لووتکەی شێنجێن دەبێتە یاڵتایەکی نوێ بۆ دابەشکردنەوەی جیهان
پاش ئەوەی هەریەکە لە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، ڤلادیمێر پووتین سەرۆکی رووسیا و شی جینپینگ سەرۆکی چین گەیشتنە شاری شێنجێنی باشووری چین بۆ بەشدارییکردن لە لووتکەی هاوکاریی ئابووریی ئاسیا و زەریای هێمن (ئاپیک)، تەواوی چاوەکان لەسەر دیدارە سێقۆڵییە مێژووییەکەی سبەی پێنجشەممەن؛ ئەو کۆبوونەوەیەی کە لە نێوان چاودێراندا مشتومڕێکی قووڵی لێکەوتووەتەوە لەبارەی ئەوەی ئایا جیهان لە بەردەم یاڵتای دووەمدا وەستاوە بۆ دابەشکردنەوەی ناوچەکانی هەژموون، یان تەنیا نمایشێکی دیپلۆماسیی سێ سەرکردەیە کە هەر یەکەیان بەدەست کێشە و قەیرانی ناوخۆیی و دەرەکییەوە دەناڵێنێت.
لە هەنگاوێکی دەگمەندا کە پڕۆتۆکۆلی دەیان ساڵەی چینی شکاند، شی جینپینگ ئەمڕۆ چوارشەممە 18ـی تشرینی دووەمی 2026، خۆی لە فڕۆکەخانەی شێنجێن پێشوازیی لە دۆناڵد ترەمپ کرد لە کاتی دابەزینی لە فڕۆکەدا، ئەو و شی جینپینگ باوەشێکی کورتیان بەیەکدا کرد و بەسەر فەرشی سووردا لە نێو ئاڵا و پێشوازیی هاووڵاتییاندا رۆیشتن و شەقامەکانی شارەکەش بۆ کاروانی ئۆتۆمبێلەکەی سەرۆکی ئەمەریکا چۆڵ کران
ئەمەش وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ ئەو پێشوازییەی ترەمپ لە مانگی ئەیلوولدا لە بنکەی ئاسمانیی ئەندروز لە واشنتن لە سەرۆکی چینی کردبوو. لە مەراسیمی پێشوازییەکەدا فڕۆکە جەنگییەکان بە ئاسماندا تێپەڕین و سروودی نیشتمانیی هەردوو وڵات لێدرا؛ پاشان هەردوو سەرۆک لە هۆڵی لووتکەی ئاپیک لەگەڵ ڤلادیمێر پووتین و سەرکردەکانی دیکە تەوقەیان کرد و وێنەی بەکۆمەڵیان گرت پێش خوانی فەرمیی ئێوارە.
لە گوتاری دەستپێکی لووتکەکەدا، سەرۆکی چین هەوڵی دا وڵاتەکەی وەک هاوبەشێکی سەقامگیر و پارێزەری بازرگانیی ئازاد و کراوە لەژێر چەتری رێکخراوی بازرگانیی جیهانیدا وێنا بکات، و دژایەتیی خۆی بۆ تاکلایەنگری و سیاسەتی پێناسە گومرگییەکان راگەیاند، لە کاتێکدا بەیژینگ ساڵانە زیاتر لە ترلیۆنێک دۆلار زیادەی بازرگانیی هەیە و واشنتنیش سزای نوێی خستووەتە سەر دەستڕاگەیشتنی چین بە چیپە پێشکەوتووەکانی ژیریی دەستکرد.
لای خۆیەوە، ڤلادیمێر پووتین بە زمانێکی توند قسەی کرد، تەنانەت دوای ئەوەی ئۆکرانیا گورزی لە پردی ستراتیجیی کریمیا وەشاندبوو. سەرۆکی رووسیا هێزە رۆژئاواییەکانی بە باڵادەستەکانی رابردوو ناوبرد و رایگەیاند، ئەوروپا لە پاشەکشەیەکی خراپ دایە و سزاکانی رۆژئاوا دژی مۆسکۆ شکستیان هێناوە؛ هەروەها داوای دیالۆگی کرد لە بری ئاگادارکردنەوە و هەڕەشە.
