وەزیری بەرگریی عێراق فەرمانی پشکنینی ماددەی هۆشبەری بۆ کارمەندانی وەزارەتەکەی دەرکرد

وەزیری بەرگریی عێراق فەرمانی کرد بە ئەنجامدانی پشکنینی ماددەی هۆشبەر بۆ سەرجەم ئەفسەر و کارمەندانی وەزارەتەکەی؛ هاوکات جەختی کردەوە کە ماددەی هۆشبەر لە تیرۆر مەترسیدارترە و پێویستە بە توندی رووبەڕووی ببنەوە.

نایف مەکیف شەممەری، وەزیری بەرگریی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، 18ـی تشرینی دووەمی 2026، فەرمانی کرد بە ئەنجامدانی پشکنینی ماددەی هۆشبەر بۆ سەرجەم ئەفسەر و کارمەندانی وەزارەتی بەرگری و داوای کرد پڕۆسەکە لە خۆیەوە دەست پێبکات.

لیوا یەحیا رەسووڵ، گوتەبێژی فەرمیی وەزارەتی بەرگریی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد؛ دوای دەرکردنی بڕیارەکەی وەزیری بەرگری، تیمێکی پسپۆڕ لە یەکەی بەڵگەی تاوان لە بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی سەربازی، نموونەی خوێنیان لە وەزیر وەرگرتووە بۆ ئەنجامدانی پشکنینەکە وەک یەکەم هەنگاوی جێبەجێکردنی بڕیارەکە.

وەزیری بەرگریی عێراق جەختی لەوە کردووەتەوە، ماددەی هۆشبەر لە تیرۆر مەترسیدارترە، بەهۆی ئەو زیانە گەورانەی هەڕەشە لە کۆمەڵگە و داهاتووی گەنجان دەکەن؛ هاوکات دووپاتی کردووەتەوە کە پێویستە بە توندی رووبەڕووی ببنەوە و هۆشیاری لەبارەی مەترسییەکانیەوە بڵاو بکەنەوە، لە پێناو پاراستنی سەلامەتیی کارمەندان و کارایی دامەزراوەی سەربازی.