دانیمارک.. فیلمێکی کوردی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی نۆردیا نمایش دەکرێت
فیلمی دۆکیۆمێنتاری "پێشوازیی مەرگ"، لە دەرهێنانی نەسرین عابدینە، لە خولی دووەمی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی نۆردیا، لە شاری کۆپنهاگنی پایتەختی دانیمارک نمایش دەکرێت.
شەممە، 21ی تشرینی دووەمی 2026، نەسرین عابدین، دەرهێنەری فیلمەکە بە کوردستان24ی راگەیاند، "ئەم فێستیڤاڵە گرنگی بە پیشاندانی فیلمە درامی و دۆکیۆمێنتارییەکان دەدات و هەوڵ دەدات ببێتە دەرفەتێک بۆ ناساندنی ئەو بەرهەمانەی لە رێگەی چیرۆک و رووداوە جیاوازەکانەوە، باس لە ژیان و ئەزموونی مرۆڤەکان، کێشە کۆمەڵایەتییەکان و رووداوە مێژووییەکان دەکەن. لە بابەتە سەرەکییەکانی فێستیڤاڵەکەدا، مافەکانی مرۆڤ، مافەکانی ژنان و منداڵان، کاریگەرییەکانی جەنگ و ملمڵانێ، ئاوارەیی و ژیانی پەنابەران و ئەو گۆڕانکارییانە دەگرێتەوە کە رووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لەسەر ژیانی تاک و کۆمەڵگە بەجێیان دەهێڵن."
عابدین سەبارەت بە ئامانجی سەرەکیی فێستیڤاڵەکە گوتی، "ئامانجی ئەم فێستیڤاڵە تەنیا پیشاندانی فیلم نییە، بەڵکو دروستکردنی پردی پەیوەندی لەنێوان کولتوور و نەتەوە جیاوازەکانە، تا فیلمسازان بتوانن لە رێگەی بەرهەمەکانیانەوە ئەزموون و چیرۆکەکانی خۆیان لەگەڵ بینەرانی جیهان هاوبەش بکەن. هەروەها فێستیڤاڵەکە هەوڵ دەدات پشتگیری لە فیلمسازانی سەربەخۆ و بەهرە نوێیەکان بکات و ژینگەیەکی گونجاو بۆ ناساندنی بەرهەمە سینەمایییەکان و ئاڵوگۆڕی ئەزموون لەنێوان فیلمسازانی سکاندیناڤیا، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکانی دیکەی جیهاندا دروست بکات."
ئەو دەرهێنەرە باسی لەوەش کرد، "ئەم فێستیڤاڵە لەلایەن عیماد ئەلبابەلی دامەزراوە و دروشمی "سینەما پردێکە بۆ مرۆڤایەتی" وەک بنەمایەکی سەرەکیی چالاکییەکانی هەڵبژاردووە. ئەم دروشمە ئاماژەیە بۆ ئەو رۆڵەی سینەما لە نزیککردنەوەی مرۆڤەکان و ناساندنی ژیان و کێشە و ئەزموونی گەلان و کۆمەڵگە جیاوازەکاندا دەیگێڕێت؛ چونکە سینەما دەتوانێت سنوورە جوگرافیایی و زمانییەکان ببەزێنێت و چیرۆکێکی ناوخۆیی بگۆڕێت بۆ پەیامێکی مرۆیی کە بینەرانی جیهان لەگەڵیدا هاوسۆز بن."
سەبارەت بە گرنگیی بەشداریی فیلمی کوردی لە فێستیڤاڵەکەدا، نەسرین عابدین دەڵێت، "لە چوارچێوەی بەرنامەی ئەم خولەی فێستیڤاڵەکەدا، فیلمی دۆکیۆمێنتاریی "پێشوازیی مەرگ"، خۆم کاری دەرهێنانم بۆ کردووە نمایش دەکرێت. بەشداریی ئەم فیلمە لە فێستیڤاڵەکەدا، دەرفەتێکی گرنگە بۆ ناساندنی سینەمای کوردی و گەیاندنی بەشێک لە مێژوو و ئەزموونی مرۆییی گەلی کورد بە بینەرانی دەرەوەی کوردستان."
عابدین باس لە چیرۆکی فیلمەکە دەکات و دەڵێت، "گرنگیی ئەم نمایشە لەوەدایە کە فیلمەکە بە زمانی سینەما، چیرۆکی قارەمانییەکانی پێشمەرگە و ئازار و مەینەتییەکانی گەلی کورد لە شەڕی دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش دەگەیەنێتە بینەرانی نەتەوە و کولتوورە جیاوازەکان. ئەو رووداو و ئەزموونە مێژووییانەی کە بەشێکن لە بیرەوەریی کۆمەڵگەی کوردستان، لە چوارچێوەی بەرهەمێکی هونەریدا دەبنە بەشێک لە گفتوگۆی سینەماییی نێودەوڵەتی."
عابدین ئەوەشی روونکردەوە، "پیشاندانی فیلمی "پێشوازیی مەرگ"، لە فێستیڤاڵێکی نێودەوڵەتیدا، تەنیا بەشداریی بەرهەمێکی کوردی لە رووداوێکی هونەری نییە، بەڵکو هەنگاوێکە بۆ گەیاندنی دەنگ و چیرۆکی گەلی کورد بە بینەرانی جیهان. ئەم جۆرە بەرهەمانە دەتوانن ئەو رووداوانە بخەنە بەردەم چاوی ئەو کەسانەی رەنگە راستەوخۆ ئاگاداریی ئەو مێژووە نەبن و لە رێگەی چیرۆک و وێنە و تۆمارکردنی رووداوەکانەوە، تێگەیشتنێکی زیاتر لە ئەزموونی کورد لە قۆناخە سەختەکانی مێژوودا پەیدا بکەن."
ئەو دەرهێنەرە ئاماژەی بەوەش دا، "بەشداریی فیلمسازانی کورد لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکاندا، دەرفەتێکە بۆ ناساندنی توانای سینەماییی کورد و ئەو هەوڵ و بەرهەمانەی لە ناو کوردستاندا بەرهەم دەهێنرێن. ئەم بەشدارییانە یارمەتی ئەوە دەدەن تا فیلمی کوردی تەنیا لە سنووری ناوخۆیی نەمێنێتەوە و بتوانێت لەگەڵ بەرهەمەکانی وڵاتانی دیکە هاوشانی بکات و شوێنێکی زیاتر لە بەرنامە سینەمایییە نێودەوڵەتییەکاندا بۆ خۆی بکاتەوە."