سێ سەرکردە بە سێ ئەجێندا و ئامانجی تەواو جیاوازەوە
کۆبوونەوە سێقۆڵییەکەی سبەی پێنجشەممە بەبێ بوونی کارنامەیەکی دیاریکراو و واژۆکراو بەڕێوە دەچێت، چونکە هەر یەکە لەم سێ زلهێزە بە ئامانج و پێداویستیی جیاوازەوە دەچنە سەر مێزەکە:
بۆ ڤلادیمێر پووتین، تەنیا ئەنجامدانی ئەم کۆبوونەوەیە سەرکەوتنێکی رەمزیی گەورەیە، چونکە دوای چوار ساڵ لە هەوڵی رۆژئاوا بۆ گۆشەگیرکردنی، پوتین دەگەڕێتەوە سەر شانۆی سەرەکیی جیهان شانبەشانی ئەمەریکا و چین. مۆسکۆ دەیەوێت لە رێگەی ئەم لووتکەیەوە ئۆکرانیا و سیستەمی نوێی ئەمنیی ئەوروپا بکاتە تەوەرەی گفتوگۆ و بە مەرجەکانی خۆی جەنگەکە کۆتایی پێ بهێنێت.
بۆ دۆناڵد ترەمپ، کە پارتەکەی هەفتەی رابردوو لە هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێسدا بەهۆی گرانی و جەنگی ئێرانەوە تووشی شکستێکی قورس بوو و لە مانگی کانوونی دووەمدا رووبەڕووی کۆنگرێسێکی دیموکرات دەبێتەوە، دەستکەوتێکی دیپلۆماسیی گەورە لە دەرەوە گرنگییەکی زۆری هەیە.
ترەمپ دەیەوێت گفتوگۆ لەسەر داماڵینی چەکی ئەتۆمی لە نێوان هەر سێ وڵاتەکەدا بکاتەوە دوای ئەوەی پەیماننامەی دووقۆڵیی ئەتۆمیی ئەمەریکا و رووسیا لە شوباتی رابردوو بەسەرچوو و هاوکات پاڵپشتی یان رێگەچارەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئێران بدۆزێتەوە؛ ئەمە جگە لە بەدواداچوون بۆ ئاگربەستی بازرگانی لەگەڵ چین کە لە 10ی کانوونی دووەم وادەکەی تەواو دەبێت و پرسەکانی هەناردەکردنی کانزا دەگمەنەکان و تەنانەت ئەگەری باسکردنی کەیسی سیخوڕی و کۆمپانیای ئێنڤیدیا.
بەڵام بۆ شی جینپینگ، میوانداریکردنی ئەم لووتکەیە پڕ لە مەترسی و دوودڵییە. سەرۆکی چین بە شێوازێکی توند و بەرنامەبۆداڕێژراو کار دەکات کە دژبەری شێوازی کتوپڕ و پێشبینینەکراوی ترەمپە.
بەیژینگ بە هیچ شێوەیەک نایەوێت بچێتە نێو دانوستانی سنووردارکردنی چەکی ئەتۆمی، چونکە لە کاتێکدا ئەمەریکا و رووسیا هەر یەکەیان زیاتر لە پێنج هەزار کڵاوەی ئەتۆمییان هەیە، چین خاوەنی نزیکەی 500 کڵاوەیە و نایەوێت کۆتوبەند بخرێتە سەری. هاوکات چین خۆی بەدوور دەگرێت لەوەی دۆسیەی ئۆکرانیا ببێتە تەوەرەی سەرەکیی کۆبوونەوەکە، چونکە لەم کاتەدا بەیژینگ لە هەوڵی چاککردنەوەی پەیوەندییە بازرگانییەکانییەتی لەگەڵ ئەوروپا و نایەوێت بە پشتگیریکردنی دیدگای پووتین، بەرلین و برۆکسل لە خۆی تووڕە بکات.
