لێژنەیەکی نێودەوڵەتی لە بەرلین لێکۆڵینەوە لە کۆمەڵکوژیی ئێزیدییەکان دەکات
ژمارەیەک لە رزگاربووانی کۆمەڵکوژیی ئێزیدی لە عێراق و سووریا، لە بەرلین شایەتییەکانی خۆیان لەبەردەم لێژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێشکەشکرد، ئەمە یەکەم لێژنەی لەم شێوەیەیە دوای 12 ساڵ بەسەر ئەو کارەساتانەدا پێکدێت و لێکۆڵینەوە لەو تاوانانە دەکات کە بەرامبەر بە ئێزیدییەکان ئەنجامدراون.
دووشەممە 16ـی تشرینی دووەمی 2026، وا بڕیارە لیژنەکە لە ماوەی سێ دانیشتندا گوێ لە نزیکەی 30 قوربانی بگرێت. ئەمە لە چوارچێوەی دەستپێشخەرییەکی کۆمەڵگەی مەدەنییە کە بە بودجەی حکوومەتی بەریتانیا بەڕێوەدەچێت و راپۆرتێک بۆ حکوومەتی بەریتانیا ئامادە دەکات.
لیژنەکە لە حەوت ئەندام پێکهاتووە، حەوت ئەندام، ناڤی پیلای، براوەی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی لە ساڵی 2026 و چەند پەرلەمانتارێک لە ئەڵمانیا و بەریتانیا، لێکۆڵینەوە لەو شایەتییانە دەکەن سەبارەت بە تاوانەکانی کوشتن و ئەشکەنجەدان و دەستدرێژیکردن و بەکۆیلەکردن. ئەڵمانیا لە ساڵی 2023 ئەو تاوانانەی بە کۆمەڵکوژی ناساند، هاوشێوەی چەند وڵاتێکی ئەورووپی و لێکۆڵەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان.
هێلینا کێنیدی، سەرۆکی لێژنەی لێکۆڵینەوە لە کۆمەڵکوژیی ئێزیدییەکان، لە دانیشتنی کردنەوەدا گوتی: "لەم دوازدە ساڵەی رابردوودا لێپرسینەوەیەکی کردەیی لەسەر ئەو تاوانانە نەکراوە". کێنیدی لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی فرانس پرێس لە میانەی ئەو دانیشتنانەدا کە رێکخەران بە "لێژنەی راستییەکان بە دەستپێشخەری کۆمەڵگەی ئێزیدی" ناویان بردووە، گوتی: "دەستدرێژیکردنە سەر ژنان و کچانی ئێزیدی و بەکۆیلەکردنیان یەکێکە لە گەورەترین پەڵەی شەرمەزاری لە دوو دەیەی رابردوودا".
ساڵی 2014، چەکدارانی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی دەستیان بەسەر رووبەرێکی فراوانی باکووری سووریا و عێراقی دراوسێدا گرت، لەنێویاندا ناوچەی مێژوویی ئێزیدییەکان لە چیای شنگال و خەلافەتێکیان راگەیاند، رێکخراوەکە ئێزیدییەکان و ئایینە یەکتاپەرستەکەیانی کە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پێش ئیسلام، بە زیندیق لەقەڵەم دەدا. ئەندامانی رێکخراوەکە کۆمەڵکوژییان دژی ئەو کەمینە کوردیزمانە ئەنجامدا، هەزارانیان کوشت و ژن و منداڵەکانیانیان بەکۆیلە کرد.
