یاریی GTA ریکۆردێکی مێژوویی دەشکێنێت
کۆمپانیای رۆکستار گەیمز رایگەیاند: یاریی گی تی ئەی 6 (Grand Theft Auto VI) لە یەکەمین رۆژیدا بڕی 3.79 ملیار دۆلاری لە فرۆشتندا بە دەست هێناوە و، بە گەورەترین دەستپێک بۆ هەر بەرهەمێکی کاتبەسەربردن لە مێژوودا ناوی برد.
دوای زیاتر لە هەشت ساڵ لە گەشەپێدان و دوو جار دواخستن، یاریی گی تی ئەی (Grand Theft Auto VI) لەسەر ئامێرەکانی پلەیستەیشن 5 و ئێکس بۆکس بڵاو کرایەوە و ریکۆردی مێژوویی تۆمار کرد، ئەمەش لە کاتێکدایە زنجیرەکە هێشتا رووبەڕووی تۆمەتی شکۆدارکردنی توندوتیژی و تاوان دەبێتەوە و هیچ پلانێکیش نییە بۆ بڵاوکردنەوەی فەرمیی لە رووسیا، چین، لوبنان و قەتەردا.
هەینی، 20ـی تشرینی دووەمی 2026، کۆمپانیای رۆکستار گەیمز، لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، یاریی گی تی ئەی 6 (Grand Theft Auto VI)، لە یەکەم رۆژیدا بڕی 3.79 ملیار دۆلاری لە فرۆشتندا بەدەست هێناوە و، بە گەورەترین دەستپێک بۆ هەر بەرهەمێکی کاتبەسەربردن لە مێژوودا وەسفی کرد.
ئەم ژمارەیە، کە پشت بە خەمڵاندنەکانی کۆمپانیاکە دەبەستێت بۆ فرۆشی جیهانی تا کۆتایی رۆژی پێنجشەممە، نزیکەی پێنج هێندەی ئەو نزیکەی 800 ملیۆن دۆلارەیە کە یاریی پێشووتری «Grand Theft Auto V» لە 24 کاتژمێری یەکەمیدا لە ساڵی 2013 کۆی کردبووەوە.
کۆمپانیای رۆکستار ئاماژەی بەوەش دا، یارییەکە پێش بڵاوبوونەوەی 32.5 ملیۆن دانەی لێ فرۆشراوە، کە ئەمەش ژمارەیەکی پێوانەییە لەسەر ئاستی سەرجەم پلاتفۆڕمەکان.
یارییەکە رۆژی پێنجشەممە 19ـی تشرینی دووەمی 2026، بۆ ئامێرەکانی پلەیستەیشن 5 (PlayStation 5) و ئێکس بۆکس سیریس ئێکس و ئێس» (Xbox Series X|S) بڵاو کرایەوە؛ سەرەتا لە نیوەشەودا لە نیوزیلەندا خرایە بەردەست و دواتر لە هەر بازاڕێکی جیهاندا لەگەڵ گەیشتنی کاتژمێر بە نیوەشەو بە کاتی ناوخۆیی بڵاو کرایەوە.
بەگوێرەی پلاتفۆرمی چاودێریی ڤیزیبرەین (Visibrain)، بڵاوبوونەوەی یارییەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراوەی زیاتری دروست کردووە لە جامی جیهانیی (مۆندیال)ـی ئەمساڵ.
رەخنەگرانیش ستایشی یارییەکەیان کردووە کە لە ماڵپەڕی کۆکەرەوەی هەڵسەنگاندنەکان مێتاکریتیک (Metacritic) نمرەی 99ـی بەدەست هێناوە.
هەر لەم هەفتەیەدا، یارییەکە هەشت بەربژێربوونی بۆ خەڵاتەکانی گەیم ئۆواردز (Game Awards) بە دەست هێناوە کە بڕیارە لە 10ـی کانوونی یەکەمدا بەڕێوە بچێت.
کۆمپانیای رۆکستار زیاتر لە هەشت ساڵی لە گەشەپێدانی یارییەکەدا تەرخان کردووە و دوو جاریش بڵاوبوونەوەی دوا خستووە، سەرەتا لە پاییزی 2025ـەوە و دواتریش لە ئایاری 2026ـەوە.
هەروەها ستۆدیۆکە لە ساڵی 2022ـدا رووبەڕووی هێرشێکی هاککردن بووەوە کە تێیدا گرتەی دزراوی ناو یارییەکە لە ئینتەرنێتدا بڵاو کرایەوە.
زنجیرە یارییەکە ماوەیەکی زۆرە تۆمەتبار دەکرێت بە جوانپیشاندان و شکۆدارکردنی توندوتیژی و تاوان، بەو پێیەی یاریزانەکان دەتوانن پیادەڕەوان بشێلن، ماددەی هۆشبەر بفرۆشن و تەقە لە پۆلیس بکەن.
ئێستاش هیچ پلانێک بۆ بڵاوکردنەوەی فەرمیی یارییەکە لە هەریەک لە وڵاتانی رووسیا، چین، لوبنان یان قەتەردا نییە.