ترەمپ: هەر هەڕەشەیەکی ئێران باجێکی قورسی بەدوادا دێت
سەرۆکی ئەمریکا لە پەراوێزی لووتکەی کۆمەڵەی وڵاتانی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا لە مانیلا رایگەیاند، واشنتن سەبارەت بە ئێران هەنگاو دەنێت. ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە قەیرانی نێوان هەردوو وڵات بەبێ هیچ پێشکەوتنێک لە دانوستانەکاندا بەردەوامە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 18ـی تشرینی دووەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە راپۆرتێکی سی ئێن ئێن لەبارەی ئەگەری هەوڵی ئێران بۆ هێرشکردنە سەر واشنتن، جەختیکردەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان بە جددی مامەڵە لەگەڵ ئەو پلانە دەکات.
لە وەڵامی رۆژنامەنووسێکدا سەبارەت بەوەی ئایا ئێران پلانی هەیە بۆ تەقاندنەوەی بۆمبی پیس لە پایتەختی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ بە سەری ئاماژەی بە بەڵێ کرد و گوتی: "ئێمە لێکۆڵینەوە لەو بابەتە دەکەین".
سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی بوونی هەر هەڕەشەیەکی نزیک بۆ سەر وڵاتەکەی وەڵامی دایەوە: "ئەگەر هەڕەشەیەک هەبێت، باجێکی وا دەدەن کە پێشتر هیچ وڵاتێک باجی وای نەدابێت". ترەمپ روونیکردەوە، هیوادارن ئەو بارودۆخە روونەدات، بەڵام بەهۆی هەڵسوکەوتەکانی ئێران، ئیدارەکەی بە جددی چاودێریی بابەتەکە دەکات.
پێشتر مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیارێکدا لە مانیلا سەبارەت بە هەمان راپۆرتی سی ئێن ئێن کە پشتی بە هەڵسەنگاندنی هەواڵگریی ئەمریکا بەستووە، رایگەیاند: "نیگەران نیم، باوەڕم وانییە هیچ هەڕەشەیەکی نزیک هەبێت".
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا روونیکردەوە، حکوومەتی وڵاتەکە هەمیشە چاودێریی هەر بابەتێک دەکات کە هەڕەشە بێت بۆ سەر سەلامەتی و ئاسایشی ویلایەتە یەکگرتووەکان.
هاوکات لە بەرامبەر ئەم راپۆرتانەدا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەرجەم تۆمەتەکانی رەتکردەوە و بە بێ بنەما ناوی بردن.