وەزارەتی کار: 31ـی کانوونی دووەم دوا وادەیە بۆ دەرهێنانی ژمارەی بێهاوتا لە کەرتی تایبەت

 بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەریی کۆمەڵایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24 راگەیاند، رۆژی 31ـی کانوونی دووەمی 2027 دوا وادەیە بۆ ئەوەی سەرجەم کرێکاران، کارمەندان و خاوەنکارانی کەرتی تایبەت ژمارەی بێهاوتا دەربکەن و پێشکەشی بەڕێوەبەرایەتیی دەستەبەری کۆمەڵایەتیی بکەن.

شەممە 21ـی تشرینی دووەمی 2026، مەریوان بەگۆک، بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەریی کۆمەڵایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24 رایگەیاند، لە پێناو بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکان و بەدیجیتاڵکردنی تەواوی کارەکاندا سەرجەم خاوەن کۆمپانیا و پڕۆژەکان ئاگادار کراونەتەوە، پێویستە ژمارەی بێهاوتای بازرگانی (UPN) لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان و ژمارەی دیجیتاڵیی کەسیی بێهاوتا بۆ سەرجەم کرێکارانی خۆماڵی و بیانی لە بنکەکانی بایۆمەتری بەدەستبهێنن و دواتر لە رێگەی هەژماری تایبەتی پڕۆژەکانیانەوە لە سیستەمی دیجیتاڵی تۆماریان بکەن.

 مەریوان بەگۆک گوتیشی، خاوەنکار و کۆمپانیاکان بەرپرسن لە جێبەجێکردنی ئەم رێکارە و دەبێت سەرجەم کرێکاران و کارمەندانی کەرتی تایبەت و هەروەها خاوەنکار، کۆمپانیا و پڕۆژەکان ژمارەی بێهاوتایان هەبێت و پێشکەشی دەستەبەری کۆمەڵایەتیی بکەن. هاوکات جەختیکردەوە، بەپێچەوانەوە، دوای ئەو وادەیە هیچ مامەڵە و کارێکی کارگێڕی و یاساییان لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی دەستەبەری رایی ناکرێت و هیچ نووسراوێکی پشتگیری و ئەستۆپاکییان پێ نادرێت، هاوکات دووچاری رێکاری کارگێڕی و سزای دواکەوتنی بەشدارییەکان دەبنەوە.

سەبارەت بە ئاسانکاری بۆ کارمەندان، بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەریی کۆمەڵایەتی رایگەیاند، پێویستە خاوەنکار کارئاسانی بکات و مۆڵەت بداتە کارمەندەکانی تاوەکو بتوانن سەردانی بنکەکانی بایۆمەتری بکەن و ژمارەی بێهاوتا دەربکەن. لە ئەگەری پێنەدانی مۆڵەتدا، کارمەند دەتوانێت سکاڵا تۆمار بکات و خاوەنکار لە کاتی دواکەوتن لە وادەی دیاریکراو بەرپرسیار دەبێت. هەروەها هەر کارمەندێکی کەرتی تایبەت کە خاوەنکارەکەی داوای بایۆمەتریی لێ نەکردبێت، بە واتای ئەوە دێت کە ئەو کارمەندە لە دەستەبەری تۆمار نەکراوە و دەتوانێت راستەوخۆ پەیوەندی بە 5500ـەوە بکات و سکاڵا تۆمار بکات یان داوا لە خاوەنکارەکەی بکات تۆماری بکات.

مەریوان بەگۆک سوودەکانی ژمارەی کەسیی بێهاوتا (UPN)ی بۆ کوردستان24 روونیکردەوە و رایگەیاند، ئەم ژمارەیە دەبێتە ناسنامەی ئەلیکترۆنیی کارمەند بۆ سوودمەندبوون و پێشکەشکردن بۆ خزمەتگوزارییەکان بە شێوەی ئەلیکترۆنی لە داهاتوودا، هەروەها کارمەند دەتوانێت لە رێگەیەوە بزانێت چەند خزمەتی هەیە و مووچە و زانیارییەکانی دیکەی چین، بە شێوەیەک کە خاوەنکار بە ئاسانی نەتوانێت زانیاریی هەڵە تۆمار بکات یان ناوی لە دەستەبەری تۆمار نەکات.

بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەریی کۆمەڵایەتی ئەوەشی خستەڕوو، ئەم ژمارەیە لە کاتی بێکاربووندا لە داهاتوودا یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەدەستهێنانی کار و دەبێتە هۆی وردیی داتا و زانیارییەکان، پاراستنی باشتری مافەکانی کارمەندانی کەرتی تایبەت، ون نەبوونی خزمەتەکانیان و ناسینەوەیان بە ژمارەکانیان لە سیستەمی ئەلیکترۆنیی دەستەبەریدا، لەگەڵ رێگریکردن لە ناوی دووبارە و ساختەکاری، هەروەها خێرابوون و بەئەلیکترۆنیکردنی مامەڵەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی کە لە بەرژەوەندیی خاوەنکارانیشدایە تاوەکو بتوانن لە دوورەوە لە رێگەی سیستەمەوە مامەڵەکانیان بەڕێوە ببەن. لە کۆتاییشدا داوایکرد، ئێستاوە و تا رێکەوتی دیاریکراو سەردانی بنکەکانی بایۆمەتری بکرێت، چونکە رەنگە لێرە بەدواوە بەو هۆیەوە گوشار لەسەر بنکەکان دروست ببێت.