عەلی زەیدی: هەڵمەتی دەستگیرکردنی گەندەڵکاران بەردەوام دەبێت
عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە 17ـی تشرینی دووەمی 2026، جەختی لە راوەدوونانی هەموو ئەو کەسانە کردەوە کە لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت چەکیان هەڵگرتووە، هاوکات دووپاتی کردەوە رێگە بە هیچ کەسێک نادات ئاسایشی عێراقییەکان بشێوێنێت و سەروەت و سامانیان بدزێت.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، عەلی فالح زەیدی لە پارێزگای نەجەف، بەیانیی ئەمڕۆ لەگەڵ ژمارەیەک لە شێخی هۆزەکان و پیاوماقووڵانی پارێزگاکە کۆبووەتەوە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بە هەڵمەتی "سەوڵەی فەجر" کردووە کە حکوومەت بۆ راوەدوونانی یاسایی گەندەڵکاران ئەنجامی داوە و بەبێ وەستان بەردەوام دەبێت.
هەروەها جەختی کردووەتەوە، هەموو ئەوانەی لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت چەک هەڵدەگرن راوەدوو دەنرێن و رێگە بە هیچ کەسێک نادرێت ئاسایشی عێراقییەکان بشێوێنێت و سەروەت و سامانیان بدزێت.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتە روو، زەیدی گوێی لە تێبینی و داواکارییەکانی ئامادەبووان لە بوارە جیاوازەکاندا گرتووە و فەرمانی بە بەدواداچوونیان کردووە، هاوکات ئاماژەی بەو بڕیارە گرنگانەش داوە کە لە دانیشتنی
ئەنجوومەنی وەزیراندا سەبارەت بە پارێزگای نەجەف دەرکراون.