هەواڵگریی ئەمریکا: ئێران پلانی هێرشی کیمیایی بۆ سەر واشنتن دادەنێت

بەگویرەی  زانیارییە هەواڵگرییە نوێیەکانی ئەمریکا، کە سی ئێن ئێن لە حەوت بەرپرسی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، ئێران تاوتوێی پلانی ئەگەری دەکات بۆ هێرشکردنە سەر خاکی ئەمریکا. ئامانجی پلانەکانیش بەرپرسانی باڵای ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بەکارهێنانی بۆمبی پیس یان چەکی کیمیایی لە واشنتنە.

ئەو بەرپرسانە روونیانکردەوە، پلانەکانی ئێران لە قۆناخی ئێستادا تەنیا بۆ دابینکردنی بژاردەی ئەگەرین و بەو مانایە نییە هێرشێکی نزیک لە ئارادابێت. هاوکات زانیارییە هەواڵگرییەکان وردەکاریی دیاریکراویان لەسەر شوێن و ئامانجە ئەگەرییەکان دەستنیشانکردووە، ئەمەش وای لە بەرپرسانی واشنتن کردووە کۆبوونەوەکانیان چڕبکەنەوە و پلانی فریاگوزاری بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشەیە دابنێن.

هەروەها سەرچاوەکان ئاشکرایانکرد، هەواڵگریی ئەمریکا چاودێریی پێوەندییەکانی ئێرانی کردووە کە باس لە کۆگاکردنی کەرەستە دەکەن بۆ دروستکردنی تەقەمەنی لەناو خاکی ئەمریکا، بەڵام بەرپرسانی ئەو وڵاتە هێشتا لەسەر ئاستی متمانەپێکراویی زانیارییەکان دابەش بوون.

ئەو بەرپرسانە هۆشداریشیان دا کە ئەنجامدانی هێرشی لەو شێوەیە لە رێگەی ئەو کەسانەی لە ئێستاوە لەناو وڵاتدان ئاسانە، بەبێ ئەوەی پێویست بکات کەسانی راهێنراو لە دەرەوەی وڵات بهێنرێن.

لەم چوارچێوەیەدا، لۆرین بیس، گوتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، ئەمریکا چاودێریی سەرجەم هەڕەشە ئەگەرییەکان دەکات، بەڵام جەختیکردەوە: "ئێستا هیچ هەڕەشەیەکی متمانەپێکراو نییە کە خاکی ئەمریکا بکاتە ئامانج".

"بۆمبی پیس" لە چەکی ناوکی جیاوازە؛ چونکە پشت بە بڵاوکردنەوەی ماددەی تیشکدەر لە رێگەی تەقەمەنیی باوەوە دەبەستێت و کارلێکی ناوکیی زنجیرەیی لەخۆناگرێت. هەرچەندە توانای وێرانکارییەکەی زۆر لە بۆمبی ناوکی کەمترە، بەڵام دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی پیسبوونی تیشکدەر و دروستکردنی دۆخێکی فراوانی ترس و تۆقین، هەروەها هەندێک ناوچەش بۆ بەکارهێنان ناشیاو دەکات.

هاوکات واشنتن چاودێریی ئەو زانیارییە هەواڵگرییانە دەکات کە باس لە ئەگەری پەنابردنی ئێران دەکەن بۆ بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دژی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەو نیگەرانییانە وایانکردووە هەوڵەکان بۆ دابینکردنی کەرەستە و راهێنانی پێویست بە مەبەستی پاراستنی دیپلۆماتکاران و کارمەندانی هەواڵگریی ئەمریکا لە ناوچەکە چڕبکرێنەوە، لە کاتێکدا هۆشداری هەیە لەوەی هەندێک لە هێزەکان کەرەستەی پێویستی خۆپاراستنیان لەبەردەستدا نییە.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، ئەو هەڕەشە نوێیانە هەفتەی رابردوو بەرپرسانی ئەمریکایان ناچارکرد زنجیرەیەک کۆبوونەوەی چڕ سازبکەن. ئەمەش هاوکات بوو لەگەڵ گواستنەوەی سکۆت بیسنت، وەزیری خەزێنەی ئەمریکا بۆ شوێنی نیشتەجێبوونی سەربازی لە هەفتەی رابردوودا، کە بەپێی رێکارە ئەمنییەکانی خزمەتگوزاریی نهێنی و لەسەر بنەمای هەڕەشەکانی ئێران بڕیاری لێ درابوو.

سەرچاوە ئەمریکییەکان پێیان وایە، زانیارییە نوێیەکان دەریدەخەن ئێران ئامادەییی زیاتری هەیە تاوتوێی بژاردەکانی پەرەپێدانی ململانێ بکات لەناو خاکی ئەمریکادا، سەرەڕای ئەوەی تا ئێستا هیچ بەڵگەیەک نییە بڕیار لەسەر جێبەجێکردنی هیچ هێرشێک درابێت.

لە بەرامبەردا، نوێنەرایەتیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە کە پەیوەستن بە پلاندانان بۆ بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و بە "بانگەشەی ناڕاست و هەڵبەستراو" ناوی بردن، هەروەها جەختیکردەوە کە تاران بەکارهێنانی ئەو چەکانە لە هەر دۆخێکدا بێت رەتدەکاتەوە.

ئەم پێشهاتانە هاوکاتن لەگەڵ بەردەوامیی پەککەوتنی وتووێژەکانی نێوان واشنتن و تاران سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە جەنگ، هەڵگرتنی گەمارۆکانی ئەمریکا و کردنەوەی گەرووی هورمز. سەرچاوەیەکی ئاگادار هۆشداریدا، هەفتەکانی داهاتوو لە دیاریکردنی رێڕەوی وتووێژەکاندا یەکلاکەرەوە دەبن. ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەش کرد، ئەگەری هەیە لایەنە توندڕەوەکانی ناو ئێران هەوڵی تێکدانی هەر رێککەوتنێک بدەن بە مەبەستی هێشتنەوەی رووبەڕووبوونەوەکە بە کراوەیی.

بەگوێرەی گوتەی بەرپرسانی ئەمریکا، تاران درک بەوە دەکات ئەنجامدانی هێرشێکی لەو شێوەیە رەنگە وەڵامێکی سەربازیی بەرفراوانی ئەمریکای لێ بکەوێتەوە، بەڵام نیگەرانییەکان لەوەدا چڕ بوونەتەوە کە سەرکردایەتیی ئێران لە ئەگەری دروستبوونی مەترسی بۆ سەر مانەوەی دەسەڵاتەکەی، ئامادەبێت مەترسییەکانی پەرەپێدانی ململانێ لەو ئاستەدا لە ئەستۆ بگرێت.

ئەم هۆشدارییانە لە کاتێکدان کە رووبەڕووبوونەوەی نێوان واشنتن و تاران پەرەیسەندووە و لێدانە سەربازییەکانی ئەمریکا و گەمارۆ ئابوورییەکان بۆ سەر ئێران بەردەوامن، ئەوەش لە سایەی بەردەوامیی بنبەست لە وتووێژەکانی تایبەت بە راگرتنی جەنگ.