ژمارەیەک پڕۆژەی ئاوەڕۆ لە سەنتەری شاری هەولێر جێبەجێ دەکرێن

سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر ژمارەیەک پڕۆژەی ئاوەڕۆی لە گەڕەکەکانی هەولێری نوێ و سێبەردان دەستپێکردووە، ئەمەش بە ئامانجی کەمکردنەوەی مەترسییەکانی لافاو و پاراستنی سەلامەتیی هاووڵاتییان.

سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر رایگەیاند، لە سنووری شارەوانیی سێ و لە گەڕەکەکانی سێبەردان و هەولێری نوێ، پڕۆژەیەکی گرنگی ئاوەڕۆ دەستی پێکردووە. پڕۆژەکە چەند هەنگاوێکی تەکنیکی لەخۆ دەگرێت کە بە شێوەیەکی سیستەماتیک بۆ رێگری لە کۆبوونەوەی ئاو و روودانی لافاو داڕێژراون.

ئەندازیاران و تیمە شارەزاکان لە چوارچێوەی پڕۆژەکەدا، دەستیان بە دانانی ئاوەڕۆی لوولەیی لەو شوێنانە کردووە کە بە خاڵی لاوازی کۆبوونەوەی ئاوی باران هەژمار دەکرێن. هاوکات کار لەسەر پاککردنەوە و فراوانکردنی کەند و رێڕەوە سروشتییەکان دەکەن بۆ ئەوەی ئاوی باران بە ئاسانی تێپەڕ ببێت.

شارەوانیی هەولێر روونیکردەوە، ئەو ئاوەڕۆ سندوقییانەی بەهۆی بارانە بەخوڕەکەی چەند رۆژی رابردوو گیرابوون و کێشەیان بۆ دانیشتووان دروست کردبوو، ئێستا چارەسەر دەکرێن.

سەرۆکایەتیی شارەوانی داوای لە هاووڵاتییان کرد لە کاتی جێبەجێکردنی پڕۆژەکەدا هاوکار بن و خۆیان لە فڕێدانی خاشاک و پاشماوە بۆ ناو کەند و ئاوەڕۆکان بەدوور بگرن، چونکە پاراستنی ژینگە و سەلامەتیی گەڕەکەکان ئەرکێکی هاوبەشە بۆ رێگری لە زیانەکانی باران بارین.

جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژانە لە کاتێکدایە شەوی 7 لەسەر 8ـی ئەم مانگە، لە ماوەی 2 کاتژمێر و نیودا 70 مللیمەتر باران لە سەنتەری هەولێر باری. بارانبارینەکە بووە هۆی دروستبوونی لافاو لە گەڕەکەکانی هەولێری نوێ و سێبەردان، کە تێیدا دەیان ئۆتۆمبێل ژێر ئاو کەوتن و ئاو چووە ناو دەیان ماڵ.

سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر ئاشکرایکرد، لیژنە تایبەتمەندەکان ئێستا سەرقاڵی تەواوکردنی رێکارەکانی قەرەبووکردنەوەی ئەو هاووڵاتییانەن کە بەهۆی لافاوەکەوە زیانیان پێ گەیشتووە.