رۆیتەرز: سعوودیە خۆی بۆ درێژەدان بە شەڕی حووسییەکان ئامادە دەکات
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری بەرپرسانی رۆژئاوایییەوە بڵاوی کردەوە، سعوودیە خۆی ئامادە دەکات بۆ ئەوەی شەڕی دژ بە گرووپی حووسییەکانی یەمەن بۆ ساڵی داهاتووش درێژ ببێتەوە، سەرەڕای ئەو پاشەکشە مەیدانییانەی لە یەمەن تووشی بوونەتەوە و ئەو هێرشانەی ژیانی ناوخۆیی و پڕۆژە ئابوورییەکانی ریازیان پەک خستووە.
چوارشەممە 18ـی تشرینی دووەمی 2026، بە گوێرەی زانیارییەکانی رۆیتەرز، بەرپرسانی سعوودیە پێشبینی دەکەن هەڵمەتە سەربازییەکە تا شەش مانگی دیکە بخایەنێت، بە ئامانجی ئەوەی هێزە یەمەنییەکانی هاوپەیمانی ریاز پێش هەر دانوستانێک لەگەڵ حووسییەکان بتوانن دەستکەوتی مەیدانی بەدەست بهێنن.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، گەیشتن بە رێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئێران رەنگە دۆخی یەمەنیش هێور بکاتەوە، بەڵام ریاز پێی وایە ئەگەر ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پشتیوانیی سەربازیی هێرشبەرانە پێشکەش بکات، هێزەکانی سەر بە سعوودیە لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا دەتوانن پێشکەوتن تۆمار بکەن.
لە گۆڕەپانی مەیدانیی یەمەندا، دوای ئەوەی حووسییەکان کەناراوەکانی رۆژئاوای دەریای سوور و گەرووی ستراتیژیی بابل مەندەبیان کۆنترۆڵ کردەوە و گەمارۆی شاری تەعزیان دا، هێزەکانی حکوومەتی یەمەن هەفتەی رابردوو بەرەو شاری عەدەنی پایتەختی کاتی پاشەکشەیان کرد. لەبەر ئەوەش، رۆژی دووشەممە سعوودیە فەرماندەی هاوپەیمانیی سەربازیی گۆڕی و ئێستا هێزەکان خۆیان بۆ پاراستنی عەدەن و گۆڕینی بەرەی هێرشەکان بۆ رۆژهەڵات رێک دەخەنەوە.
لە لایەکی دیکەوە، هێرشەکانی حووسییەکان بۆ سەر ناوخۆی سعوودیە زیانی راستەوخۆیان بە ریاز گەیاندووە؛ هەفتەی رابردوو هێرشێک زیانی گەورەی بە تاوەری ئیداریی کۆمپانیای نەوتی ئارامکۆ لە ریاز گەیاند و هێرشە یەک لە دوای یەکەکانیش بوونەتە هۆی داخرانی فڕۆکەخانەی ریاز بەڕووی زۆربەی گەشتەکاندا لە مانگی تشرینی یەکەمەوە.
هەر بەهۆی ئەم دۆخەشەوە چەندین کۆنفرانسی ئابووری هەڵوەشێنرانەوە و پاڵەوانێتیی جامی نەتەوەکانی ئاسیای 2027 لە مانگی کانوونی دووەمەوە بۆ کانوونی یەکەمی هەمان ساڵ دواخرا، هاوکات گوتاری فەرمیی سعوودیە و وتاری مزگەوتەکانی ریازیش روویان لە پشتیوانیکردنی راستەوخۆی سەربازانی سنووری باشوور کردووە.