لە رحا پاسێک وەرگەڕا و 24 کەس بریندار بوون
لە ئەنجامی دەرچوون و وەرگەڕانی مینیپاسێک لە قەزای سیوەرەگی سەر بە پارێزگای رحا لە باکووری کوردستان، 24 کەس بریندار بوون کە برینی دووانیان سەختە.
بە گوێرەی زانیارییەکان، رووداوەکە لە نزیک گەڕەکی گوندنشینی دیلەکلی لە سنووری قەزای سیوەرەگ رووی داوە، کاتێک مینیپاسێکی ژمارە (60 EA 425) لە لایەن شۆفێرێک بە ناوی (شاهین ج.) لێ دەخوڕدرا و سەرنشینەکانی بە مەبەستی سەردانیکردنی گۆڕستان لە ناویدا بوون، بەهۆی تەمومژ و بارانبارینەوە لە کۆنترۆڵ دەرچووە، لە رێگاکە لایداوە و کەوتووەتە خوارەوە.
دوابەدوای رووداوەکە، ژمارەیەکی زۆر ئەمبوڵانس رەوانەی شوێنی ڕووداوەکە کران و تیمە تەندروستییەکان دوای پێدانی فریاگوزاریی سەرەتایی، سەرجەم بریندارەکانیان گواستەوە بۆ نەخۆشخانەی دەوڵەتیی سیوەرەگ.
ئاماژە بەوە کراوە کە لە نەخۆشخانە چارەسەری پزیشکی بۆ برینداران دەستی پێ کردووە و دۆخی تەندروستیی دوو لە بریندارەکان سەختە، هاوکات لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە.