کاتی رادەستکردنی لیست و هاتنی مووچە
یەکشەممەی داهاتوو لیستی مووچەی مانگی یازدە رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق دەکرێت و سەرەتای مانگی دوازدە مووچە دێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19ـی تشرینی دووەمی 2026، کارەکانی ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی تشرینی دووەم (11) و راپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی تشرینی یەکەم (10) لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تەواو دەکرێن.
کوردستان24 زانیویەتی، رۆژی شەممەی داهاتوو، 21ـی تشرینی دووەم، نوێنەرانی وەزارەتی دارایی و ئابووری لە هەولێرەوە بەرەو بەغدا بەڕێ دەکەون تا رۆژی یەکشەممە، 20ـی تشرینی دووەم، لیستەکە رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق بکەن.
لە لیستی مووچەی مانگی تشرینی دووەمدا داوای دابینکردنی بڕی یەک ترلیۆن و 64 ملیار دینار بۆ مووچەی مووچەخۆران کراوە، لەو بڕە پارەیە نزیکەی 100 ملیار دینار بۆ خانەنشینیی مووچەخۆران دەبڕدرێت و بەغداش 120 ملیار دینارەکەی داهاتی نانەوتی بە شێوەی پاکتاوکردن دەبڕێت، بەم پێیە چاوەڕوان دەکرێت وەزارەتی دارایی عێراقی فیدراڵی دەوروبەری 840 ملیار دینار بخاتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
دوو رۆژە دابەشکردنی مووچە لە عێراق دەستی پێکردووە و بۆ ئەم مانگە کێشەی نەختینە نییە و پارە لەبەردەستە، بەر لە کۆتاییهاتنی ئەم مانگەش دابەشکردنی مووچە لە عێراق کۆتایی دێت. چاوەڕوان دەکرێت نەک لە هەفتەی داهاتوودا، بەڵکوو لە هەفتەی دواتردا بڕیاری پارەدارکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بدرێت و لە سەرەتای مانگی کانوونی یەکەمدا مووچە بگات، تا ئەو کاتەش نووسراوی تایبەتی وەزارەتی نەوت لەبارەی فرۆشتنی نەوتی کوردستان بۆ وەزارەتی دارایی عێراق دەنێردرێت.
بە گشتی، دەرکردنی بڕیاری ناردنی مووچە لە بەغداوە سێ پێداویستیی هەیە: یەکەم، لیستی مووچە و راپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوە، ئەمەش هەفتەی داهاتوو دەدرێتە بەغدا، دووەم، داهاتی نانەوتی و بەغدا بە شێوەی پاکتاوکردن دەیبڕێت، و سێیەم، راپۆرتی رادەستکردنی نەوت، وەزارەتی نەوتی عێراق لە کۆتایی هەموو مانگێکدا نووسراوەکە بۆ وەزارەتی دارایی عێراق دەنێرێت. دوای دابینکردنی ئەم سێ پێداویستییە، بەغدا بڕیاری پارەدارکردن دەدات و مووچەکە دەخرێتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووری.