شەپۆلێکی پەککەوتنی تەکنۆلۆژی و هێرشی سایبەری نزیکەی 200 ماڵپەڕی گرتەوە
پەککەوتنی تەکنۆلۆژی تۆڕی نهێنیی (NSA) و خزمەتگوزارییەکانی ئەپڵ و جیمەیڵی لە ئەمەریکا گرتەوە
شەپۆلێکی بەرفراوانی پەککەوتنی تەکنۆلۆژی و هێرشی ئەلیکترۆنی، چەندین تۆڕ و خزمەتگوزاریی گرنگی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و جیهاندا گرتەوە؛ لە نێویاندا تۆڕی پەیوەندییە نهێنییەکانی ئاژانسی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا (NSA)، بەشێک لە خزمەتگوزارییەکانی ئەپڵ و جیمەیڵ، هاوکات لەگەڵ بەئامانجگرتنی نزیکەی 200 ماڵپەڕی گەورەی جیهانی لە رێگەی هێرشێکی ئەلیکترۆنییەوە.
میدیاکانی ئەمەریکا بڵاویان کردەوە کە تۆڕی پەیوەندییە ناوخۆییە نهێنییەکانی ئاژانسی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا ناسراو بە (NSANet) کە کارمەندانی ئاژانسەکە بۆ ئاڵوگۆڕکردنی زانیارییە زۆر نهێنی و هەواڵگرییەکان بەکاری دەهێنن، ئەمڕۆ سێشەممە 17ـی تشرینی دووەمی 2026، پەکی کەوتووە و بارەگای سەرەکیی ئاژانسەکەی لە فۆرت میدی ویلایەتی مێریلاند خستووەتە حاڵەتی ئاگادارکردنەوە.
بە گوێرەی زانیارییەکان، کارمەندە نائاساییەکان ئاگادار کراونەتەوە کە دوای نیوەڕۆ بچنە سەر کارەکانیان، و لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانیش ئاماژە بەوە دەکەن کە پەککەوتنەکە بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکی لە نوێکردنەوەی سیستەم و نەرمەواڵەدا روویداوە و هیچ بەڵگەیەک نییە لەسەر بوونی هێرشی سایبەری.
لە هەمان رۆژدا، ژمارەیەک لەو خزمەتگوزارییانەی رۆژانە ئەمەریکییەکان پشتی پێ دەبەستن وەک جیمەیڵ، ئەپڵ پەی و سیستەمی ئای کڵاود تووشی پچڕان و پەککەوتن بوون.
بە گوێرەی لاپەڕەی فەرمیی دۆخی سیستەمی کۆمپانیای ئەپڵ، هەریەکە لە خزمەتگوزارییەکانی ئای کڵاود مەیڵ، وێب ئەپەکانی ئای کڵاود، ئەپڵ بزنس، ئەپڵ سکووڵ مەنیجەر و خزمەتگوزاریی ئەپڵ کەیر رووبەڕووی پەککەوتن بوونەتەوە. ئەم پەککەوتنانەش دوای زنجیرەیەک کێشەی تەکنیکیی دیکەی هەفتەی رابردوو دێن لە بانکی چەیس، هێڵی ئاسمانیی یونایتد، مایکرۆسۆفت و سیستەمی چاودێریی فڕۆکەوانیی ئەمەریکا؛ هاوکات تاقیکردنەوەی پلانبۆداڕێژراوی سیستەمی ئاگادارکردنەوەی بەپەلەی ئاژانسی فریاکەوتنی ئەمەریکا لەم دۆخەدا بووە هۆی دروستبوونی دڵەڕاوکێ لە نێو هاووڵاتییاندا.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا کە بە سەردانێک لە مانیلای پایتەختی فلیپینە، لەبارەی ئەم پەککەوتنانەوە هەوڵی دا دۆخەکە هێور بکاتەوە و گوتی: "شتی وا هەر روودەدات"، دڵنیاییشی دا کە لەگەڵ بانکەکان قسەی کردووە و دۆخەکە بە تەواوی لەژێر کۆنترۆڵدایە و گەشتیاران پێش پشووی جەژنی سوپاسگوزاری سەلامەتن.
