بەرز بووەتەوە و خێزانێک پێویستی بە 158,400 لیرە (3,143 دۆلار) داهاتە. دوای ئەویش ئیزمیر دێت بە 29,646 لیرە کرێ (588 دۆلار) و 98,820 لیرە داهاتی پێویست (1,961 دۆلار)، هەروەها ئەنتاڵیا بە 28,265 لیرە کرێ (561 دۆلار) و 94,217 لیرە داهات (1,870 دۆلار)، لە ئەنقەرەش کرێ 25,462 لیرەیە (505 دۆلار) و داهاتی پێویست 84,873 لیرەیە (1,684 دۆلار).
لە شارەکانی کۆجائەلی، بۆرسا، ئەدەنە و کۆنیاش، نرخی کرێ لە نێوان 19,020 لیرە (377 دۆلار) بۆ 25,242 لیرەدایە (501 دۆلار) و داهاتی پێویستی مانگانە لە نێوان 63,400 لیرە (1,258 دۆلار) بۆ 84,140 لیرەدایە (1,670 دۆلار).
داتاکانی مانگی ئەیلوولی بانکی ناوەندیی تورکیا دەریانخستووە، کرێی خانوو بە گشتی لە ساڵێکدا 26.6% بەرز بووەتەوە، لەوانە لە ئیستانبوڵ 35.5%، لە ئەنقەرە 25.1% و لە ئیزمیر 23.7% زیادی کردووە. هەرچەندە خێرایی گرانبوونەکە بەراورد بە هەڵاوسان کەمێک خاو بووەتەوە، بەڵام کرێی خانوو هێشتا گەورەترین گوشارە لەسەر ژیانی هاووڵاتییان.
لە 1ی کانوونی دووەمی 2026ـەوە، حکوومەتی تورکیا کەمترین مووچەی مانگانەی بە پوختی بە 28,075.50 لیرە (33,030 لیرە بە گشتی) دیاری کردووە، ئەمەش کاریگەریی لەسەر نزیکەی نۆ ملیۆن کرێکار و فەرمانبەر هەیە و دەکاتە نزیکەی یەک لەسەر سێی هێزی کاری فەرمی. بەم پێیە، تێکڕای کرێی خانوو لە ئیستانبوڵ (47,520 لیرە) زۆر زیاترە لە تەواوی کەمترین مووچەی مانگانە و تەنانەت لە روحاش (15,783 لیرە) زیاتر لە نیوەی مووچەی کرێکارێکی خاوەن کەمترین داهات دەبات.
حکوومەتی تورکیا لە حوزەیرانی 2022ـدا بۆ رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی خێرای کرێ، سنوورێکی کاتیی بە رێژەی 25% بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستی کرێی خانوو دانابوو. دوای هەڵگرتنی ئەو سنوورە لە 1ی تەممووزی 2024، بەرزبوونەوەی ساڵانەی کرێ گەڕایەوە سەر تێکڕای 12 مانگەی پێوەری نرخی بەکاربەر، ئەم پێوەرە لە ئەیلوولی 2026 گەیشتە 31.79%، لە تشرینی یەکەم بووە 31.49% و لە تشرینی دووەمدا گەیشتە 31.23%.
لێکۆڵینەوەیەکی بانکی ناوەندیی تورکیا لە ئەیلوولی 2026 روونی کردەوە، لەدەستدانی ژمارەیەکی زۆری یەکەی نیشتەجێبوون لە بوومەلەرزەکانی 6ی شوباتی 2023 و کۆچکردنی دانیشتووان بەرەو شارەکانی دیکە هۆکارێکی سەرەکیی گوشاری سەر کرێی خانوو بوون لە ساڵانی رابردوودا. بەڵام خێراکردنی پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە و رادەستکردنی نزیکەی 434,000 یەکەی نیشتەجێبوون لە ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان تا کۆتایی 2025، بووەتە هۆی خاوبوونەوەی هەڵاوسانی کرێ لەو پارێزگایانە و ناوچە کاریگەربووەکانی دیکە لە ساڵی 2026ـدا. سەرەڕای ئەمەش، حکوومەتی تورکیا لە تشرینی یەکەمی 2026 رایگەیاند، پڕۆژەکانی نیشتەجێبوونی کۆمەڵایەتی و خانووی کرێی کۆمەڵایەتی فراوانتر دەکات بۆ ئەوەی تێچووی نیشتەجێبوون لەسەر شانی خێزانەکان کەم بکاتەوە.