تەندروستیی هەولێر: ژمارەیەکی زۆری پەناخوازان منداڵەکانیان ناکوتن

کوتانی منداڵان، وێنە: شۆڕش هەرکی- کوردستان24
کوتانی منداڵان، وێنە: شۆڕش هەرکی- کوردستان24

بەڕێوەبەری کاروباری پاراستنی تەندروستیی هەولێر رایدەگەیەنێت، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ، لە کاتی دەرهێنان و نوێکردنەوەی کارتی نیشتەجێبووندا (ئیقامە) دایک و باوکانی ئاوارە و پەناخواز پابەند دەکرێن بە تەواوکردنی کوتانی منداڵەکانیان و هۆشداریش دەدات لە تۆمارکردنی سێ حاڵەتی ئیفلیجیی منداڵان لە سووریا.

ئەمڕۆ دووشەممە، 16ـی تشرینی دووەمی 2026، د. بێریڤان ئەسعەدی، بەڕێوەبەری کاروباری پاراستنی تەندروستیی هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی کوردستان24 رایگەیاند، ژمارەیەکی زۆر لەو منداڵانەی لە کوتان دواکەوتوون ئەوانەی تەنیا بەشێکی ڤاکسینەکانیان وەرگرتووە و ئەوانی دیکەیان تەواو نەکردووە، یان هەر هیچ کوتانێکیان وەرنەگرتووە لە نێو کۆمەڵگەدا بوونیان هەیە؛ ئەو دیاردەیەش بەتایبەتی لەنێو ئاوارە و پەناخوازان و بەدیاریکراوی پەناخوازە سوورییەکاندا زەقترە.

د. بێریڤان ئەسعەدی ئاماژەی بەوە دا، لە هەڵمەتەکانی کوتان و بەدواداچوونەکانیاندا دەرکەوتووە کە رێژە و ژمارەیەکی زۆری پەناخوازان منداڵەکانیان ناکوتن، هەر بۆیە لەلایەن وەزیری تەندروستییەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ ئەو بڕیارە ئاراستە کراوە کە لە کاتی مامەڵەی پڕۆسەی نیشتەجێبوون و نوێکردنەوەی ئیقامەدا، دایک و باوکان پابەند بکرێن سەردانی بنکە تەندروستییەکانی نزیک ماڵی خۆیان بکەن بەتایبەت ئەوانەی هاوشێوەی هاووڵاتییانی هەرێم لەنێو گەڕەکەکاندا نیشتەجێن تاوەکو بەدواداچوون بۆ کوتانەکانیان بکرێت.

بەڕێوەبەری کاروباری پاراستنی تەندروستیی هەولێر گوتیشی، ئەم پڕۆسەیە نزیکەی 10 بۆ 15 رۆژە دەستی پێ کردووە و هەنگاوێکی زۆر گرنگە بۆ ناچارکردن و پابەندکردنی دایک و باوکان، بەو پێیەی ئاستی هۆشیاریی بەشێکیان لە ئاستێکی نزمدایە. روونیشی کردەوە، تێبینییان کردووە بەتایبەتی ئەو منداڵانەی تەمەنیان سەرووی چوار ساڵە، کاتی کوتانیان فەوتاندووە یان چەند ژەمێکیان وەرگرتووە و تەواویان نەکردووە، لە کاتێکدا پێویستە منداڵ تا تەمەنی چوار ساڵی بەپێی خشتەی کوتان سەرجەم پێکوتەکانی وەربگرێت.

سەبارەت بە گرنگیی جێبەجێکردنی ئەم رێکارە لەم کاتەدا، د. بێریڤان ئەسعەدی هۆشداری دا و باسی لەوە کرد، بەشێک لە پەناخوازان هاتوچۆی سووریا دەکەن و مەرج نییە هەر لە هەولێر بمێننەوە، لە کاتێکدا لە سووریا سێ حاڵەتی ئیفلیجیی منداڵان تۆمار کراون.

جەختیشی کردەوە، هەموو وڵاتێک دەبێت لە قۆناخی بنبڕکردنی نەخۆشیی ئیفلیجیی منداڵاندا بێت، بەڵام بەهۆی سەرهەڵدانی ئەو حاڵەتانە لە سووریا، ئەگەر ئەم رێکار و مەرجە نەبێت ناتوانرێت دایک و باوکان ناچار بکرێن سەردانی بنکەکان بکەن و کوتانەکانی منداڵەکانیان تەواو بکەن.

هەروەها ئەوەشی خستە ڕوو، جێبەجێکردنی ئەم جۆرە مەرجانە بەر لە هەر مامەڵەیەکی فەرمی تەنانەت بۆ هاووڵاتییانی خۆمان و عێراقییەکانیش (کورد و عەرەب) کارێکی زۆر باشە، چونکە دەبێتە یارمەتیدەرێکی گەورە بۆ تیمە گەڕۆکەکانی تەندروستی کە سەردانی ماڵان دەکەن، تا هەر منداڵێکی دواکەوتوو لە کوتان لەنێو کۆمەڵگەدا بدۆزرێتەوە و لە بنکە تەندروستییەکان پێکوتەکەی تەواو بکات.

هاوکات بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری پاراستنی تەندروستیی هەولێر لە راگەیەندراوێکدا دووپاتی کردووەتەوە، لەپێناو رێگریکردن لەو نەخۆشییانەی بە ڤاکسین پێشیان پێ دەگیرێت، پێویستە هەموو ئاوارە و پەناخوازان منداڵانی خوار تەمەن 12 ساڵ لە نزیکترین بنکەی تەندروستی بکوتن و لە کاتی مامەڵەی کارتی نیشتەجێبووندا کارتی کوتانیان پێشکەش بکەن، بە پێچەوانەوە کارتی نیشتەجێبوونیان بۆ دەرناکرێت.