حەکیم جێفریز، سەرۆکی دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران داوای لە ئیدارەی ترەمپ کرد بەرپرسان بنێرێتە کۆنگرێس بۆ ڕوونکردنەوە و جەختی کردەوە کە خەڵک مافی خۆیانە شەفافیەتی زیاتریان هەبێت سەبارەت بە هۆکاری ئەم پەککەوتنە بەرفراوانانە.
لە پەرەسەندنێکی دیکەی ئەلیکترۆنیدا، میدیا تەکنەلۆجییەکان بڵاویان کردەوە کە نزیکەی 200 ماڵپەڕی گەورە لە رێگەی هێرشێکی سایبەرییەوە بۆ سەر ئامرازەکانی پلاتفۆرمی دیجیتاڵیی ئۆپتیمایزلی کراونەتە ئامانج، لەوانە ماڵپەڕەکانی بی بی سی، سی ئێن ئێن، بانکی HSBC لە ئیمارات، ئێر فرانس، ئیکیا، زووم، سەیڵزفۆرس و گیت لاب.
بە گوێرەی توێژەری ئەمنی سکۆت هێڵم کە هێرشەکەی ئاشکرا کردووە، هاککەرەکان کۆدی جاڤاسکریپتی زیانبەخشیان خستووەتە نێو ئامرازەکانەوە بۆ دزینی ژمارەی کارتی بانکی و دراوە دیجیتاڵییەکان و تووشکردنی ئامێرەکانی ئەپڵ بە ڤایرۆس، و تەنیا لە نۆ کاتژمێردا نزیکەی 7 هەزار و 40 دۆلاریان لە دراوی دیجیتاڵیدا دزیوە. دواتر کۆمپانیای ئۆپتیمایزلی ڕایگەیاند کێشەکەیان دەستنیشان و کۆنترۆڵ کردووە و کۆدە زیانبەخشەکان لە زۆربەی ماڵپەڕەکاندا سڕاونەتەوە.
کۆمپانیای زەبەلاحی وزەی نەرویجی "ئیکوینۆر" (Equinor) Rایگەیاند، هێرشێکی ئەلیکترۆنیی بەردەوامیان لە دژی بەشێک لە سیستەمەکانی تەکنەلۆجیای زانیاریی (IT) کۆمپانیاکەیان دەستنیشان کردووە و دەستبەجێ دەسەڵاتدارانی فەرمیی وڵاتەکەیان لێ ئاگادار کردووەتەوە.
کۆمپانیا نەرویجییەکە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە تەواوی سەرچاوە و تیمە تەکنیکییەکانی خستووەتە گەڕ بۆ پووچەڵکردنەوەی هێرشە ئەلیکترۆنییەکە و گەڕاندنەوەی سەلامەتیی تەواو بۆ سیستەمەکانی.
ئیکوینۆر دووپاتیشی کردووەتەوە کە تاوەکو ئێستا هیچ ئاماژەیەک نییە بۆ دزینی داتا و زانیارییەکانی کۆمپانیاکە، و جەختیشی کردووەتەوە کە هێرشەکە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر رەوتی کارکردن و پرۆسەی بەرهەمهێنانی وزە دروست نەکردووە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، 14ـی تشرینی دووەمی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی فڕۆکەوانیی فیدراڵیی ئەمریکا، جووڵەی گەشتە ئاسمانییەکانی لە سەرجەم فڕۆکەخانەکانی وڵاتەکە راگرت، ئەمەش لە چوارچێوەی بڕیارێکدا کە بە دەگمەن وەسف کرا و هۆکارەکەشی بۆ بارودۆخی نائاسایی و هۆکاری پەیوەست بە سەلامەتی گەڕێندرایەوە.
هەروەها لە کۆتاییەکانی مانگی رابردوو، پلاتفۆڕمی ئاڵوگۆڕی دراوی دیجیتالی "باینانس" رایگەیاندبوو، لە ئەنجامی "رووداوێکی ئەمنی" کە دەردەکەوێت گەورەترین دزیی کریپتۆ بێت لە مێژوودا، بڕی نزیکەی 6.3 ملیار دۆلار لە سەروەت و سامانی بەکارهێنەران دزراوە و کۆمپانیاکەش کۆریای باکوور تۆمەتبار دەکات.