مۆتەکەی یاڵتا دوو؛ بۆچی وڵاتانی بچووک و ئەوروپا دەترسن؟
لای ناسیۆنالیستەکانی رووسیا، وەک ئەلێکساندەر دوگین و دانوستانکاری سەرەکیی کرێملن ڤلادیمێر مەدینسکی، لووتکەی شێنجێن بە "یاڵتای دووەم" ناودەبرێت.
لە شوباتی ساڵی 1945دا، فرانکلین رۆزڤێڵت، سەرۆکی ئەو کاتی ئەمریکا وینستن چەرچڵ، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی بەریتانیا و جۆزێف ستالین، سەرۆکی ئەو کاتی یەکێتیی سۆفیەت، لە کۆنفرانسی یاڵتا لە کریمیا کۆبوونەوە و نەخشەی جیهانی دوای جەنگی دووەمی جیهانییان کێشا، کە تێیدا پۆڵەندا و نیوەی ئەوروپا کرانە قوربانی و خرانە ژێر دەسەڵاتی سۆڤیەت و پەردەی ئاسنین، ئەمەش بووە سەرەتای جەنگی سارد.
لەبەر ئەم مێژووە تاڵە، وڵاتانی دەرەوەی مێزی گفتوگۆی شێنجێن، بەتایبەت ئۆکرانیا، وڵاتانی ئەوروپای رۆژهەڵات، بەڵتیک و تەنانەت تایوان و ئێران، لە دڵەڕاوکێیەکی قووڵدان لەوەی ببنە قوربانیی سەودا و رێککەوتنی نهێنیی نێوان سێ زلهێزەکە.
ڤلۆدیمێر زێلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا هۆشداریی داوە کە نایانەوێت ئەم لووتکەیە ببێتە "یاڵتای 2 و 3 و 4" بۆ دابەشکردنەوەی جیهان. ئەندرێ سیبیها، وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیاش بە تەنزەوە لەسەر خەونەکانی پووتین گوتی: "بۆ ئەوەی پێشنیازی داڕشتنەوەی نەخشەی ئەوروپا و یاڵتا بکەیت، پێویستە سەرەتا لە جەنگێکی جیهانیدا سەرکەوتوو بووبیت؛ لە کاتێکدا رووسیا زیاتر لە ملیۆنێک و 600 هەزار سەربازی بە کوژراو و بریندار لەدەست داوە و هیچ کام لە ئامانجەکانی نەپێکاوە." هاوکات وەزیرێکی ئەوروپیی دیکە لووتکەکەی بە کۆنفرانسی میونخ لە ساڵی 1938 چواند کە تێیدا چیکۆسلۆڤاکیا کرا بە قوربانی، بەڵام جەختی کردەوە کە ئۆکرانیا خۆی بەدەستەوە نادات.
جەنگی ئۆکرانیا، ململانێی ناوخۆیی ئەمەریکا و یادەوەریی تاڵی 1945
لە رووی ئابووری و سەربازییەوە، شیکەرەوان ئاماژەیان بەوە داوە کە ئابووریی رووسیا حەوت هێندە لە ئابووریی یەکێتیی ئەوروپا بچووکترە و جەنگەکەی لە ئۆکرانیا درێژتر بووەتەوە لە جەنگی سۆڤیەت دژی ئەڵمانیای نازی، لە کاتێکدا سوپای رووسیا هێشتا لە هەمان گوندەکانی ناوچەی زاپۆریژیا دەجەنگێت کە ساڵێک پێش ئێستا هەوڵی کۆنترۆڵکردنیانی دەدا.
هاوکات تۆم کۆتن، سیناتۆری کۆماری، دانوستانەکانی جارید کوشنەر و ستیڤ ویتکۆفی لەگەڵ رووسیا بە شانۆگەریی گاڵتەجاڕ ناوبرد و گوتی پووتین تەنیا کاتێک دەوەستێت کە بزانێت ناتوانێت بیباتەوە؛ لە لایەکی دیکەشەوە ترەمپ پێشتر داوای گۆڕینی سەرۆکی ئۆکرانیای کردبوو دوای ئەوەی زێلێنسکی رەتی کردەوە هێرشەکانی بۆ سەر پاڵاوگە نەوتییەکانی رووسیا وەک پاڵاوگەی سامارا رابگرێت.
