گەنجانی سلێمانی: رێگە نادەین هیچ ئەجێندایەک سلێمانی لە کوردستان داببڕێت

دووشەممە 16ـی تشرینی دووەمی 2026، لە پەیامێکی رۆژنامەوانیدا لە شاری سلێمانی، ژمارەیەک لە گەنجان و چالاکوانی شارەکە جەختیان لە یەکپارچەیی خاکی کوردستان و پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان کردەوە و رایانگەیاند؛ رێگە بە هیچ ئەجێندایەکی سیاسی نادرێت کە بیەوێت سلێمانی لە جەستەی نیشتمان داببڕێت.

نوێنەری ئەو ژمارەیەک لە گەنجان و چالاکوانانە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: هەر ئەو ئیرادەیەی کە چەند مانگێک لەمەوبەر بۆ پشتیوانی لە رۆژئاوای نیشتمان هاتە سەر شەقام و بە دەنگێکی دلێر گوتی کوردستان یەک وڵات و یەک نیشتمانە، ئەمڕۆش لێرە ئامادەیە. دوژمن بێت یان هەر لایەنێکی دیکە بیەوێت ئەم کوردستانە پارچەپارچە بکات، ئێمە دەڵێین خەڵکی ئەم شارە تەنیا یەک کوردستانیان دەوێت.

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، ئاماژەی بەوە کرد، هەموو لایەنێک مافی ئەوەی هەیە لە چوارچێوەی کاری حزبی و فکریی خۆیدا بیرۆکەی بۆ بەڕێوەبردن هەبێت، بەڵام نابێت هیچ کەس و گرووپێک خواست و مەرامی خۆی بەسەر ئیرادەی گشتیی خەڵکدا بسەپێنێت و گوتی: ئەگەر لەسەر ماف و بژێوی و قەیرانەکان کەس لە ئێمە رەخنەگرتر و ئۆپۆزیسیۆنتر نەبێت، ئەوا لەسەر پرسی نیشتمانیش کەس لە ئێمە دڵسۆزتر و نیشتمانپەروەرتر نییە؛ هەرگیز بابەتی نیشتمانی لەگەڵ ململانێی تردا تێکەڵ ناکەین.

دووپاتی کردەوە، سلێمانی وەک چۆن دڵی بۆ سەرێکانی، قامیشلۆ، ئامەد، سنە، وان و کەرکووک لێ دەدات، بە هەمان شێوەش ێگە نادات لە نێوخۆدا بێڕێزی بە مێژووی پڕ لە قوربانیدانی بکرێت و گوتی: سلێمانی بەشێکی دانەبڕاوەیە لە کوردستانی گەورە و پایتەختی rۆشنبیریی هەرێمی کوردستانە، خوێنی هەزاران شەهیدی بەخشیوە بۆ بەدیهێنانی ئەم دەستکەوتانە.

لە وەڵامی پرسیارێکیشدا سەبارەت بەوەی کە ئایا لەم قۆناخەدا پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان لە هەموو شتێک گرنگترە؟ گوتی: بێگومان، هیچ شتێک لە پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان گرنگتر نییە؛ ئەوەی هۆکاری مانەوەی ئێمەیە ئەم قەوارە نیشتمانییەیە و سازشی لەسەر ناکەین.