پەیامنێری کوردستان24: هێزەکانی دژە تیرۆری عێراق بەرەو جورف سەخر جوڵەیان پێکرا

پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا ئاشکرای دەکات، دوای گرژییەکانی ئەم دواییە بۆ یەکەمجار عەلی زەیدی، دوو لیوای دژەتیرۆر و هێزێکی بەرپەرچدانەوەی خێرای رەوانەی دەوروبەری جورف سەخر کردووە و تاوەکو رۆژی هەینی مۆڵەتی بە کەتائیبی حزبوڵڵا داوە ناوچەکە چۆڵ بکەن؛ هاوکات بڕیارە ئەمشەو چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر ئەو پرسە کۆببێتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 16ـی تشرینی دووەمی 2026، دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند، لە دوای ئەو گرژییانەی دروستبوون، یەکەمجارە عەلی زەیدی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان لە بەغداوە هێزی رەوانەی جورف سەخر کردووە.

بەگوێرەی زانیارییەکان، لە دوای کاتژمێر 4:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆوە دوو لیوای دژەتیرۆری عێراق بەرەو ئەو ناوچەیە کەوتوونەتە جووڵە و گەیشتوونەتە دەوروبەری جورف سەخر. ئەو هێزە مەشقپێکراوەی دژەتیرۆر کە چوونەتە دەوروبەری ناوچەکە ماوەی دوو هەفتەیە هاتوونەتە بەغدا، هاوکات جیا لە دژەتیرۆر، هێزێکی بەرپەرچدانەوەی خێراش لەگەڵیدایە، کە هەردوو هێزەکە مەشق و راهێنانی تایبەتیان پێکراوە و شارەزایی زۆریان لە ئۆپەراسیۆنی سەربازیدا هەیە.

دیلان بارزان گوتیشی، هێزەکان لە دەوروبەری جورف سەخرن و تا ئێستا نەچوونەتە ناوی، چونکە فەرمانی زەیدیان لەلا نییە. هەروەها زەیدی مۆڵەتی بە گرووپی کەتائیبی حزبوڵڵای عێراقی داوە بۆ ئەوەی لەو ناوچەیە بێنە دەرەوە و هێزەکانی دژەتیرۆری عێراق بچنە ژوورەوە؛ بەگوێرەی زانیارییەکانیش، تاوەکو رۆژی هەینی مۆڵەتیان پێدراوە.

هاوکات عەلی زەیدی چاوەڕێی کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی دەکات بۆ ئەوەی لەو کۆبوونەوەیەدا ئەم بابەتە یەکلایی بکاتەوە.

پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوەش دا، لە کاتێکدا پێشتر چوارچێوەی هەماهەنگی هەموو هەفتەیەک جارێک کۆدەبووەوە، ماوەی 27 رۆژە بۆ هیچ پرس و بابەتێک کۆنەبووەتەوە، بڕیاریشە ئەمشەو کاتژمێر 7:30 کۆبوونەوەکە لە ماڵی حەیدەر عەبادی، بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیرانی عێراق و تەواوی سەرکردە شیعەکان بەڕێوەبچێت و بابەتی سەرەکییان پرسی جورف سەخر دەبێت.