نەوتی سپی لە دهۆک دابەش دەکرێت
یەکەم کاروانی نەوتی سپی ماڵان گەیشتە دهۆک و بڕیاریشە ئەمڕۆلە ناوچە شاخاوییەکانی سنووری پارێزگای دهۆک دابەش دەکرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 18ـی تشرینی دووەمی 2026 نەوتی سپی لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای دهۆک دابەش دەکرێت، ئەمەش دوای ئەوەی شەوی رابردوو یەکەم کاروانی نەوتی سپی گەیشتە کۆگاکانی ئەو پارێزگایە.
بەگوتەی بەرپرسانی وەزارەتی سامانەسرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نزیکترین کاتدا، ئەو بڕە نەوتەی لەلایەن حکومەتی عێراق بۆ هەولێر، سلێمانی و هەڵەبجە دیاریکراوە دەگاتە ئەو پارێزگایانە.
پێشتر فەلاح سەید مەولوود، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی کانزاکان لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان رایگەیاندبوو، ساڵانە لە مانگی ئاب نووسراو ئاراستەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ دەکەن، بۆ نەوتی ماڵان و بۆ ئەمساڵیش داوای 268,710,600 لیتر نەوتی سپی ماڵانیان کردووە، بەڵام حکوومەتی عێراق پێی راگەیاندوون کە ئەم بڕە ئامادە نییە و تەنیا 50 ملیۆن لیتر دەنێرن، واتە 19%ـی ئەو نەوتە دەنێرن کە پێویستە بە خێزانەکانی هەرێمی کوردستان بدرێت.