سەرپێچییەکانی کارەبا لە گەڕەکی 8ـی حەسارۆک دەبڕدرێن
لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان بۆ فراوانکردنی تۆڕی کارەبا و نەهێشتنی سەرپێچییەکان، تیمەکانی وەزارەت لە گەڕەکی 8ـی حەسارۆک دەستیان بە کاراکردنی 4 گۆڕەری نوێی کارەبا کرد. ئەم پڕۆسەیە خزمەتگوزاریی کارەبا بۆ نزیکەی 400 هاوبەشی نوێ لە گەڕەکەکە دابین دەکات.
پڕۆژەی رووناکی لە راگەیەندراوێکدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19ـی تشرینی دووەمی 2026، بڵاویکردەوە رایگەیاند، تیمەکانی وەزارەتی کارەبا بۆ سەرخستنی پڕۆسەکە و بەکارخستنی گۆڕەرەکان، دەستیان بە بڕینی سەرجەم ئەو هێڵە نایاساییانە کرد کە پێشتر راکێشرابوون. بەهۆی تێکەڵبوونی هێڵی مۆلیدەی ئەهلی لەگەڵ تۆڕی کارەبای نیشتمانی لەو ناوچەیە، کارەبای ژمارەیەک هاوبەش کە بە شێوەی یاسایی خزمەتگوزارییان هەبوو بە کاتی پچڕا. وەزارەتی کارەبا دڵنیایی دەدات کە بە زووترین کات کارەبا بۆ ئەو هاوبەشانە دەگەڕێتەوە.
وەزارەتی کارەبا داوا لەو هاووڵاتییانەی 8ـی حەسارۆک دەکات کە بە شێوەی نایاسایی هێڵیان راکێشاوە، بە زوویی سەردانی فرۆشیاری وزە بکەن و بە شێوەیەکی یاسایی مامەڵەی دروستکردنی هەژماری کارەبا تەواو بکەن. وەزارەت جەختدەکاتەوە کە دابینکردنی کارەبای بەردەوام بۆ ئەو شوێنانەی هەژماریان نییە بە ئەستەم دەبێت و سەرپێچییەکان زیان بە تۆڕی نیشتمانی و بەرژەوەندیی گشتیی دانیشتووان دەگەیەنێت.
وەزارەتی کارەبا پابەندبوونی خۆی بە دابینکردنی خزمەتگوزاریی کارەبای جێگیر بۆ سەرجەم هاووڵاتییان دووپاتدەکاتەوە و سوپاسی هاوکاریی دانیشتووانی 8ـی حەسارۆک دەکات.