بێسێنت: گوشارەکانمان بۆ سەر سوپای پاسداران بەردەوام دەبن

وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا رایگەیاند، بۆ یەکەمجار لە مێژوودا هیچ نەوتێکی ئێران لەسەر دەریا بۆ فرۆشتن نییە و جیهان سەلماندوویەتی دەتوانێت بەبێ نەوتی خاوی ئێران بژی، جەختیشی کردەوە سەرەڕای هەڕەشەکان لەسەر ژیانی خۆی، لە گەمارۆدانی ئابووریی سوپای پاسداران پاشگەز نابنەوە.

هەینی 20ی تشرینی دووەمی 2026، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن بی سی ئاماژەی بەوە کرد کە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی دابڕاندنی ئابووریدا کە دوو مانگ و نیوە دەستیپێکردووە، گەورەترین گەمارۆ و گۆشەگیریی ئابووری لە مێژووی جیهاندا بەسەر ئێراندا سەپێنراوە

بێسێنت گوتی: بۆ یەکەمجار لەوەتەی ئێران نەوت بەرهەم دەهێنێت، هیچ کەشتییەکی نەوتهەڵگریان لە دەریادا نییە و نەوتی ئێران بۆ کڕین دەست ناکەوێت. لە بەرامبەردا، شەوی رابردوو گەورەترین بڕی نەوتی خاو لە سەرەتای دەستپێکردنی ململانێکانەوە بە گەرووی هورمزدا تێپەڕیوە.

لە بەشێکی گرنگی لێدوانەکانیدا، سکۆت بێسێنت ئاشکرای کرد، لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، رووسیا و چیندا کۆدەنگییەک دروست بووە لەسەر دوو پرسی سەرەکی؛ یەکەمیان ئەوەیە کە ئێران هەرگیز نابێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، دووەمیشیان ئەوەیە کە ئازادیی کەشتیوانی لە گەرووی هورمزدا پارێزراو بێت و سازشی لەسەر نەکرێت.

سەبارەت بەو هەڕەشانەی بەهۆی پۆستەکەیەوە رووبەڕووی بوونەتەوە، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا پشتڕاستی کردەوە کە لەبەر مەترسی و هەڕەشەکان ئێستا لە نێو بنکەیەکی سەربازیدا دەژی، بەتایبەت دوای ئەوەی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ شوێنی ماڵەکەی ئاشکرا کردبوو.

لەگەڵ ئەوەشدا بێسێنت گوتی: من بە هیچ شێوەیەک لە هەڕەشەی ئێرانییەکان ناترسم. ئەگەر ئەوان بەدوای منەوەن، ئەوە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی زۆر بە توندی گوشاریان کەوتووەتە سەر و تەنگیان پێ هەڵچنراوە. ئێمەش بەردەوام دەبین لە گوشارخستنە سەر سوپای پاسداران تاوەکوو ناچار دەبن مل بۆ رێککەوتنێکی پابەندکەر بدەن.

جەختی کردەوە کە ئەمەریکا لە پێشبڕکێی تەکنۆلۆژیا و چیپە پێشکەوتووەکاندا زۆر لە پێش چینەوەیە و کۆنترۆڵی توند لەسەر هەناردەکردنی چیپە هەستیارەکان بۆ بەیژینگ جێبەجێ دەکرێت، هاوکات ئاماژەی بەوەش دا، کۆبوونەوەی چوارەمی نێوان دۆناڵد ترەمپ و سەرۆکی چین لە پەراوێزی لووتکەی گرووپی بیست (G20) بەڕێوە دەچێت.