یەکێتیی ئەوروپا بۆ کوردستان24: پشتگیری لە هەرێمی کوردستانێکی یەکگرتوو دەکەین

یەکێتیی ئەوروپا بۆ هەرێمی کوردستان: لە هەر هەنگاوێکی دابەشبوون دوور بکەونەوە

گوتەبێژێکی یەکێتیی ئەوروپا، هەڵوێستی فەرمیی برۆکسلی لەبارەی هەوڵەکانی دابەشکردنی هەرێمی کوردستان و دۆسیەی قاچاخچێتیی نەوت لە عێراق راگەیاند و جەختی کردەوە کە دەبێت خۆ دووربگرن لە هەر هەنگاوێک کە دابەشبوون لە هەرێمی کوردستاندا زیاد دەکات.

پێنجشەممە 19ـی ترشرینی دووەمی 2026, گوتەبێژێکی یەکێتیی ئەوروپا لە وەڵامی پرسیارێکی ماڵپەری کوردستان24ـدا سەبارەت بە هەڵوێستی یەکێتیی ئەوروپا بەرامبەر ئەو دەستپێشخەرییانەی لەلایەن هەندێک لایەنی سیاسییەوە بۆ دابەشکردنی کارگێڕی و دروستکردنی هەرێمێکی جیاواز لە کوردستاندا دەدرێن، دووپاتی کردەوە: "یەکێتیی ئەوروپا لەسەر پشتیوانیی لەمێژینەی خۆی بۆ هەرێمی کوردستانێکی یەکگرتوو، سەقامگیر و دیموکرات لە چوارچێوەی عێراقێکی فیدراڵدا بەردەوامە.

هاوکات جەختی لەوە کردەوە، پێویستە خۆ لە هەر هەنگاوێک بەدوور بگیرێت کە ببێتە هۆی زیادبوونی دابەشبوونەکان.

سەبارەت بە هەوڵەکانی حکوومەتی عێراق بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت لە جورف سەخر و رووبەڕووبوونەوەی تۆڕەکانی دزینی نەوت، گوتەبێژەکەی یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاند؛ پشتیوانی لە سەروەریی عێراق، گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت و هەوڵەکان دەکەین بۆ بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتیی نایاسایی نەوت و تاوانی رێکخراو.

ئەمەش لە کاتێکدایە، یەکێتیی ئەوروپا و هاوپەیمانان بەردەوام جەخت لەوە دەکەنەوە کە یەکگرتوویی هێز و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان مەرجێکی سەرەکییە بۆ پاراستنی قەوارەکە و مسۆگەرکردنی سەقامگیریی گشتی لە عێراق و ناوچەکەدا.