هەولێر.. پێشانگەی شێوەکاری 'رۆحی هونەر' کرایەوە
ئەرکان موسا دۆلەمەری، شێوەکاری کورد، دووەمین پێشانگەی تایبەتی خۆی بە ناونیشانی "رۆحی هونەر"، رۆژی سێشەممە، 17ی تشرینی دووەمی 2026، لە ناوەندی گەنجانی هەولێر کردەوە و ماوەی پێنج رۆژ بەردەوام دەبێت.
چوارشەممە، 18ی تشرینی دووەمی 2026، ئەرکان موسا دۆلەمەری، سەبارەت بە کردنەوەی ئەم پێشانگەیە بە کوردستان24ی راگەیاند، "دوای حەوت مانگ کاری بەردەوام و خەرجکردنی کات و وزەی خۆم بۆ ئامادەکردنی تابلۆکان، توانیومە 23 بەرهەمی هونەری ئامادە بکەم و لە چوارچێوەی دووەم پێشانگەی تایبەتی خۆم دا پێشکەشی بینەران و ئامادەبووانی بکەم."
ئەرکان موسا سەبارەت بە تابلۆکانی پێشانگەکەی گوتی، "بەرهەمەکانی ئەم پێشانگەیەم تەنیا کۆمەڵێک وێنەی رەنگاوڕەنگ نین، بەڵکو هەر تابلۆیەک هەوڵێکە بۆ گواستنەوەی بیرۆکە، هەست و پەیامێکی تایبەت لە رێگەی زمانی هونەرەوە؛ زمانیك کە سنووری زمان و وشە دەبەزێنێت و دەتوانێت مێژوو و کولتوور و ناسنامەی گەلێک بە شێوەیەکی بینراو بگەیەنێتە بینەر."
ئەو شێوەکارە باسی لەوەش کرد، "لە ناوەڕۆکی تابلۆکانم دا، چەندین بابەتی پەیوەست بە نیشتمانی کوردستان رەنگیان داوەتەوە؛ لەوانە وێنە و رەمزەکانی پەیوەست بە سەرکردەکان، کولتوور و دابونەریتی کوردی، سروشت و جوانییەکانی، هەروەها مێژووی پڕ لە رووداو و یادەوەرییەکانی ئەم نیشتمانە."

سەبارەت بە بابەتە گرنگەکانی ناو تابلۆکانی، ئەرکان موسا دەڵێت، "هەر یەک لەو بابەتانە بە شێوەیەکی جیاواز لە تابلۆکانم دا دەردەکەون و بینەر لە رێگەی وردبوونەوە لە وردەکارییەکانیانەوە، دەرفەتی ئەوەی دەبێت چەندین رەهەندی ناسنامە و ژیانی کوردی بخوێنێتەوە. ئەمەش وای کردووە پێشانگەکە لە ئاستی پیشاندانی کارە هونەرییەکاندا نەوەستێتەوە، بەڵکو ببێتە دەرفەتێک بۆ بیرکردنەوە لە پەیوەندیی هونەر بە نیشتمان و مێژوو و کولتوور."
ئەرکان موسا گوتیشی، "لە بەشێکی دیکەی پێشانگەکەم دا، تابلۆ فکرییە تایبەتەکانیش هەن کە گوزارشت لە بیرۆکە و تێڕوانینی من دەکەن و بە شێوەیەکی رەمزی، رەنگدانەوەی بنچینە و بەهاکانی کۆمەڵگەی کوردی دەخەنەڕوو. ئەم جۆرە بەرهەمانە دەرفەت بە بینەر دەدەن تەنیا لە رووی جوانیی دەرەوەی تابلۆکانەوە سەیریان نەکات، بەڵکو لە ناوەڕۆک و پەیامی شاراوەیاندا ورد ببێتەوە."
ئەو شێوەکارە باس لە ئامانجی سەرەکی کردنەوەی ئەو پێشانگەیەی دەکات و دەڵێت، "ئامانجی سەرەکیم لە ئەنجامدانی ئەم کارە هونەرییانەدا، ناساندنی کوردستانە بە جیهان و من هەمیشە هەوڵم داوە لە رێگەی هونەرەکەمەوە نیشتمانەکەم بە دونیا بناسێنم. ئەم تێڕوانینە نیشانەی ئەوەیە لەلای من شێوەکاری تەنیا پیشەیەک بۆ دروستکردنی بەرهەمی جوان نییە، بەڵکو ئامرازێکە بۆ پاراستن و ناساندنی ناسنامەی نەتەوەیی و گواستنەوەی بەشێک لە مێژوو و کولتووری کورد بۆ ئەوانەی لە دەرەوەی ئەم جوگرافیایەوە سەیری دەکەن."

ئەرکان موسا، لە ساڵی 1995 لەدایکبووە و دانیشتووی ناوچەی شاخەوانییەکانی کوردستانە. هەر لە منداڵییەوە هەمیشە بەدوای هونەرمەندە مێژووییەکان و کارە هونەرییەکانیاندا دەگەڕا، لێکۆڵینەوەی دەکرد و زانیاری وەردەگرت. بە تایبەتی کاتێک گۆڕانکاریی گەورە لە کارەکانیدا روویان دا، رێگای نوێی تاقی کردەوە و راهێنانی دووبارەی بۆ کردن تا شێوازەکانی تایبەتتر و ناوازەتر دەربکەون.
