مامۆستایەکی زمانی کوردی لە موسەننا بە شێوازی نوێ وانە دەڵێتەوە

ئیسرا جەبار زەگەم، مامۆستای زمانی کوردی لە قەزای روومەیسەی پارێزگای موسەننا رایدەگەیەنێت، ماوەی چوار ساڵە بە شێوازێکی جیاواز لە شێوازی باو و بە بەکارهێنانی کەرەستەی فۆلکلۆری و دیمەنی شانۆیی وانە دەڵێتەوە و قوتابیانیش بە پەرۆشییەکی زۆرەوە پێشوازی لە فێربوونی زمانەکە دەکەن. 

لە لێدوانێکیدا بۆ کوردستان24، ئیسرا جەبار زەگەم، مامۆستای زمانی کوردی لە قەزای روومەیسەی سەر بە پارێزگای موسەننا، باس لە ئەزموونی خۆی دەکات لە وانەوتنەوەی زمانی کوردی بۆ پۆلەکانی 10 و 11ـی ئامادەیی (بە هەردوو بەشی زانستی و وێژەیی) بەپێی پڕۆگرامی باوەڕپێکراو و خشتەی وانە رۆژانەکان. 

شێوازی وانەوتنەوە و کەرەستە فۆلکلۆرییەکان

ئەو مامۆستایە ئاماژە بەوە دەکات کە شێوازی وانەوتنەوەی تەواو جیاوازە لە شێوازی تەقلیدی؛ بە شێوەیەک قوتابیان دابەش دەکات بەسەر چەند گرووپێکدا و هەر گرووپێک ناوی پیتێکی کوردیی هەڵدەگرێت، ئەمەش وەک خۆی دەڵێت، کاریگەرییەکی ئەرێنی و روونی هەبووە لە ئاسانکردنی فێربوون و دروستکردنی گیانی هاوکاری و کێبڕکێ لەنێوان قوتابیاندا. 

سەبارەت بە کەرەستەکانی وانەوتنەوەش، روونی دەکاتەوە کە هەموو کەرەستەکان فۆلکلۆر و کەلەپووری جوانی کوردی پیشان دەدەن، وەک: کاری دەستی، تابلۆ، وێنە، سەحنی خولاوە و چەندین هۆکار و کەرەستەی هاندەر و هانبدەر، تا وانەکە بێزارکەر و تەقلیدی نەبێت. 

پەیامی پێکەوەژیان و پەرۆشیی قوتابیان

ئیسرا جەبار ئەوەش دەخاتەڕوو کە زۆربەی کات دیمەنی شانۆیی یان گفتوگۆیی لەنێو وانەکاندا هەن، وەک ئەوەی قوتابیەک کورد بێت و ئەوی تر عەرەب بێت؛ ئامانجی سەرەکی ئەمەش گەیاندنی ئەو پەیامەیە بە خوێندکاران کە جیاوازیی نەتەوە و زمان نابێتە هۆی لێکترازان، بەڵکو ناسنامەیان دەوڵەمەندتر دەکات و هەمووان لەژێر سایەی نیشتمانێکی هاوبەش، مرۆڤایەتی، برایەتی و خۆشەویستیدا کۆدەبنەوە کە لە هەموو جیاوازییەکان گەورەترە. 

لەبارەی ئاستی وەرگرتن قوتابیانیشەوە، ئەو مامۆستایە جەخت دەکاتەوە کە پویستێکی زۆر دەبینێت بۆ فێربوونی زمانی کوردی، هەروەها پەرۆشی و کارلێکیان لە فێربوونی وشەکان و ناسینی کولتوورە رەسەنەکەی، پاڵنەرێکی گەورەی پێدەدات بۆ بەردەوامبوون لە بەخشین، هاوکات ئاماژە بەوەش دەکات کە قوتابیان لە ئەرکەکانی ماڵەوە و تاقیکردنەوە مانگانە و وەرزی و کۆتایی ساڵ و لێخۆشبوونەکاندا زۆر چالاکن. 

گۆڕینی پسپۆڕی و تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان

ئەو مامۆستایە تێبینی ئەوەش دەدات کە بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زمانی عەرەبیدا هەیە، بەڵام 4 ساڵ لەمەوبەر بەهۆی خۆشەویستیی بۆ زمانی کوردی و کولتووری کوردی و خوێندنەوە و ناسینی کولتوورە کوردییەکان، پسپۆڕییەکەی گۆڕیوە بۆ زمانی کوردی و خۆی لەو بوارەدا دۆزیوەتەوە. 

لە کۆتاییشدا سەبارەت بە ئاستەنگەکان، روونی دەکاتەوە کە جیاوازییە سادەکان لە نێوان زمانەکاندا خۆیان لە هەندێک دەنگ و پیتدا دەبیننەوە، بەڵام هەوڵ دەدات بە بەکارهێنانی هۆکارە فێرکارییە داهێنراوەکان و شێوازە نوێیەکانی فێرکردن تێیانپەڕێنێت، بە شێوەیەک فێربوون بۆ قوتابیان ئاسانتر و چێژبەخشتر بێت.