بە سپۆنسەری میدیایی کوردستان24 لووتکەی تەندروستیی کوردستان لە زاخۆ بەڕێوەدەچێت

ئەمڕۆ ، لووتکەی تەندروستیی کوردستان لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بەڕێوە دەچێت و کەناڵی کوردستان24یش سپۆنسەری میدیایی ئەم لووتکەیەیە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19ی تشرینی دووەمی 2026، بە سپۆنسەری میدیایی کوردستان24 لووتکەی تەندروستی کوردستان لە زاخۆ بەڕێوەدەچێت کە  بە گەورەترین کۆڕبەندی تەندروستی دادەنرێت کە ساڵانە لە یەکێک لە شارەکانی کوردستان ئەنجام دەدرێت و ئەم ساڵیش شاری زاخۆ میوانداریی بەڕێوەچوونی دەکات.

دروشمی ئەم گەڕەی لووتکەکە بریتی دەبێت لە: "بەڕێوەبردنا دروست یا کەرتێ تەندروستی ژ بۆ کوالیتی، خزمەتگوزاریا گشتگیر و پێشەنگایەتیێ".

بەگوێرەی زانیارییەکانی وێنەکانی پڕۆگرامەکە، لووتکەکە بە پاڵپشتی و بەشداریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی تەندروستی، و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ئەنجام دەدرێت، جگە لەوەش وەزاەرتی تەندروستی عێراق بەشداری لە کۆڕبەندەکە دەکات و نوێنەری وەزارەتی تەندروستی عێراق ئامادە دەبێت.

ئەحمەد نەجار، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی زاخۆ، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 راگەیاند، بە خۆشحاڵییەوە زاخۆ بۆ بەڕێوەبردنی یەکێک لە گەورەترین کۆنفێرانسەکانی تەندروستی لە سەرانسەری کوردستان هەڵبژێردرا، ئەوەش بەهۆی ئەو بەرەوپێشچوونە بەرچاوەی لە بوارەکانی گەشتیاری و تەندروستیدا بەخۆوە بینیویەتی.