هەرێمی کوردستان لە هاوردەکاری ئالیکەوە بووە بە هەناردەکار

 بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی راگەیاند، لە چەند رۆژی رابردوودا بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەولێر، رێگەپێدان و مۆڵەتی داوە بە هەناردەکردنی 5 هەزار تۆن لە ئالیکی بەرهەمهێنراوی کارگە و پڕۆژەکانی ناوخۆ بۆ وڵاتانی سووریا و تورکیا.

چوارشەممە 18ـی تشرینی دووەمی 2026، هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24 گوتی، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی زیادبوونی ژمارە و رێژەی کارگە و پڕۆژەکانی بەرهەمهێنانی ئالیک لە هەرێمی کوردستان و پشتیوانییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا دێت، بۆ دروستکردنی ژێرخانێکی پتەو وەک پاڵپشتییەکی کاریگەر بۆ سامانی ئاژەڵ. رایگەیاند، هاوتەریب لەگەڵ زیادبوونی پڕۆژەکاندا بڕی بەرهەمیش زیادی کردووە، بە جۆرێک دانەوێڵە و بەرهەمی جووتیارانی ناوخۆ دەکڕدرێتەوە و دوای سازکردن و ئامادەسازی لە کارگەکانی ئالیک، رەوانەی دەرەوە دەکرێت و بەشێکیشی رۆژانەش بۆ ناوخۆی عێراق هەناردە دەکرێت.

هێمن سەید موراد ئەوەی خستە روو، لە سنووری پارێزگای هەولێردا 29 پڕۆژەی ئالیک هەن و لە ژێر چاودێری و پشتیوانیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەولێردان. هەروەها تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی سامانی ئاژەڵ بەردەوام سەردانی پڕۆژەکان دەکەن و رێنماییان پێ دەدەن بۆ ئەوەی شێوازی بەرهەمهێنان لە ستانداردی جیهانی دەرنەچێت، ئەمەش وای کردووە خواستێکی زۆر لەسەر ئالیکی هەرێمی کوردستان هەبێت.

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر رایگەیاند، سەرەڕای پشتیوانییەکانی حکوومەت بۆ پڕۆژەکانی سامانی ئاژەڵ، کارگەکانی ئالیک بەشێک لە پێکهاتە ئالیکییەکان بە لێخۆشبوونی گومرگی (بەبێ گومرگ) هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت، ئەمەش وای کردووە نرخەکەی سەقامگیر و بەراورد بە ناوچەکە و وڵاتانی دەوروبەر هەرزانتر بێت، و لە وڵاتانی تورکیا، سووریا و شارەکانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی عێراقەوە بەردەوام خواستی لەسەر بێت.

هاوکات جەختی لەوەش کردەوە، لەگەڵ زیادبوونی پڕۆژەکانی ئالیکدا، ژمارەی پڕۆژەکانی سامانی ئاژەڵیش لە زیادبووندان، و هاوشێوەی پڕۆژەکانی هێلکە و گۆشتی مریشک کە گەیشتوونەتە قۆناخی خۆبژێوی، لە بەرهەمهێنانی ئالیکیشدا گەیشتوونەتە قۆناخی خۆبژێوی و ئێستا زیاتر لە پێداویستیی ناوخۆ بەرهەم دەهێنرێت.

بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتەرنەری لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، داتاکانی تایبەت بە کارگە و بەرهەمهێنانی ئالیک بەم شێوەیەن، 48 کارگەی فەرمی دروستکردن و بەرهەمهێنانی ئالیک لە هەرێمی کوردستاندا هەن، ئەو کارگانە ساڵانە توانای بەرهەمهێنانی نزیکەی 2 ملیۆن و 500 هەزار تۆن ئالیکیان هەیە (بۆ پەلەوەر، ئاژەڵ و ماسی)، ئەمە لە کاتێکدایە پێداویستیی ساڵانەی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بۆ ئالیک کەمتر لە یەک ملیۆن تۆنە. 

هەربۆیە ئەوەی بڕی بەرهەمهێنان زیاترە لە دوو هێندەی پێداویستیی ناوخۆیی، و هەرێمی کوردستان لە بەرهەمهێنانی ئالیکدا گەیشتووەتە ئاستی خۆبژێوی و بڕە زیادەکەی زیاترە لە 1.5 ملیۆن تۆن، و هەناردەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق و تەنانەت وڵاتانی ناوچەکە دەکرێت.