سەبارەت بە ترسی یاڵتای دووەم، توێژەران وردەکاریی مێژووییان لەسەر کۆنفرانسی شوباتی 1945 و رێککەوتنی دابەشکردنی رێژەکان لە ساڵی 1944ی نێوان چەرچڵ و ستالین خستەڕوو؛ بە نموونە ئەوەی چۆن سوپای سوور لە کاتی راپەڕینی وارشۆدا لەسەر رووباری ڤیستولا چاوەڕوانی کرد تا نازییەکان هێزی پۆڵەندییەکان تێکبشکێنن، هەروەها بێباکیی فرانکلین رۆزڤێڵت کە تەنیا دوو مانگ پێش مردنی و لە کۆنفرانسی تاران لە 1943دا گوتبووی "بەلایەوە گرنگ نییە پۆڵەندا چی بەسەر دێت" و بە یاوەریی دیپلۆماتکار ئاڵجەر هیس کە دواتر دەرکەوت سیخوڕی سۆڤیەت بووە پۆڵەندا و نیوەی ئەوروپای بەدەستەوە دا، ئەو هەنگاوەی کە جۆرج بوش لە ئایاری 2005 لە لاتڤیا بە خیانەتێک ناوی برد کە ملیۆنان کەسی خستە ژێر دەسەڵاتی کۆمۆنیزم.

کۆبوونەوەی زلهێزەکان یان "لووتکەی سێقۆڵی لاواز"؟
لە لایەکی دیکەوە، زۆرێک لە شارەزایان پێیان وایە پێشبینی بۆ دەرچوونی رێککەوتنێکی مێژوویی و گەورە لە شێنجێن زۆر لاوازە. سیناتۆری ئیتاڵی کارلۆ کالێندا ئەم دیدارەی بە "لووتکەی سێ لاوازی" ناوبرد و ئاماژەی بەوە دا، رووسیا لە رووی ئابوورییەوە تێکشکاوە و لە رووی سەربازییەوە لە ئۆکرانیا گیراوە، ترەمپ لە ناوخۆدا پێگەی لاواز بووە و گیرۆدەی جەنگی ئێرانە، و چینیش رووبەڕووی سستبوونی ئابووریی ناوخۆیی بووەتەوە.
کیڤن راد، سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئوسترالیا و شارەزای کاروباری چینیش پێی وایە کە لووتکەکە هیچ دابەشکارییەکی خاکی جیهانی لێ ناکەوێتەوە، چونکە خواستی بەیژینگ ئەوەیە ئەم جۆرە کۆبوونەوانە بە تەواوی لەسەر پڕۆتۆکۆلی نووسراو بن و بەبێ دەرەنجامی گەورە تێپەڕن، تاوەکو چین تەنیا وەک هێزێکی بەرپرسیار و نێوەندگیر دەربکەوێت نەک هاوپەیمانێکی کوێرانەی مۆسکۆ. لە هەمان کاتدا، شرۆڤەکارانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، وەک چارلز کوپچان، پێیان وایە کە سەردەمی تاکجەمسەریی ئەمەریکا بەرەو کۆتایی دەچێت و جیهان ناچارە لەگەڵ واقیعی فرەجەمسەری و گفتوگۆکردن لە نێوان دەوڵەتە زلهێزەکاندا رابێت، هەرچەندە مەترسیی لێکترازانی هاوپەیمانیی رۆژئاوا و ناتۆی لەپشت بێت.