دوای زیاتر لە دەیەیەک بەسەر ئەو تاوانانەی کە نزیکەی 5 هەزار ئێزیدی تێیدا کوژران و 6400 کەسیش رووبەڕووی بەکۆیلەکردن بوونەوە، هێشتا زۆرێک لە رزگاربووان چاوەڕێی دەرفەتێکن بۆ گێڕانەوەی ئەو دیمەنانەی بینیویانە. نەجلا مەتۆ گێڕایەوە چۆن لە 15ـی ئابی 2014 چەکدارانی رێکخراوەکە هێرشیان کردە سەر گوندەکەی کۆجۆ لە عێراق و باوک و برایانیان کوشت. مەتۆ لەبەردەم لێژنەکەدا گوتی: "پیاوەکانیان کوشت چونکە رەتیانکردەوە بێنە سەر ئایینی ئیسلام". مەتۆ رایگەیاند: "ناتوانم ئەوەی دەوڵەتی ئیسلامی لەگەڵ منی کردووە لەبیر بکەم".
نەجلا گێڕایەوە کە بۆ مووسڵ گواستراوەتەوە، لەوێ پشکنینی بۆ کراوە و فرۆشراوە بەر لەوەی پێشکەش بە یەکێک لە چەکدارەکانی رێکخراوەکە بکرێت. دوای ئەوەی هەوڵی هەڵاتنی دا، مەتۆ رووبەڕووی دەستدرێژیکردن بووەوە و بە چەکدارێکی دیکەی رێکخراوەکە فرۆشرا، چوار مانگیش لە لێواری مەرگ بەهۆی برسیەتییەوە مایەوە تاوەکو رزگارکرا. ئەم ژنە تەمەن 39 ساڵە گوتی هیوادارە رۆژێک لەبەردەم دادگادا رووبەڕووی ئەوانە ببێتەوە کە رفاندوویانە و گوتی: "ئەمە دادپەروەرییە بۆ من".
سەنا نوعێمات، شایەتێکی دیکە، هۆشداری دا کە کۆمەڵکوژیی دژی گەلەکەی هێشتا بەردەوامە، رایگەیاند، چارەنووسی زیاتر لە هەزار ئێزیدی کرد کە هێشتا بێسەروشوێنن. سەبارەت بەو چەکدارانەی کە دەستگیرکراون، زۆربەیان لە عێراق بە تاوانی دیکە وەکو ئەندامبوون لە رێکخراوێکی تیرۆریستی سزایان بەسەردا سەپێنراوە.
لە تەممووزدا، دادگایەکی ئەڵمانی سزای زیندانیکردنی بۆ ژن و مێردێکی عێراقی دەرکرد بە تاوانی بەکۆیلەکردنی دوو کچی ئێزیدی و ئەنجامدانی دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەریان. ئەو ژن و مێردە کچێکی تەمەن 5 ساڵیان لە کۆتایی ساڵی 2015 و کچێکی دیکەیان تەمەن 12 ساڵیشیان لە تشرینی یەکەمی 2017ـەوە بەکۆیلە کردبوو. ئەڵمانیا گەورەترین کۆمەڵگەی ئێزیدی لە دەرەوەی عێراق لەخۆ دەگرێت، دوای ئەوەی مافی پەنابەری بە نزیکەی 230 هەزار کەس لە پەیڕەوانی ئەو ئایینە داوە.
سەرەڕای ئەوە، هەوڵە رێکخراوەکان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی سنووردار ماونەتەوە. نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 2017 تیمێکی لێکۆڵینەوەی بۆ بەهێزکردنی لێپرسینەوە لە تاوانەکانی دەوڵەتی ئیسلامی یۆنیتادی پێکهێنا، بەڵام لە ساڵی 2024 بە داوای حکوومەتی عێراق کارەکانی ئەو تیمەی کۆتایی پێهێنا.
رێکخەران هیوادارن لێژنەی لێکۆڵینەوەی راستییەکان لە بەرلین، هەوڵەکان بۆ بەدەستهێنانی دادپەروەری بۆ ئێزیدییەکان پێشبخات. کێنیدی بە فرانس پرێسی گوت: "داوای دامەزراندنی دادگایەک دەکەین، بتوانێت ئەم ئەرکە لەئەستۆ بگرێت، پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان بەرپرسیارێتیی خۆی لەم بارەیەوە هەڵبگرێت".