راوێژکاری دارایی زەیدی: دەرکردنی دیناری ئەلیکترۆنی ئابووریی عێراق دەبووژێنێتەوە

مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق، دەستپێشخەریی دەرکردنی (دیناری ئەلیکترۆنی)ـی بە هەنگاوێکی ستراتیژی بۆ مۆدێرنکردنی سیستەمی دارایی و گۆڕانکاریی دیجیتاڵی لە عێراق وەسف کرد.

ئەمرۆ چوارشەممە، 18ـی تشرینی دووەمی 2026، مەزهەر محەمەد ساڵح بە میدیای فەرمی حکوومەتی راگەیاند "دەرکردنی دیناری ئەلیکترۆنی لە ئەگەری بوونی چوارچێوەیەکی یاسایی تەواو، دەبێتە درێژکراوەیەکی دیجیتاڵیی دراوی نیشتمانی، نەک دەرکردنی دراوێکی نوێ".

ئەو راوێژکارە روونیکردەوە، ئەم پڕۆژەیە بەشداری لە کەمکردنەوەی پشتبەستن بە پارەی کاخەز، بەهێزکردنی شەفافییەت، سنووردارکردنی مامەڵە ناڕێکخراوەکان و بەرزکردنەوەی کارایی سووڕی نەختینە لە ئابووریی نیشتمانیدا دەکات، هاوکات پڕۆژەکە توانای پارەدان و گواستنەوەی دارایی بەرز دەکاتەوە و بازنەی گشتگیریی دارایی فراوانتر دەکات.

مەزهەر محەمەد ستایشی رۆڵی بانکی ناوەندیی عێراقی کرد لە سەرکردایەتیکردنی پڕۆسەی گۆڕانکاریی دیجیتاڵی لە سیستەمی بانکیدا. ئەمە لە رێگەی پەرەپێدانی سیستەمەکانی پارەدانی ئەلیکترۆنی، فراوانکردنی بەکارهێنانی جزدانە ئەلیکترۆنییەکان و کارتی بانکی، مۆدێرنکردنی سیستەمەکانی پاکتاوکردن و گواستنەوە و بەهێزکردنی ژێرخانی پارەدانی نیشتمانی ئەنجام دراوە.

روونیکردەوە، ئەو دەستکەوتانە بنەمایەکی دامەزراوەیی و تەکنیکیی گرنگن بۆ گواستنەوە بەرەو قۆناغێکی پێشکەوتووتری خزمەتگوزارییە دارایی و بانکییەکان.

سەبارەت بە ئامادەکارییەکان، ئاشکرایکرد عێراق خاوەنی بنەما گرنگەکانە بۆ چوونە ناو ئابووریی دیجیتاڵییەوە. سەرکەوتنی پڕۆژەکە پێویستی بە تەواوکردنی ژێرخانی پەیوەندییەکان، بەهێزکردنی ئاسایشی دیجیتاڵی، پەرەپێدانی یاسادانان و چەسپاندنی متمانەی کۆمەڵگە بە مامەڵە ئەلیکترۆنییەکان هەیە.

سەبارەت بە کاریگەریی نەختینە، راوێژکارەکەی سەرۆکوەزیران گوتی: دیناری ئەلیکترۆنی بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی نەختینەی زیادە دروست ناکات، بەڵکو توانای بەڕێوەبردنی نەختینەی بەردەست بەرز دەکاتەوە، ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت لە گواستنەوەی پارە لە مامەڵەی کاش و هەڵگرتنی لە دەرەوەی سیستەمی بانکی، بەرەو کەناڵەکانی پاشەکەوت، قەرز و وەبەرهێنانی بەرهەمدار.

مەزهەر محەممەد ساڵح دووپاتیکردەوە، دەستکەوتەکانی بانکی ناوەندیی عێراق لە بواری مۆدێرنکردنی دارایی و دیجیتاڵیدا هەوڵێکی دامەزراوەییە. قۆناخی داهاتوو پێویستی بە یەکخستنی هەوڵەکانی نێوان بانکی ناوەندی، حکوومەت، بانکەکان و کەرتی تایبەت هەیە، تا گۆڕانکاریی دیجیتاڵی ببێتە هۆکارێکی راستەقینە بۆ گەشەی ئابووری، سەقامگیریی دارایی و گەشەپێدانی بەردەوام.