سەرکردەیەکی حزبوڵڵا: زەیدی و عەبوودی تۆمەتیان هەڵبەستاوە

سەرکردەیەکی کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراق وەڵامی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران و گوتەبێژی حکوومەتی فیدراڵی عێراق دەداتەوە و دەڵێت: تۆمەتیان هەڵبەستاوە و لە جورف سەخر گرژی و ئاڵۆزییەک لەنێوان چەکدارانی حزبوڵڵا و هێزی فەرمیی عێراق دروست نەبووە، بەڵکو بە ئامادەکردنی خوانێک پێشوازیان لە هێزەکانی عێراق کردووە.

ئەبو تاڵیب سەعیدی، بە ناوی گوتەبێژ و سەرکردەی حزبوڵڵای عێراقی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: شاندی حکوومەتی عێراق سەردانی جورف سەخری کرد و هیچ رێگرییەکیان نەکرا و تەنانەت خوانێکیشیان بۆ ئامادەکرا، بەڵام حەیدەر عەبوودی ئەو گوتەبێژە گەنجەی حکوومەت و عەلی زەیدی سەرۆکی حکوومەت تۆمەتی هەڵبەستراویان کرد و بەدوای ئاژاوەنانەوەن. 

هەڵکوتانە سەر جورف سەخر، کە ناوەندی سەرەکیی چەکدارانی کەتیبەکانی حزبووڵڵای عێراقە، پەیوەندی بە دۆسییەی قاچاخچێتی نەوت و دەستبردنە بۆ سەروەت و سامانی گشتیی عێراقە، لەگەڵ ئەوەی سەرکردەکەی حزبوڵڵا نکۆڵی لە بوونی باڵاوگە و وێسگەی سووتەمەنی لەنێوا ئەو شوێنە تەندراوە بە چەکدارانی نەکرد، گوتی: هیچ یەکێک لە حکوومەتەکانی عێراق نەیانتوانیوە سووتەمەنی دابین بکەن، بۆیە لەسەر گیرفانی خۆیان کارگەیەکیان لە جورف سەخڕ دامەزراندووە نەوتی رەشیان کڕیوەتەوە و لەو کارگەیەدا کردوویانە بە گازوایل.

بە گوتەی ئەبو تاڵیب سەعیدی، ئەو سووتەمەنی و گازوایلەی لە پاڵاوگەکەیان لە جورف سەخڕ بەرهەمیان هێناوە، جگە لە ئۆتۆمبێلەکانیان، بۆ مۆلیدەکانیشیان بەکاریان هێناوە، بەڵام قسەکانی عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق و حەیدەر عەبوودی گوتەبێژی حکوومەتی فیدراڵ و کەسانی دیکە دەیانکەن، بەدوای ئاژاوەنانەوەن، بەڵام هیچ ئاژاوەیەک روو نادات.