لە دەرئەنجامدا، چاوەکان لەسەر شێنجێن تەنیا لە ئۆکرانیا و بازرگانیدا قەتیس نەماون؛ بەڵکوو پرسیاری ئەوەش لە ئارادایە ئایا ترەمپ لە چینەوە دەتوانێت هاوکاریی بەیژینگ بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی جەنگی ئێران و پاراستنی رێڕەوە ئاوییەکانی گەرووی هورمز بەدەست بهێنێت کە چین پێویستیی بە نەوتەکەی هەیە و لە پەراوێزی گەشتەکەیدا دیداریش لەگەڵ کیم جۆنگ ئون رێکدەخات یان نا، لە کاتێکدا تەواوی جیهان بە هەستیارییەوە چاودێریی دەرئەنجامەکانی ئەم کۆبوونەوە مێژووییە دەکات.

"دۆکتریینی دۆنرۆ"، "تەڵەی کیندلبێرگەر" و رۆڵی چین لە ئێران
ئەم دیدگایەی ئێستای کۆشکی سپی دەگەڕێتەوە بۆ بەڵگەنامەی ئاسایشی نەتەوەیی ساڵی 2025ی ترەمپ و ئەوەی پێی دەگوترێت "دۆکتریینی دۆنرۆ"، کە تێیدا نیوەگۆی رۆژئاوا بە ناوچەی قەڵەمڕەوی ئەمەریکا دادەنرێت و رێز لە هەژموونی چین و رووسیا دەگیرێت لە ناوچەکانی خۆیاندا.
لە کاتێکدا پڕۆفیسۆر مینگهوا ژاو لە زانکۆی فودان دەڵێت جەنگی ئۆکرانیا هەڵەی ستراتیجیی پووتینە و جەنگی ئێران هەڵەی ستراتیجیی ترەمپە و چین تەنیا دەرەنجامەکان بەڕێوە دەبات، دکتۆر وانگ هۆیاو، سەرۆکی سەنتەری چین و جیهانگیری، ئاماژەی بە تەڵەی کیندلبێرگەر کرد واتە ئەو ئاژاوە جیهانییەی بەهۆی نەبوونی سەرکردایەتیی نێودەوڵەتییەوە دروست دەبێت و پێشبینیی کرد، چین رەنگە گەرەنتی لە دۆسیەی ئێراندا بدات، بەتایبەت کە تاران پێشوازیی لێ دەکات و بەیژینگیش پێویستی بە کرانەوەی رێڕەوە ئاوییەکانی کەنداوە بۆ نەوت. تۆنگ ژاو لە ناوەندی کارنیگیی چینیش جەختی کردەوە، جەنگی ئێران کۆگای چەکی ئەمەریکای لاواز کردووە و سەرچاوە سەربازییەکانی واشنتنی لە ئاسیا دوور خستووەتەوە، ئەمەش سوودی راستەوخۆی بە چین گەیاندووە.
ماریا تادێۆ سەرنووسەری کاروباری ئەوروپا لە یۆرۆنیوزیش هۆشداریی دا کە زیاتر لە 4 هەزار کیلۆمەتر لە سنووری رۆژهەڵاتی ئەوروپا لە مەترسیدایە و دەبێت یەکێتیی ئەوروپا واز لە سیاسەتی "پەسەندکردنی ترەمپ" بهێنێت و نوێنەرێکی تایبەت بە دەسەڵاتی سیاسییەوە دیاری بکات و بودجەی ئۆکرانیا مسۆگەر بکات لە کاتێکدا ناڕەزایەتییەکانی دژی گرانی لە ئەوروپا لە پەرەسەندندان.
هاوکات جۆن ئایکێنبێری بیرمەندی لیبراڵ دابەشکردنی جیهان لەگەڵ دەسەڵاتە تاکڕەوەکانی بە مەترسیدار ناوبرد، بە پێچەوانەی چارلز کوپچان کە پێی وایە لە سەردەمی بەهێزبوونی وڵاتانی باشووری جیهان وەک چین و هیندستان و ئەندەنوسیادا، دەبێت رۆژئاوا فێری مامەڵەکردن و هاوژیانی ببێت لەگەڵ سیستمە نا دیموکراتییەکان.