کوشنەر: مۆسکۆ بە بەشداری ئەوروپا لە دانوستان لەگەڵ کیێڤ رازی بووە

 نێردەی ئەمریکا رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەیەوێت رێککەوتنێک لەبارەی ئۆکرانیا بە بەشداریی ئەوروپا پێکبهێنێت. کوشنەر ئاشکرایکرد،، رووسیا رازی بووە لە چوارچێوەیەکی فرەلایەنەدا لەگەڵ ئەورووپاییەکان بەشدار بێت.

پێنجشەممە 19ـی تشروینی دووەمی 2026، جارد کوشنەر، نێردەی ئەمریکا روونیکردەوە، ئەوروپا لە پاڵپشتیکردنی ئۆکرانیا یەکگرتووە، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی: "ئەو بابەتەمان بە ترەمپ گەیاندووە و بە رووسیاشی دەگەیەنین." ئەو بەرپرسە جەختی لەوە کردەوە، ناتۆ پایەیەکی سەرەکی دەبێت بۆ چارەسەری سیاسی لە قۆناغی دوای جەنگدا.

لێدوانەکانی کوشنەر لە میانی کۆبوونەوەی "هاوپەیمانیی ئارەزوومەندان" لە بەرلین بوو، کە بە بەشداریی ڤۆلۆدیمیر زێلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا و ستێف ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا و نوێنەری نزیکەی 30 وڵات و بە سەرۆکایەتیی سەرکردەکانی ئەڵمانیا و فەرەنسا و بەریتانیا بەڕێوەچوو. کۆبوونەوەکە تاوتوێی هەماهەنگیی هەڵوێستەکان لەبارەی دانوستانەکانی ئاشتی، بەهێزکردنی رۆڵی ئەوروپا لە پرۆسەی دانوستان، دابینکردنی پارە و چەک بۆ ئۆکرانیا و زامنکردنی ئاسایشی قۆناغی دوای جەنگ دەکات.

کوشنەر پێشتر رایگەیاندبوو، فرێدریش میرتس، راوێژکاری ئەڵمانیای لە گفتوگۆکانی ترەمپ لە چین و هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی دادپەروەرانە و بەردەوام لە ئۆکرانیا ئاگادار کردووەتەوە. کۆبوونەوەکەی بەرلین دوای کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی لە شێنجێنی چین هات، کە تێیدا ترەمپ و ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا و شی جینپینگ، سەرۆکی چین کۆبوونەوە.

پووتین پێنجشەممە رایگەیاند، بەرپرسانی ئەورووپای بۆ مۆسکۆ بانگهێشت کردووە بۆ کردنی گفتوگۆ وەک ئامادەکارییەک بۆ بەشداریکردنی ئەگەرییان لە دانوستانەکانی ئۆکرانیا. هاوکات جەختی لەوە کردەوە، وڵاتەکەی رەتناکاتەوە هەر جۆرە هاوکارییەکی سەربازی لەنێوان ئۆکرانیا و ئەوروپا لە ناو رێککەوتنی کۆتاییهێنان بە جەنگدا هەبێت.

لە لایەکی دیکەوە، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا داوای کرد پرسی ئەندامێتیی ئۆکرانیا لە ناتۆ جارێکی دیکە بخرێتەوە بەر باس و هەوڵەکان بۆ پاراستنی کیێڤ و دابینکردنی پێداویستییەکانی بەهێزبکرێت.