ئاستەنگەکان رێگرن لە گەشەکردنی کەرتی گەشتیاریی ئیلام

پارێزگای ئیلام لە رۆژئاوای ئێران بەهۆی پێکهاتەی سروشتی و کەلتووریی هەمەجۆرەوە، خاوەنی دەرفەتێکی لەبارە بۆ ئەوەی ببێتە ناوەندێکی گرنگی گەشتیاریی ژینگەیی و کەلتووری.

پارێزگاکە 160 کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون لەخۆ دەگرێت، کە تێکەڵەیەکە لە سروشتی شاخاوی و نەریتی رەسەنی هۆزەکان.

سەرەڕای ئەم دەوڵەمەندییە سروشتییە، جیاوازییەکی بەرچاو لە نێوان سەرچاوە بەردەستەکان و بەکارهێنانیان وەک ژێدەرێکی ئابووریی بەردەوام بۆ کۆمەڵگە گوندنشینەکان هەیە، ئەمەش بەهۆی لاوازیی ژێرخان، ئاڵۆزییەکانی وەبەرهێنان و وەرزەکیبوونی جموجۆڵی گەشتیارییەوە دروست بووە.

بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی فارس، کەرتی گەشتیاری لە ئیلام پشت بە فرەچەشنیی ژینگەیی ناوچەکە دەبەستێت، وەک گەرووی کافری و سازوبن، تاڤگەکان و ناوچە پارێزراوەکان، لە پاڵ میراتی کەلتووری کە لە شێوازی ژیانی هۆزەکان، گوندنشینان، مۆسیقای فۆلکلۆری و دەستکردە نەریتییەکاندا رەنگی داوەتەوە.

فەرزاد شەریفی، بەڕێوەبەری گشتیی میراتی کەلتووری، گەشتیاری و دەستکردەکان لە پارێزگای ئیلام جەختی کردەوە، وەبەرهێنان لەم سەرچاوە ماددی و مەعنەوییانە لە رێگەی پێشکەشکردنی ئەزموونێکی رەسەنی ژیان بە گەشتیاران، دەبێتە هۆی بووژاندنەوەی ئابووریی گوندەکان، کەمکردنەوەی کۆچی گوندنشینان و کەمبوونەوەی فشار لەسەر شارەکان.

شەریفی روونی کردەوە، بەدیهێنانی ئەم ئامانجە رووبەڕووی ژمارەیەک ئاستەنگی مەیدانی دەبێتەوە، لەوانە لاوازیی تۆڕی رێگەوبانەکان، تێکچوونی شەقامەکان و نەبوونی هۆکاری گواستنەوەی گشتی لە ئاستی گەشەپێدانی گەشتیاریی راستەقینەدا.

بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی میراتی کەلتووری، تێکچوونی خزمەتگوزاریی پەیوەندی و ئینتەرنێت، نەبوونی چاودێریی پزیشکی لە ناوچە دوورەدەستەکان، بیرۆکراسیی مۆڵەتدان، گۆڕانکارییەکانی کەشی وەبەرهێنان و نەبوونی راهێنانی پیشەیی لە بوارەکانی پێشوازی و بەبازاڕکردندا، لە ئاستەنگە سەرەکییەکانی بەردەم پێشکەوتنی ئەو کەرتەن.

لەلایەکی دیکەوە، محەمەد یاری، مامۆستای ئابووریی کشتوکاڵی لە زانکۆی ئیلام جەختی کردەوە، گەشەپێدانی گەشتیاریی ژینگەیی کاریگەرییەکی سنوورداری دەبێت ئەگەر داهاتەکەی نەچێتەوە ناو سووڕی ئابووریی خودی گوندەکانەوە.

محەمەد یاری داوای کرد کۆمەڵگە نیشتەجێبووەکان لە رێگەی بازاڕی راستەوخۆ و کۆمەڵەکانەوە بە جووتیارانی بچووک، ئاژەڵداران و ژنانی دەستڕەنگینی ناوچەکەوە ببەسترێنەوە، بەجۆرێک نیشتەجێگەکان ببنە سەکۆیەک بۆ ساخکردنەوەی بەرهەمی خۆماڵی، هاوکات پێوەری سەرکەوتنی کەرتەکە بە رێژەی رەخساندنی هەلی کار و بەشداریی خێزانە گوندنشینەکان دیاری بکرێت، نەک تەنیا بە ژمارەی بنکەکانی نیشتەجێبوون.

راپۆرتەکە باسی لەوەش کردووە، کێشەیەکی دیکەی ئەم کەرتە، سنوورداربوونی چالاکییە گەشتیارییەکانە بە وەرزەکانی بەهار و هاوین، بەو هۆیەوە لایەنە پەیوەندیدارەکان پێشنیازی هەمەجۆرکردنی چالاکییە گەشتیارییەکانیان کردووە بۆ تێپەڕاندنی ئەو بەربەستە، لەوانە رێکخستنی فیستیڤاڵی کەلتووری و خولی چێشتلێنانی نەریتی لەو وەرزانەی خواستی گەشتیارییان لەسەر کەمە.

هاوکات پێشنیازی پەرەپێدانی گەشتیاریی سەرکێشی لە رێگەی مانەوە لە خێوەتی هۆزەکان و وەبەرهێنان لە ناوچەی ئازادی مێهران کراوە، بە ئامانجی راکێشانی گەشتیارانی بیانی.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، شارەزایان هۆشداری لە مەترسییەکانی پەرەپێدانی بێ کۆنترۆڵی کەرتی گەشتیاری بۆ سەر ژینگە و ناسنامەی کەلتووریی ناوچەکە دەدەن لە پێناو زیادکردنی داهاتی دارایی.

لەو چوارچێوەیەدا، خەیروڵڵاهی، توێژەری بواری گەشتیاریی بەردەوام روونی کردەوە، تێپەڕاندنی توانای لەخۆگرتنی شوێنە سروشتییەکان مەترسی لەسەر پۆششی رووەکی و سەرچاوەکانی ئاو دروست دەکات، هەروەها زیادبوونی ناڕێکوپێکی شوێنەکانی نیشتەجێبوون زیان بە تەلارسازیی نەریتی و میراتی ناوچەکە دەگەیەنێت.

ئەو توێژەرە جەختی کردەوە، سەرکەوتن و بەردەوامیی ئەم کەرتە بەستراوەتەوە بە بەشداریکردنی کۆمەڵگە خۆجێیی و هۆزەکییەکان لە داڕشتن و بەڕێوەبردنی بەرنامە گەشتیارییەکاندا، بۆ پاراستنی ژینگە و رێگریکردن لە بەبازاڕیکردنی رووکەشانەی کەلتوور بە دابڕاوی لە پێکهاتە کۆمەڵایەتییە راستەقینەکەی.