مۆسکۆ بەشداریی کالاس لە دانوستانەکان قەدەخە دەکات

رووسیا هەڵوێستی خۆی بەرامبەر بە بەشداریکردنی یەکێتیی ئەوروپا لە دانوستانەکانی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا توندتر کرد و رەتیدەکاتەوە، کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی ئەوروپا بەشداریی لە هەر گفتوگۆیەکدا لەگەڵ مۆسکۆ بکات. مۆسکۆ هۆشداری دەدات، کە بوونی ئەو بەرپرسە دەبێتە هۆی تێکچوونی دانوستانەکان.

هەینی 20ـی تشرینی دووەمی 2026، ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز رایگەیاند، کالاس بە هیچ شێوەیەک گونجاو نییە بۆ بەشداریکردن لە هەر دانوستانێکدا سەبارەت بە ئۆکرانیا.

زاخارۆڤا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە مۆسکۆ روونیکردەوە، بەشداریکردنی ئەو بەرپرسە ئەوروپییە لە گفتوگۆکاندا دەبێتە هۆی ئەوەی گفتوگۆکان تێکبچن. زاخارۆڤا هۆکاری ئەم هەڵوێستەی بۆ ئەو لێدوانانەی کالاس گێڕایەوە کە بە دژە روسیا وەسفی کردوون.

ئەم هەڵوێستەی رووسیا لە کاتێکدایە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا روو لە زیادبوونە، ئەمەش لەنێوان ناکۆکییەکاندا سەبارەت بەو لایەنانەی دەبێت بەشداریی لە دانوستانەکاندا بکەن و شێوازی نوێنەرایەتیی ئەوروپا تێیاندا.

کالاس لە تشرینی دووەمدا جەختیکردەوە، روسیا مافی ئەوەی نییە دیاریی بکات کێ نوێنەرایەتیی یەکێتیی ئەوروپا دەکات لە دانوستانەکانی ئاشتی سەبارەت بە ئۆکرانیا. ئەو بەرپرسە ئەوروپییە دان بەوەدا دەنێت کە مۆسکۆ نایەوێت بەشداریی بکات، بەڵام جەختدەکاتەوە کە بەناوی 27 وڵاتی ئەندامی یەکێتیی ئەوروپاوە قسە دەکات نەک بە ناوی کەسیی خۆیەوە.

لە بەرامبەردا ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی رووسیا پێنجشەممە رایگەیاند، مۆسکۆ پێشنیاری کردووە پێشوازی لە نێردراوانی ئەوروپا بکات بۆ روونکردنەوەی هەڵوێستەکانیان لەبارەی دانوستانەکانی ئاشتی، پێش ئەوەی بڕیار لەسەر شێوازی گفتوگۆکانی داهاتوو بدرێت. ئەم پێشنیارە ئاماژەیە بۆ ئامادەییی رووسیا بۆ تاوتوێکردنی هەڵوێستەکانی ئەوروپا، بەڵام هاوکاتە لەگەڵ رەتکردنەوەی مۆسکۆ بۆ بەشداریکردنی دیاریکراوی کالاس لە هەر دانوستانێکی ئەگەریدا.

لە پێشهاتێکی دیکەدا کە گرژییەکانی نێوان مۆسکۆ و پایتەختەکانی ئەوروپا زیاتر دەکات، پۆڵەندا رووسیای تۆمەتبار کرد بەوەی بە درێژایی شەو سێ تەن گەیشتوونەتە ئاسمانی وڵاتەکەی کە پێدەچێت دوو مووشەک و فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان بن.

ڤلادیسلاف کۆسینیاک کامیش، وەزیری بەرگریی پۆڵەندا رایگەیاند، یەکێک لە مووشەکەکان لە جۆری "خ-101" بووە و رووداوەکەی بە ورووژاندنێکی رووسیا وەسف کرد. دۆناڵد توسک، سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا دووپاتیکردەوە، تەنەکان رووسین و بە ئەگەرێکی زۆرەوە رووداوەکە ورووژاندنێکی ئەنقەستە. وارشۆ رایگەیاند، داوای پاڵپشتیی زیاتر لە ناتۆ دەکات بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی باڵی رۆژهەڵاتی وڵاتەکەی، هاوکات باڵیۆزخانەی رووسیا هیچ لێدوانێکی دەستبەجێی سەبارەت بەو تۆمەتانە نەدا.

لە چوارچێوەیەکی جیاوازدا، ئاژانسی هەواڵی روسیا لە وەزارەتی دەرەوەی مۆسکۆوە گواستیەوە کە ئەوان رێکاری دیپلۆماسیی بەرامبەر دەگرنەبەر وەک وەڵامێک بۆ داخستنی سنوورەکانی ئیستۆنیا. ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدان وڵاتانی ئەوروپا هەوڵ دەدەن بەشداریکردنیان لە هەر رێککەوتنێک بۆ جەنگی ئۆکرانیا مسۆگەر بکەن، لە کاتێکدا ناکۆکییەکان لەگەڵ مۆسکۆ سەبارەت بە مەرجەکانی ئاشتی و ئەو لایەنانەی لەسەر مێزی دانوستان دادەنیشن، هێشتا بەردەوامن.