بەغدا دوای 35 ساڵ دوو فڕۆکەی بۆینگ دەفرۆشێت

هێڵی ئاسمانیی عێراق، دوای تێپەڕبوونی 35 ساڵ بەسەر مانەوەی دوو فڕۆکەی جۆری بۆینگ 747 لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی توزەر - نەفتەی توونس، بڕیاریدا فڕۆکەکان بۆ فرۆشتن نمایش بکات. ئەو دوو فڕۆکەیە لە ساڵی 1991 و لە سەردەمی سەدام حوسێن، سەرۆکی پێشووتری عێراق، بە مەبەستی پاراستنیان لە بۆردومانی هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرکردایەتیی ئەمریکا، لە کاتی داگیرکردنی کوەیت بۆ دەرەوەی وڵات گوازرانەوە.

پێنجشەممە 19ـی تشرینی دووەمی 2026، کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی عێراق، سەر بە وەزارەتی گواستنەوەیە، لە 18ـی تشرینی دووەمی 2026 و بە رەزامەندیی نووسینگەی سەرۆکوەزیران، بانگەوازی فرۆشتنی راستەوخۆی فڕۆکەکانی بڵاویکردەوە. بەهای خەمڵێندراوی هەر فڕۆکەیەک 900 هەزار دۆلاری ئەمریکی دیاریکراوە و لیژنەیەکی پسپۆڕ لە باڵیۆزخانەی عێراق لە توونس بەرپرسیارێتیی وەرگرتنی داواکارییەکان دەگرێتە ئەستۆ. بەغدا هیوادارە ئەم هەنگاوە کۆتایی بە دۆسیەیەکی چەندین ساڵە بهێنێت، بەتایبەت کۆمپانیاکە لە ساڵی 2023 هەوڵیدا ئەو دوو فڕۆکەیە بە 494 هەزار دۆلار بۆ هەر یەکێکیان لە رێگەی زیادکردنی ئاشکراوە بفرۆشێت.

هەردوو فڕۆکەکە مێژووی کارکردنیان بۆ ساڵی 1982 دەگەڕێتەوە. فڕۆکەی یەکەم لە جۆری 747-200 بە ژمارەی تۆماری YI-AGP، بۆ گواستنەوەی سەرنشین و کەلوپەل تەرخانکرابوو. فڕۆکەی دووەم لە جۆری 747SP بە ژمارەی تۆماری YI-ALM، بۆ گواستنەوەی بەرپرسە باڵاکانی عێراق بەکارهاتووە و وەک فڕۆکەی سەرۆکایەتی ناسراوە.

بانگەوازەکە رێگە بە خوازیاران دەدات داواکاری بۆ کڕینی یەک فڕۆکە یان هەردووکیان پێشکەش بکەن، بەو مەرجەی کڕیاران رازی بن بە دۆخی ئێستای فڕۆکەکان و بەبێ بوونی گەرەنتیی هونەری. کڕیار دەبێت 2%ـوە بەهای کڕین وەک رسوماتی خزمەتگوزاری بدات، هاوکات تێچووی گواستنەوەی خاوەندارێتی، دەرهێنانی فڕۆکەکان لە فڕۆکەخانە، لەگەڵ سەرجەم باج و رسوماتە گومرگییەکان دەکەوێتە ئەستۆی کڕیار.

لیژنەی فرۆشتن لە باڵیۆزخانەی عێراق لە توونس، لە 21ـی کانوونی یەکەمی 2026 تا 5ـی کانوونی دووەمی 2027 کاردەکات. لەو ماوەیەدا 10 رۆژی سەرەتا بۆ وەرگرتنی داواکارییەکان و وەڵامدانەوەی پرسیاران تەرخانکراوە و لە پێنج رۆژی کۆتایی کارەکانیشدا، عەرزەکان هەڵدەسەنگێندرێن بۆ ئەوەی بڕیاری یەکلاکەرەوە لەسەر فرۆشتنەکە بدرێت.

سەبارەت بە چارەنووسی فڕۆکە مەدەنییەکانی دیکەی عێراق، ئەو فڕۆکانەی لە کانوونی دووەمی 1991 رەوانەی دەرەوە کران، لە وڵاتانی توونس، ئوردن، مۆریتانیا، لیبیا و هیندستان نیشتنەوە. هەندێک لەم وێستگانە کاتی بوون، وەک دوو فڕۆکە لە نیودێلھییەوە بۆ ئێران گواسترانەوە و فڕۆکەیەکی دیکە لە مۆریتانیاوە بۆ ئوردن برا.

لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شاژن عەلیای نزیک عەمان، شەش فڕۆکەی عێراقی بۆ چەندین ساڵ مانەوە. لە تشرینی یەکەمی 2010، پێنج فڕۆکەیان بە کۆمپانیایەکی ئوردنی فرۆشران. فڕۆکەی شەشەمیش فڕۆکەی تایبەتی بەرپرسانی باڵا بوو، بەغدا لە ساڵی 2011 خستە فرۆشتنەوە وەک خەردە، بەڵام لە راپۆرتەکاندا روون نییە پرۆسەکە بە کوێ گەیشتووە.

لە توونس، عێراق پێشتر دوو فڕۆکەی جۆری بۆینگ 727-200ـی لە فڕۆکەخانەی رەمادە هەبوو. راوێژکارێکی وەزیری گواستنەوەی عێراق لە حوزەیرانی 2011 رایگەیاند، ئەو فڕۆکانە فرۆشراون، بەبێ ئەوەی وردەکارییەکانی ئاشکرابکات. لە کاتێکدا ئەو دۆسیانە کۆتاییان هاتووە، ئەو دوو فڕۆکەیەی جۆری 747 تا ئێستا لە توزەر ماونەتەوە.

لە ئێران، تا ساڵی 2011 پێنج فڕۆکەی مەدەنیی عێراقی مانەوە، کە بەرپرسانی عێراقی رایانگەیاندبوو دانوستانەکان بۆ فرۆشتنیان بێئەنجام بووە و چارەنووسیان نادیارە. هاوکات لە ساڵی 2014، کۆمەڵێک فڕۆکەی سەربازیی جۆری سوخۆی 25، کە لە جەنگی کەنداوەوە لە ئێران مابوونەوە، گەڕێندرانەوە عێراق.