سەرکردەیەکی رەوتی حیکمە: زەیدی و حزبوڵڵا لە رێککەوتن نزیک دەبنەوە
دۆسیەی ناوچەی جورف سەخر لە نێوان لێکتێگەیشتنی سیاسی و ئامادەباشیی سەربازیدایە؛ لە کاتێکدا بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان باس لە گەیشتن بە رێککەوتنی زارەکی و کۆتاییهاتنی ئەگەری شەڕ لە نێوان حکوومەتی عێراق و کەتائیبی حزبوڵڵا دەکەن.
فەهد جبووری، سەرکردە لە رەوتی حیکمەی نیشتمانی، بە کوردستان24ـی راگەیاند، گفتوگۆکانی نێوان کەتائیبی حزبوڵڵا و حکوومەتی عێراق لەسەر دۆسیەی جورف سەخر گەیشتووەتە لێکتێگەیشتن و رێککەوتنی زارەکی، هاوکات ئەگەرە نەخوازراوەکان کۆتاییان هاتووە، فەهد جبووری جەختیکردەوە، مەرجەکانی هەردوولا تا ئێستا بە نووسراو ئامادە نەکراون.
یاسر تەمیمی، ئەندامی تیمی نووسینگەی راگەیاندنی نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک رایگەیاند، کۆتایی بە فیتنە هاتووە و شەڕ روو نادات.
رۆیتەرز روونیکردەوە، زەیدی پلانی رووبەڕووبوونەوەی گرووپە شیعەکانی سەر بە هاوپەیمانیی ئێران دادەنێت، کە ئەمە مەترسیدارترین هەنگاوی ئەو سەرۆکوەزیرانەیە. لەو چوارچێوەیەدا، هێزی زیاتری ئەمنی لە دەوروبەری جورف سەخر بڵاوەیان پێکراوە و لەوپەڕی ئامادەباشیدان بۆ چوونە ناو ئەو ناوچەیە.
بەگوێرەی راپۆرتەکەی ئاژانسەکە، هێزە ئەمنییەکان خۆیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی بەهێزترین هاوپەیمانیی ئێران لە عێراق ئامادە کردووە، لەکاتێکدا ئەو گرووپە بە قاچاخچێتیی نەوت تۆمەتبار دەکرێن.
راپۆرتەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، زەیدی بە باشی ئاگاداری توانای وەڵامدانەوەی ئەو گرووپانەیە. هەروەها روونیکردەوە، پێنج ساڵ لەمەوبەر کە مستەفا کازمی سەرۆکوەزیران بوو، گرووپەکان هەڕەشەیان لێکرد و بە درۆن هێرشیان کردە سەر ماڵەکەی لە بەغدا.